ڕوانگەی سوریی: بە درۆن ھێرشکراوەتەسەر بنکەیەکی ھاوپەیمانان لە پارێزگای حەسەکە

2024-08-10   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
لە ناوچەی ڕومێلان سەر بە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بە درۆن ھێرشکرایەسەر بنکەیەکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مڕۆڤ ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکەیەکی سەربازیی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەی ڕومێلان لە حەسەکە بە درۆنێک کراوەتە ئامانج.

دەشڵێت، درۆنەکە لەلایەن ھێلیکۆپتەری ئەمریکیەوە لە ئاسمان تێکشکێندراوە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکاوە ڕایگەیاندوە، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا بە درۆن ھێرشیکراوەتەسەر، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانی گیانی نەبووە.

پەیامنێری کوردسات نیوزیش ڕایگەیاند، ھێزێکی تایبەتی ھەسەدە بە پشتیوانی ھاوپەیمانان ئۆپراسیۆنێکی ئەنجامدا و ژمارەیەک چەکدار و داواکراو لە دەوروبەری حەسەکە دەستگیرکران.