ئەو کەسانەی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ئاوارەبوون بۆ ئێران قەرەبوو دەکرێنەوە

2کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەوکەسانەی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ئاوارەبوون بۆ ئێران قەرەبوو دەکرێنەوە و پارە و زەوییان پێدەدرێت.

ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی گرنگ لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەنجامدرا بۆ چۆنێتی راییکردنی مامەڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی رژێمی پێشووی عیراقدا ئاوارەی ئێران بوون.

کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و ئامادەبوونی بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەر کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەڕێوەچوو. 

باس لەو کارئاسانی و رێکارە کارگێڕییانە کرا کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی ئەو کەسانەی لەساڵی ١٩٦٨-٢٠٠٣ بەھۆی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە ئاوارەی ئێران بوون و گەڕاونەتەوە.

بەپێی ڕێنماییەکان ھەموو ئەو کەسانە، دوای ئەوەی بەڵگەی پێویستیان بەردەست دەبێت و لەلایەن باڵیۆزخانەی عیراق لە تاران یان کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی راساندن(تێدیق)ی بۆدەکرێت، لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە پشگیرییان دەکرێت و بەنوسراو دەنێردرێت بۆ نوسینگەی سلێمانی کۆچ و کۆچبەران و لەڕێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی ناوەندەوە قەرەبوو دەکرێنەوە.

بەپێی رێنماییەکان قەرەبووەکان پێکھاتووە لە پێدانی بڕێک پارە وەکو مینحەو پارچەیەک زەوی و گەڕاندنەوەیان بۆسەر کاری پێشووی حکومییان و خانەنشین کردنیان.