ھێرۆ خان سیمبولی تێکۆشانی ژنی کورد و شۆرشی نوێ..

02/06/2023
2295 جار خوێندراوەتەوە

رێبین عومەر

ھێرۆخان وەک سیمبولی کەسایەتی بەرزی ژنی کورد دەردەکەوێت؛ ئەم خاتوونە پێشمەرگەو خەباتگێڕە وەک چیایەکی سەخت بەگژ تاڵی کوردبوون و داگیرکەرانی کوردستان وەستایەوەو نەسرەوت بۆ یەک چرکەش لە خەبات نەوەستا؛ ژیانی دادە ھێرۆ وەک ئەو گوڵە وایە لەناو بەردو تەڵاشەبەردی رەق سەردەردەکات؛ لە لایەک بەگژ محاڵ دەچێتەوە و وجودی کوردبوون دەسەلمێنێت؛ لە ئالییەکی دی جوانی و ئینسانیەت و کارکردن بۆ بەھا باڵاکانی مرۆڤایەتی فەرامۆش ناکات و لەخۆیدا دەیگەیەنێتە لوتکە؛ ھێرۆخان.. وەک شۆرشگێڕێکی کورد و ژنێکی بەھرەمەند بە نیشتمان پەروەردی؛ بەئەندێشەی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدی خەباتگێڕو بیر رووناک و بە دنیا بینینی فراوان و حەکیمانەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی گەشەی بەخەباتی نەتەوەی دا بۆ کوردستان ژیا؛ بووە سیمبولی قارەمانێتی و تێکۆشانی ژنانی کورد؛ سەلماندی ئەوانیش ھیچیان لە ھێزو بیری پیاوان کەمترنییە لە مەیدانی خەباتدا.

 دەست بەرداربوون لە ژیانی شەخسی و کارکردن بۆ بەھا باڵاکانی نەتەوە لوتکەی ھەڵوێستی ئەم ژنە خەباتگێڕەی کوردە؛ کە ئێستا ئەم ناوە مۆدێلێکی بەرزی خۆراگرو تێکۆشانەی ژنی قارەمانی کوردە.

 لە قەندیلەوە تا کۆشکی سەلام؛ سەلماندی “لەپشت ھەرپیاوێکی بەھێز ژنێک ھەیە”ھێرۆخان ئەو ژنە سەنگینەی رێگەی کوردایەتییە، کە خۆشەویستی خاک و گەلی کردە ووزە بۆ سەرخستنی ئامانجی شۆرش و خەباتی رەوای نەتەوەکەی؛ لە چیا بێ سڵکردنەوە لە مردن تۆماری نەھاتی و خەباتی گەلەکەی کردو ئەو ئەرشیفەی دەوڵەمەندکرد؛ وەک شازادەیەک نەژیا..وەک پێشمەرگەیەکی خاکی لەبن تەڵاش ژێر رەشەبا و سەرماو بەستەڵەک و سەختی خەبات ژیانیکرد.

 لەشار ئەم شاژنەی کوردایەتی؛ بەشی زۆری کارەکانی مەدەنی و ئینسانی و پێشکەوتن و پتەوی بناغەی ئەم کوردستانەبووە؛ منداڵپارێز؛ خاک؛ کوردسات؛ ئەمنەسورەکە؛ سەرا؛ زاموا؛ سەنتەری گەنجان، پیرخانە، بێ لانەکان، شەڵتەری ژنان، بایەخ بە ھونەرمەندان ، پاراستنی شوێنەواری ئەم وڵاتەو زانکۆکان و کەرتی پەروەردە..و زۆر زیاتریش کاری لە پێشینەی ئەم سەنگینەی کوردایەتی بووە. کە تەواوی ژیانی بەخشیوە بەگەل و وڵات.