زانیاری نوێ لەسەر کۆبوونەوەکانی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پارێزگای کەرکوک

2024-09-17   |  
فۆتۆ: 
هادی
لیژنەی ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، زیاتر لە ٣٠ ماددەی ھەموارکردوەتەوە و کۆبوونەوەکانی بۆ ھەموارکردنەوەی تەواوی ماددەکان بەردەوام دەبێت.

پەروین فاتیح، ئەندامی لیژنەی پەیڕەوی ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبونەوەکانیان بۆ ھەموواری ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەکە بەردەوامە، تائێستا لە کۆی ٧٦ ماددە، زیاتر لە ٣٠ ماددەی ھەموارکراوەتەوە، چەند ماددەیەکیش بەھۆی ئەوەی یەک واتایان ھەیە رەتکراونەتەوە.

وتیشی، رەشنوسی ھەمواری ماددەکانی تریش ئامادەکراوە، بە تایبەت ماددەی ٣٥ کە تایبەتە بە پێکھێنانی لیژنەکان، لە ناویاندا لیژنەی یاسا و دەسپاکی و ئاسایش و بەرگری، کە تەواوکەری کارەکانی یەکترین بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.

پەروین فاتیح راشیگەیاند، حەوت کەس بۆ ھەمواری پەیرەوی ناوخۆ ھەڵبژێردراون، ٥ کەسیان ئامادەی دانیشتەکانی ھەمواری پەیڕەوەکەبوون و کۆبوونەوەکانیش بۆ ھەموارکردنەوەی تەواوی ماددەکان بەردەوام دەبن.