پەیامی مەکتەبی سیاسی لە یادی ٣٦ ساڵەی شەھیدبوونی سەرکردە ئازاد ھەورامیدا
2024-08-31
|
کوردسات نیوز
سی و شەش ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سمبولێکی تری تێکۆشان و کوردایەتی کردە قوربانیی خاکی کوردستان
دەقی پەیامەکە:
سی و شەش ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سمبولێکی تری تێکۆشان و کوردایەتی کردە قوربانیی خاکی کوردستان، ئیمڕۆ یادێکی تری خەمناک دەکەینەوە کە ساڵرۆژی گیانبەخشینی سەرکردەی یەکێتیی و رۆڵەی گەلەکەمان کاک ئازاد ھەورامیە کە لە رۆژی ٣١ ی ئابی ١٩٨٨ وپاش نەبەردییەکانی چەند رۆژەی دامێنی زنجیرە شاخی قەندیل لە سەرشێخانی باڵەییان شەھید بوو.
کاک ئازاد ھەورامی ھەرچەندە بنەچەیان ھەورامی بوون بەڵام لە شاری کەرکوک و لە خێزانێکی کرێکار چاوی بە دونیا ھەڵھێنابوو، بۆیە ھەر لە ھەڕەتی لاوێتیەوە ئاسۆی بیرکردنەوەی لە ناو ستەمی چینایەتی و نەتەوەییدا گەشەی کرد و لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە تێکەڵاوی کاری سیاسی و کوردایەتی بوو
لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھەڵگیرساندنی شۆرشی نوێدا ، کاک ئازاد ڕووی کردە شاخ و وەک تێکۆشەرێکی سیاسی چەکدار بەناوی روناککەرەوە لە تاریکیدا، بەھەلوێست لە دەرەتانیدا ، ئازا لە نەبەردیدا، ئاشتیخواز لە ناکۆکیدا ناسرا بوو،لەبەر ئەو سیفاتانەی شەھید ئازاد ھەرزوو چەندین ئەرکی لێپرسراوێتی پێشمەرگانەو سیاسی و رۆشنبیریی پێسپێردرا ولەناو ھێزی پێشمەرگە و گوند نشینەکانی ناوچە رزگارکراوەکاندا کەسێتیەکی خۆشەویستی ھەبوو .
وێرای بوونی خەسڵەتەکانی سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ کە لە کاک ئازاددا کۆبوبونەوە ئەدەب دۆستێکی شارەزا و موزیسیانێکی لێھاتوش بوو کە لەناو ئەدیب و ھونەرمەندانیشدا جێگەی تایبەتی ھەبوو .
ئەم جوامێرەی کوردایەتی و شۆڕش ، ئەم سەرکردە بوێرەی گشت قۆناغەکان بەشەھید بوونی کەلێنێکی گەورەی خستە ناو یەکێتی و شۆڕشەوە ، بەڵام ناو و یادگاریەکانی بۆ ھەمیشە لەناو بیر و ھزری تێکۆشەرانی یەکێتیدا ھەر بەزیندوویی ماوەتەوە و پەیامەکەی بە بەردەوامی دەمێنێت .
درود بۆ رۆحی بەرزە فڕی شەھید ئازاد و تێکڕای شەھیدانی کاروانی خەباتی رزگاری و سەرفرازی کوردایەتی و یەکێتی
|