سوپای عیراق لەسەر خستنەخوارەوەی درۆنەکەی تورکیا جێگری فەرماندەی بەرگری ئاسمانی دەستگیردەکات

2024-08-31   |  
فۆتۆ: 
یەحیا
سوپای عیراق لەسەر روداوی خستنە خوارەوەی درۆنەکەی تورکیا جێگری فەرماندەی بەرگری ئاسمانی دەستگیردەکات و تورکیا ھێڵێکی گەرم بۆ لێکۆڵینەوە لە تێکشکانی درۆنەکەیان پێکدەھێنێت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سوپای عیراق دەستگیرکردنی فەریق عەبدولسەلام حەمودی، جێگری فەرماندەی بەرگری ئاسمانی ناوچەی باکوری ڕاگەیاندووە دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی لە خستنەخوارەوەی درۆنە تورکیەکە لە کەرکوک لەئەستۆگرتووە.

رۆژنامەی تورکیا بڵاویکردەوە، لەدوای ڕووداوەکە، ئەو فەرماندەیە دەستگیرکراوەو لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی و کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی ھەواڵگری و بەرگری عیراق و تورکیا ئەنجامدراوە.

ڕاپۆرتەکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، درۆنەکە لەژێر کاریگەریی لایەنە ناکۆکەکان خراوەتە خوارەوە وەک ھەوڵێک بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.

سەرچاوەیەکی باڵای عیراقی ئاشکرایکردووە، ئەنقەرە لەسەر ئەو روداوە، ھێڵی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ بەغداد کردوەتەوەو نایەوێت ھیچ پەرەسەندنێکی نوێ دروست ببێت.