چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە وەڵامی موقتەدا سەدری دایەوە

2022-05-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە وەڵامی موقتەدا سەدری دایەوە و ڕایگەیاند، وتاری ھەڵچوون و سۆزداری چارەسەری کێشەکان ناکات جەختیشی کردەوە، کاندیدی سەربەخۆکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پەسەند دەکەن.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای پاڵپشتی لە ئاسایشی خۆراک و دواین پەیامی موقتەدا سەدر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەزیری دارایی لە بەردەم لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشنیازی پڕۆژە یاسای لە ناکاوی بۆ ئاسایشی خۆراکی کرد، بەڵام شۆکبوون کاتێک حکومەتی کاربەڕێکەر، پڕۆژە یاسایەکی بە زیاتر لە ٣٠ ترلیۆن دینارەوە ڕەوانە کرد، کە دامەزراندن یان پشتیوانی کۆمەڵایەتی لەخۆناگرێت و وەک جێگرەوەیە بۆ یاسای بودجە و خۆلادانی حکومەتە لە جێبەجێکردنی بریاری دادگای فیدڕاڵی لە بارەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییش بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای پاڵپشتی لە ئاسایشی خۆراک، ئاماژەیان بەوەکرد، حکومەتی کاربەڕێکەری ڕۆژانە، دەسەڵاتی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای نییە و ئەوان ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرن.

چوارچێوەی ھەماھەنگی، لەبارەی پڕۆسەی سیاسیەوە ڕایگەیاند، ھەڵچوون و لێدوانی گرژ، کێشەکان چارەسەر ناکەن و خزمەت بە ھاووڵاتیان ناکەن.

ڕاشیگەیاند، ئەوان پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەکەن و ئامادەن کاندیدی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بە پێی مەرجەکان، پەسەند بکەن، داواشی لە ھەموو لایەنە سیاسیەکان کرد، دەستبەرداری سیاسیەتی قۆرخکاری و تاکڕەوی لە دەسەڵات ببن و پێشوازی لە دەستپێشخەری سەربەخۆکان بۆ کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسی بکەن.