جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێک لە کاسبکاران و کەسایەتیی و چین و توێژە جیاجیاکانی سلێمانی کۆبووەوە

2024-08-31   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ شەممە ٣١ی ئاب، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە بارەگای ئەنجومەن، بەئامادەبوونی زیادی شەھید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم، پێشوازییکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و کەسایەتیی سەر بە چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لە رۆڵی کاسبکاران و کرێکاران و تەواوی رەنجدەرانی بازوو کرد لە شۆڕش و راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستاندا بە گشتی و لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەتایبەتی کە لەو رێگەیەدا ھەزاران کەسیان خوێنی گەشی خۆیان پێشکەش بە خاک و نیشتمان کردووە و ئەوان پایەیەکی سەرەکی پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانن.

پاشان ئاماژەی بەوەکر، کە لە زۆربەی کابینەکانی حکومەتی ھەرێمدا، کەم و زۆر خزمەتگوزاریی پێشکەش بەخەڵک کراوە و دەستی ئاوەدانی بە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم گەیشتووە، بەڵام لەم کابینەیەی دواییدا کە یەکێتی بەشدارێکی کارا نەبووە تێیدا، پرۆسەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی سستی بەخۆیەوە بینیووە، ھاوکات نەک ھەر نەتوانراوە ئاسانکاریی بۆ ئیشوکاریی کاسبکاران بکرێت، بەڵکو باج و رسوماتیان لەسەر زیادکراوە، ئەوەش بووەتە مایەی ناڕەزایی و زویربوونی بەشێک لەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگەی کوردەواریی، جگە لەوەش بەھۆی گرفتی کەم مووچەییەوە ئەوەندەی تر کۆسپ و لەمپەڕ بۆ کەسابەت و بازاڕ درووست بووە.

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، "جەختیشیکردەوە کە بۆ نەھێشتنی ئەو ستەمەی لەسەر کاسبکاران و چینی کرێکاران بەگشتی و چین وتوێژەکانی تر ھەیە، پێویستە کاری جددی بکرێت بۆ گۆڕینی ھاوکێشەی سیاسی و ھێنانەکایەی ھاوسەنگیی سیاسی و حکومەتێکی گەلپەسەندی ئەوتۆ کە لەڕێیەوە جارێکی تر بگەڕێینەوە ناو خەڵک و بتوانین بەچەشنێکی شایستە خزمەتیان بکەین و ژیان و گوزەرانیان بەرەو باشتر ببەین".

باسی لەوەشکرد، "کە دەبیستین و دەبینین ھەندێک ھێرشی تووند دەکەنەسەر حکومەتی ھەرێم، ئەگەرچی مافی خۆیانە بەوپەڕی ئازادییەوە رەخنە بگرن، بەڵام نابێت ئەو راستییە لەیاد بکەن کە ئەم حکومەتە بەری فیداکاریی و خوێن بەخشینی کۆمەڵانی خەڵکە، بۆیە دەبێت پارێزگاریی لە حکومەت بکەین و رەخنە لە دەسەڵات بگرین، بەمەبەستی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە ھەرێمەکەماندا".
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا و دابان شەدڵە باسیان لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە کەموکورتییەکانی حکومڕانی لە ھەرێم کردو لەو رووەوە، رەفعەت عەبدوڵا ئەوەی خستەڕوو کە تەواوی چین و توێژەکان کێشە و مەینەتییان لەگەڵ ئەم کابینەی حکومەتدا ھەیە و گرفتی مووچەی بە نموونە ھێنایەوە کە یەکێتی ھەوڵدەدات لەڕێی بەغدادەوە چارەسەری بکات، بەڵام ئاستەنگی بۆ درووست دەکرێت، دابان شەدەڵەش ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی زۆری شاندە دیپلۆماسییە نێۆدەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆیان لەئاست بارودۆخی حکومڕانی خۆمان دەردەبڕن، بۆیە پێویستە ھەوڵی لێبڕاوانە بدرێت بۆ گۆڕینی واقیعی سیاسی ھەرێم.

لەکۆتاییشدا ژمارەیەک لە کاسبکاران، بیروڕا و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بەئیشوکارەکانیان دەربڕی، ھەروەک ھەندێک لە کێشەو گرفتەکانی بەردەم کارەکانیان خستەڕوو و داوای چارەسەکردنیان کرد و پێدرا کە کاری پێویستیان لەسەربکرێت.