گشتمان کەرکوکین

13/12/2023
288 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

.

((نەھێشتنی دەسەڵاتی خۆسەپێن و سەرکەوتنێکی مێژوویی))

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە شاری کەرکوکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەیە و لە نزیکەوە دۆخی شاری کەرکوک دەبینێت و گوێ لە بۆچوون و پێشنیار و داواکارییەکانی ھاوڵاتیانی شارەکە دەگرێت. ھەروەک پشتگیری لە سەرخستنی ھاوپەیمانی (ھێز و ئیرادەمانە) و بەھێزترکردنی سەنگەری نیشتمانی دەکات و پەیامێکی دیرۆکی بۆ کەرکوکیەکان دەبێت و لەبەردەم دەیان ھەزار ھاوڵاتی شارەکە دەڵێت ئێوە بە تەنیا نین و پێشتر رامانگەیاندووە کە کەرکوک ھێڵی سورە و شاری پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە رەسەنەکانی شارەکەیە، ئەمڕۆش سوربوونی خۆمان لەسەر ھەمان رێباز دووپات دەکەینەوە و پێتان دەڵێین ئێوە و شارەکەتان بەجێ ناھێڵین و گشتمان کەرکوکین و بەیەکەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار دەکەین. لە ھەمان پەیامدا دەڵێت ئێمە لە کەرکوک رکابەری ھیچ لایەنێکی کوردستانی ناکەین و ھەوڵێکی زۆرماندا بۆ ئەوەی بەیەکەوە ھەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە یەک لیست بەرپرسیارێتییەکی گرنگی مێژوویی و نیشتمانی بیخەینە سەرشانی خۆمان و لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا و لەڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە گفتەکانی خۆمان بە کردار جێبەجێ بکەین و کەرکوک و کەرکوکییەکان لەم دۆخە نائاساییە (ئیداری، ئەمنی، خزمەتگوزاری)یەی کە تێیکەوتوون دەربازیان بکەین، بۆ ئەو مەبەستە بەبێ مەرج چەندین جار دەستی ئاشتی و ھەماھەنگی و تەباییمان درێژ کردووە و سەردانی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانمان کردووە.

بەداخەوە وەکو پێویست بە پیر پەیامی ئێمەوە نەھاتوون. بۆیە ئێمە وەکو ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە بە پشتیوانی جەماوەری نیشتمانپەروەری کەرکوک ئەو ئەرکەمان خستۆتە سەرشانی خۆمان و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە سەرقاڵی بەھێزترکردنی سەنگەری کوردایەتین و ئەو پێشوازییە گەرم و فراوانەی جەماوەری کەرکوکیش لە سیاسەتی راست و دروستی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک دڵمان خۆش دەکات کە چاوەڕوانی سەرکەوتنێکی گەورە بین و وەک ھەمیشە بە شێوازی دەنگدان جارێکی دیکە ناسنامە راستەقینەکەی شارەکە بپارێزین.

لەلایەکی دیکەوە ئەم سەردانەی ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ کەرکوک و کۆبووەنەوە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکە بەڵگەیەکی بەھێز دەبێت کە جیاوازییەکانی نێوان سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان دەخاتە روو. جیاوازییەکە لەوەدایە کە یەکێتی لە ھیچ کات و سەردەم و دۆخێک دا لە کەرکوک و کەرکوکیەکان دانەبڕاوە و درێژە بە ھەمان رێباز دەدات کە سەرۆک (مام جەلال) لە شارەکە پەیڕەوی دەکرد. جیاوازییەکی دیکە ئەوەیە کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی لە دورەوە، لە (سلێمانی، ھەولێر، دھۆک، ھەڵەبجە)وە پەیام بۆ کەرکوک و کەرکوکیەکان نانێرێن، بەڵکو سەرکردەکانی یەکێتی لەگەڵ کەرکوکیەکان دانەبڕاون و لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەواندا دەژین و بەیەکەوە زامی کەرکوک سارێژ دەکەن و لەناو ئاپۆرای جەماوەری شارەکە بە دەنگی دلێر دەڵێن کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە. ھەروەک دەڵێن ئێمە لە دورەوە پەیام بۆ کەرکوک نانێرین، بەڵکو لە کەرکوکەوە لەگەڵ کەرکوکییەکان  پەیام بۆ ھەموو لایەنێک بڵاودەکەینەوە وپێیان دەڵێین لەم ھەڵبژاردنەدا ئیرادەی پێکەوەژیان و سەقامگیری و نەھێشتنی جیاکاری و چەسپاندنی مەبدەئی شەراکەت و کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و فەراھەمکردنی ئیدارەیەکی خزمەتگوزار سەردەکەوێت. 

ئێمە بە پشتیوانی جەماوەری نیشتمانپەروەری کەرکوک، بە بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەو پەیامە خەوش و نابەرپرسیارانەی کە لە دورەوە بڵاو دەکرێنەوە بۆ مەرامی ساردکردنەوەی دەنگدەری کەرکوک قۆڵمان لێھەڵماڵیوە تاوەکو لە رۆژی ١٨/١٢/٢٠٢٣ بتوانین بە بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین کورسی کەرکوک سەر بخەین، سەرکەوتنی ئێمە دەبێتە سەرکەوتنی ھەموو گەلی کوردستان. ھەروەھا دەبێتە سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوکە چونکە لەڕێی ئیدارەیەکی نوێ و پارێزگارێکی کوردەوە بە بێ جیاوازی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و تەبایی و پێکەوەژیان بۆ ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی شارەکە درێژ دەکەین و بەیەکیشەوە دەڵێین گشتمان کەرکوکین.