بەردی بناغەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆچۆ لە شەنگال دانرا

2024-09-05   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
سەرۆک وەزیرانی عیراق دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆجۆی لە قەزای شەنگال راگەیاند.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لەگەڵ لێپرسراوانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆجۆی ھاوچەرخ لە شەنگال و رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە لەساڵی ٢٠٢١ەوە وەستاوە و ئەمڕۆ دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت کە ئەو گوندە شایستەیە بۆ گەڕانەوەی ژیان و سەقامگیری لە شنگال کە دانیشتوانەکەی ئێزدین.
سودانی جەختی لەوەشکردەوە، حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە و چەند نەخۆشخانەیەکش لە شەنگال دروستدەکرێن لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی رەبیعە کە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ پارەیان بۆ تەرخانکراوە.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا تیرۆرستانی داعش گوندی کۆجۆیان داگیرکرد کە سەرجەم دانیشتوانەکەی ئێزدین و سەدان ھاووڵاتیان کوشت و کچ و ژنەکانی ئەو گوندەیان رفاندن کە تائێستا ژمارەیەکیان چارەنووسیان نادیارە.