چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی دۆسیەی گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی لە نوسینگەی سودانی کۆبووەوە

2024-09-05   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان پێشێلکارییەکانی ژمارەیەک کارمەندی نوسینگەی سودانی تاوتوێکرد و دەڵێت، پشتیوانی لێکۆڵینەوەکانی دادگا دەکەن.

کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە نوسینگەی موحسن مەندەلاوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت بەڕێوەچوو لە راگەیەندراوێکیشدا ئەوەیان خستەڕوو، گوێیان لە راپۆرتێکی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق گرتووە، سەبارەت بە پێشێلکاری ژمارەیەک لێپرسراوانی نوسینگەکەی و سودانی جەختیکردووەتەوە لە گرنگی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا و پشتیوانی دادگاشیکرد لە لێکۆڵینەوەکان و رێکارەکانی لەوبارەیەوە. 

چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوەکەدا پشتیوانی بۆ ھەوڵەکانی حکومەتیش دەربڕی بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و رێکارەکانی دادگا. 

ھاوکات ئیبراھیم سەمیدعی راوێژکاری سەرۆک وەزیران لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، سێ کەس لەسەر دۆسیەی گوێگرتنی لە پەیوەندی تەلەفون دەستگیرکراون، کە یەکێکیان وێنەگرە و ١٢ ساڵە لە نوسینگەی سودانی کار دەکات.  

دۆسیەی گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی چەند لێپرسراوێکی عیراقی لە مانگی رابردووەوە گەرم بووە، تائێستاش ئەوانەی گوێیان لێگیراوە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٣٠ کەس.