بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کۆبووەوە

2021-06-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئولریک شانۆن، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق.

لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لە بارەی دەرئەنجامی سەردانەکەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ھێز و لایەنە سیاسییەکان و باڵیۆز و دیپلۆماتکاران. ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، یەکڕیزی ماڵی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم تاوتوێکران.


بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەغدا گرنگی سیاسیی خۆی ھەیە و چالاکییە دیپلۆماسییەکانمان لە ناوەند زیاتر دەکەین و لە ھەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ بەدەستھێنانی مافەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.

لەگەڵ دۆستەکانمان لە پەیوەندیدا دەبین و ھەر ھێز و لایەنێکیش ویستی چاکسازی ھەبێت و بڕوای بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ھەبێت پێشوازی لێدەکەین. دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بدۆزینەوە و ھەمووان پێکەوە عێراق بەرەو کەناری ئارامی ببەین، ئەمەش پێویستی بە کۆدەنگی و یەکڕیزی سەرجەم لایەنەکانە.


سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق ھاوسەرۆک ڕایگەیاند، بە ڕاشکاوی بە ھەموولایەکمان ڕاگەیاندووە لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردین لە کات و ساتی خۆیدا و زەمینەی لە باری بۆ بڕەخسێنرێت لە پێناو سەقامگیری سیاسی و زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا.


لە تەوەرێکی تری دیدارەکە گفتوگۆ لە بارەی ئازادی ڕادەربڕین و سزادانی سیاسی و دەستگیرکردنی گەنجەکانی بادینانەوە کرا و بافڵ تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، ئەدەبیاتی یەکێتی خاڵییە لە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و بە ھەموو شێوەیەکیش دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و دانانی بەربەستین لە بەردەم کاری میدیایی. باوەڕی نەگۆڕمان بەوەیە زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ میدیاکاران تاوەکو پیشەییانە کاری خۆیان بکەن و سنوورەکانی ئازادی کەسی نەبەزێنرێت. چونکە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پێشخستنی دیموکراسی ھەرێمی کوردستان ئازادی بیروڕا و ھەبوونی میدیای سەربەخۆ و ئازادە.