یەکێتی: ھەولێر لە دۆخێکی ژینگەیی زۆر خراپدایە و ئیدارەی شارەکە بێباکە لەبەرامبەری

21کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتی رایگەیاند، ھەولێر لە دۆخێکی ژینگەیی زۆر خراپدایە و ئیدارەی شارەکە بێباکە لە بەرامبەر پیسبوونی و ھەوڵدەدات پاڵاوگە نایاساییەکان بکاتە یاسایی.

مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەولێر لە دۆخێکی ژینگەیی زۆر خراپدایە و مەترسی پیسبوونی ژینگەی گەورەی لەسەرە و ئیدارەی ھەولێر نەک ھەر بێباکە لەبەرامبەر پیسبوونی ژینگەی شارەکە، بەڵکو لە ھەوڵی ئەوەدایە پاڵاوگە نایاساییەکان بکاتە یاسایی، لەکاتێکدا رێژەی سەوزایی و دارستانەکان و پارکەکان دەرەقەتی ئەو دووکەڵە نایەت و لە دەرەوەی ستانداردی جیھانین.

وتیشی، لە ھەولێر نزیکەی ٣٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی و سێ ھەزار مۆلیدە ھەیە و یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل بە بەنزین و گاز کار دەکەن کە دووکەڵێکی زۆر خراپیان ھەیە و ژینگەی ھەولێر پیس دەکەن و دەبێتە ھۆی مردنی پێشوەختە و نەخۆشی شێرپەنجە.

ھەروەھا مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتی راشیگەیاند، بە دەنگی دلێری ھەولێرییەکان کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و دووکەڵی ژەھراوی دەھێنن.