چەند بڕیارێک لە لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانییەوە

2022-07-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی چەند بریاڕ و رێنمایەکی نوێ بۆ رۆژانی جەژنی قوربان دەردەکات، لە نێوانیشیاندا سەربرینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و سەرشەقامەکان و بناری چیای گۆیژە قەدەغە دەکات.

لە راگەیەندراوێکی قائیمقامییەتی سلێمانیدا ئاماژەبەوکراوە، لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی قائیمقامیەت کۆبووەوە و باس لە چۆنیەتی گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی کرا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا و پەتای خوێنبەربوون، بۆ ئەوەی تەندروستی ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی پارێزراوبێت و ھاوڵاتیان بتوانن بە بەبێ گرفت  لە رۆژانی جەژندا قوربانیەکانیان ئەنجامبدەن.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەو ھەنگاوانە کرا، کە پێویستە لە رۆژانی جەژن بگیرێنەبەر بەمەبەستی پێشوازی کردن لەو گەشتیارانەی کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان روو لە شاری سلێمانی بکەن. 

ھەر بۆیە لە کۆتایی کۆبوونەوەکە لیژنەکە بریاریدا بە:

یەکەم: سلێمانی بە رووی گەشتیاراندا کراوە دەبێت. 

دووەم: کوشتارگاکانی سلێمانی لە رۆژانی جەژن بەردەوام کراوەدەبن، تاوەکو ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بتوانن قوربانیەکانیان لە کوشتارگاکان ئەنجام بدەن.

سێیەم: سەربرینی ئاژەڵەکان بەپێی رێنماییەکانی بەرێوەبەرایەتی ڤێتیرنەری سلێمانی دەبێت و ئاژەڵەکان پێش سەر برین پشکنینیان بۆ ئەنجام ئەدرێت و  دوای سەربرینیش پشکنین بۆ گۆشتەکەی ئەنجام ئەدرێت.

چوارەم: فرۆشتن و سەربرینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و سەرشەقامەکان و بناری گۆیژە قەدەغە دەبێت، و ھەرکەسێک ئەنجامی بدات رێکاری یاسای لەگەڵدا دەگیرێتە بەر.

پێنجەم: لیژنە ھاوبەشەکان بە ھاوکاری ھێزە ئەمنیەکان بەردەوام دەبن لە گەران و چاودێریکردن، تاوەکو سەرجەم بازار و دوکان و شوێنە گەشتیاریەکان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و پەتا گوازراوەکان بکرێن.