وەزارەتی ژینگەی عێراق ھۆشداری دەداتە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت

2022-07-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەھۆی پیسبوونی ژینگە، وەزارەتی ژینگەی عێراق ھۆشداری دەداتە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە کێڵگەکانی باشوری وڵاتەکە کار دەکەن.

"وەلید موسەوی" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کە لە کەرتی نەوت لە کێڵگەکانی باشوری عێراق کار دەکەن، پابەند نین بە پاراستنی ژینگە و ماددەی ٢٠ پێشێل دەکەن، داواش لەو کۆمپانیایانە دەکەن تەکنیکی نوێ بەکاربھێنن بۆ چارەسەرکردنی ئاستی پیسبوونی ژینگە کە لە ھەڵمەتەکانی دەرھێنانی نەوت و غازەوە زیادی کردووە.

راشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی بەسرە چەند کۆمپانیایەکی بیانی ئاگادار کردووەتەوە لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لەسەر کەش و ھەوا و تەندروستی گشتی.

بەسرە یەکێکە لە گەورەترین پارێزگاکان لە عێراق کە کێڵگەی نەوتی لەخۆدەگرێت و روبەڕووی کێشەی ژینگەیی گەورە بووەتەوە، چونکە ئاستی بەرھەمھێنان و سوتانی غاز لەو پارێزگایە زۆر بەرزە.