سەرۆکایەتی ھەرێم: ھەڵەی کەسێک نابێت بە ھەڵەی ھەموو پەیڕەوانی ئاینێک لە قەڵەم بدرێت

2024-08-09   |  
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەڵیت ھەڵەی کەسێک لە ھەر ئایینێک بێت، نابێت بە ھەڵەی ھەموو پەیڕەوانی ئاینەکە لە قەڵەم بدرێت.

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاردانەوەیەکی فراوان بەرامبەر بە لێدوانێکی نادروستی کەسایەتییەکی ئێزدی ھاتە ئاراوە و جەختدەکەنەوە ھیچ جۆرە پێشێلکاری و بێڕێزییەک بەرامبەر بە ھەر بیروڕا و ئایینێک قبوڵکراو نیەو لە ھەمانکاتیشدا ھەڵەی کەسێک لە ھەر ئاینێک بێت، نابێت بە ھەڵەی ھەموو پەیڕەوانی ئاینەکە لە قەڵەم بدرێت، بۆیە دەبێت ھەموو لایەک پابەندی کولتووری یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی و پێکەوەژیان بن و ڕێگە لە دروستبوونی گوتاری ڕق و کینە و نکۆڵیکردن بگیرێت. 

ڕاشیگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی، ھەموو لایەکیش دڵنیا دەکەنەوە کە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەمیشە وەک نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە و ھیچ پاساوێک بۆ نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و دروستکردنی ھەڕەشە بۆ سەر ھاووڵاتیان و  پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان قبووڵ ناکرێت.