ھەرێم کەمال ئاغا جەخت لە پاڵپشتیکردنی داواکاری رەوای مامۆستایان دەکاتەوە

21کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ ھەرێم کەمال ئاغا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی، پێشوازیی لە وەفدێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی خانەقینی کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، ھەرێم کەمال ئاغا ستایشی رۆڵی ماموستایانی خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی ماددەی ۱٤۰ کرد کە ماوەیەکی درێژە بەدەست نەناردنی موچەوە دەناڵێنن، سەرەڕای کێشە و گرفتەکان ئەرکی نیشتیمانی و پەروەردەیی خۆیان بەو پەری دڵسۆزیەوە لە پێناو نەوەکانی داھاتوو ئەنجامداوە.

لایخۆیانەوە وەفدی سەردانیکار کۆمەڵێک داواکاریان پێشکەشی فراکسیۆنی یەکێتی کرد لە نێوانیاندا کێشەی پلەبەرزکردنەوە و چەند کێشەیەکی تر، بەوپێیەی کە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەن. 

ھەرێم کەمال ئاغا، جەختی لە پاڵپشتی داواکاری مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کردەوە.

بەڵێنیشی دا ھەموو ھەوڵەکان دەخەنەگەر بۆ جێبەجیکردنی بڕگەی ۲۱ لە کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، کە تایبەتە بە گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدڕاڵ.