دوو کارمەندی ئاسایش لەرووبەڕوونەوەیەکدا لەگەڵ چەند چەکدارێک لە قەرەداغ شەھیدبوون

2024-08-09   |  
فۆتۆ: 
هادی
دوو کارمەندی ئاسایش لەرووبەڕوونەوەیەکدا لەگەڵ چەند چەکدارێک لە قەرەداغ شەھیدبوون، چەکدارەکان دەیانویست شوێنەواری نەخشی دەربەندی گاور لە قەرەداغ ببەن.

دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ناوچەی قەرەداغ دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بەمەبەستی دەرھێنان و بردنی نەخشی دەربەندی گاور لە قەرەداغ لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایش شەھیدبوون.

بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئێستادا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.

ھاوکات رەئووف کەمال قائیمقامی قەرەداغ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سنووری قەرەداغ رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزێکی ئاسایشی سلێمانی و چەند چەکدارێکدا روویداو بەھۆیەوە دوو کارمەندی ھێزەکانی ئاسایش شەھیدبوون.

وتیشی، تۆمەتبارەکان دەستگیرنەکراون و ھێزە ئەمنییەکان گەڕان و لێکۆڵینەوەی چڕیان لە ناوچەکە دەستپێکردووە.