دەمامکدانی نیشتیمان!

30/11/2023
376 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵا

هێشتا لە کوردستان بەتەواوی ئاسەواری بەعارەبکردن نەسڕاوەتەوە، کەچی دیاردەیەکی مەترسیدار تر سەریهەڵداوە. دەڵێم مەترسیدارتر، چونکە ئەوەی ئێستا دەکرێ بەدەست و خواستی خۆمانە. 

ئێمە ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ریکلامە بازرگانییە سەرمادارییەکان دەبینین و هەر ڕۆژە و ناوێکی نوێی بیانی بەسەر گەڕەکێک یان ئاوایەکی نوێدا دەسەپێندرێ! ئەو ناوە نوێیانە نەک هەر بە مێژوو و کلتوری نیشتیمانی ئێمە نامۆن، بگرە هەندێکیان بە ئاسانی هەر لەبەر ناکرێن و گۆکردنیشیان زەحمەتە.

بێگومان، بنیاتنانی شار و گوند و ئاوایی نوێ مایەی خۆشحاڵی و ستایشە، بەڵام کاتێک ناوی بەشێک لەو ئاواییە نوێیانە دەبیسین شۆک دەبین  و سەرمان سوڕدەمێنێ. لەوەش خراتر مێش میوانی دەسەڵات نییە و بگرە هاندەریشە. 

مخابن تا ئێستا نەمزانیوە شارەوانییەک، ئەکادیمیای کوردی، دەزگایەکی ڕۆشنبیری لەبەرامبەر ئەو دیارە نامۆ و مۆدێلە پشت شکێنە بەدەنگ هاتبێ. شار کراوەتە سیتی و گوند کراوەتە فیلیج و ئاواییەکان بەناوی ئیتالی و ئەمریکی و ئیسپانی و ئینگلیزی و تەرەماش دەکرێن!

ئەرێ گەلۆ ئەوە دەمامکدانی ڕوویی گەشی نیشتیمان نییە؟

کورد دەڵێ: ئاو و ئاوەدانی، ئاواییش ئەو شوێنەیە کە مرۆڤی لێ نیشتەجێیە، کەچی هەروا بەسوک و ئاسانی دەستبەرداری ئەو چەمکە مێژووییە کوردەوارییەی خۆمان دەبن و دێن هەندێ ناوی نارەسەن هەڵدەبژێرن و دەیسەپێنن.

لەم یەک دوو رۆژە ریکلامێکم بینی بۆ ئاواییەک دەکرا( بۆ نموونە) بەناوی تولیپ! ئایا بۆچی تولیپ؟ لە کاتێکدا تولیپ جۆرێکە لە شلێر و مێلاقی خۆمان. ئایا ئەو ئاواییە بەناوی شلێر یان مێلاق کرابایە جوانتر و رەسەنتر نەبوو؟ 

بە کوردی دەگوتری ئاوایی... ژاراوە، مەمکاوە، ئاشاوە، بەرزاوە ئەوانە و دەیان ناوی تری سەرتاسەری کوردستان، کەچی بەداخەوە خەریکە شار و ئاواییەکانمان لە جیاتی تەعریب تەغریب دەکرێن!