خولی شەشەمی دانوستانەکانی ڤییەنا ڕێکدەخرێت

2021-06-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بڕیارە خولی شەشەمی دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستێبکاتەوە، ئێرانیش سوورە لەسەر ھەڵگرتنی تەواوی سزاکان لەسەری، ئەمریکاش دەڵێت ئەگەر ئێران نیازپاکی نەنوێنێت ھەنگاوی تریان دەبێت.

لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی شەشەمین خولی دانوستانەکانی "ڤییەنا" لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، "جیک سولیڤان" ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەکەیان لە قورسی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ "ئێران" کەم ناکاتەوە، چونکە پێشتر پێیدا تێپەڕیون.


وتیشی، ئێرانییەکان دەیانەوێت بەردەوامی بە دانوستانەکان بدەن لە پێناو گەیشتن بە ئەنجام، بەڵام ئەگەر بزانن نیازپاکی نانوێنێت، مافی خۆیانە ھەنگاوی تر بنێن.


لێدوانەکانی "سولیڤان" دوای لێدوانێکی "ویندی شیرمان" جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت کە وتبووی، ھەرچەندە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیھاتووە، بەڵام ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دانوستانەکانی "ڤییەنا"ی ئاڵۆز کردووە.  


لە لایەکی ترەوە، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و داوایان لە ئێران کردووە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ھەماھەنگی بکات و ھەموو ئەو کارانە ڕابگرێت کە پێچەوانەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەن، نیگەرانیشیان دەربڕی لەو کۆت و بەندانەی خراوەتە سەر کارەکانی ئاژانسەکە لە "تاران"، ھەر سێ وڵاتەکەش پابەندبوونیان بە دانوستانەکانی "ڤییەنا" دووپاتکردەوە.


دانوستانەکانی ڤییەنا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و ٥ خولی تەواو کردووە، بەڵام ھێشتا نەتوانراوە ئاستەنگەکانی بەردەم بوژانەوەی ڕێککەوتنەکە تێبپەڕێندرێن، "ئێران"یش مەرجی پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە دەبەستێتەوە بە ھەڵگرتنی تەواوی سزا سەپێندراوەکان لەسەری.