بانکی ناوەندیی عیراق و کۆمپانیایەکی ئەمریکی پێداچوونەوە بە دۆخی بانکە سزادراوەکان دەکەن

2024-08-31   |  
فۆتۆ: 
لاوان
بانکی ناوەندیی عیراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئیمزاکرد، بۆ گەڕاندنەوەی بانکە سزادراوەکان بۆ سیستمی بانکی.

بانکی ناوەندیی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدەکەی بانکی ناوەندیی بە سەرۆکایەتی عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە نیویۆڕک زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە و تێیدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەنگاوەکانی عیراق بە ئاڕاستەی بەکارھێنانی کارتی بانکی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەفدەکەی بانکی ناوەندی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ھەریەک لە کۆمپانیاکانی ڤیزا و ماستەرکار و مۆنی گرام کۆبووەتەوە و ھەروەھا کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی "کەی پی ئێم جی" شیکارییەکی فراوانی لەسەر بەکارھێنانی کارتی بانکی لە عیراق خستووەتەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوەکە، وەفدەکەی بانکی ناوەندیی لەگەڵ کۆمپانیای " ئۆلیڤەر وایمان" گرێبەستێکی کردووە بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی بانکە عیراقییەکان لەنێویاندا ئەو بانکانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەغەکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیاکە کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بە ئامانجی گەڕاندنەوەی بانکە سزادراوەکان بۆ سیستەمی بانکی عیراق و نێودەوڵەتی.