مەسروور بارزانی بڕیاردەدات و محەمەد سەعید سەحافیش دەیگەیەنێت

27/04/2023
5225 جار خوێندراوەتەوە

کاروان گەزنەیی

کابینەی (٩) کابینەیەکی ئەمنی پارانۆیدە، و پڕیەتی لە زھنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینە سازی بۆ دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و کوشتن و بڕین؛ ئەم ھەموو ڕووداوی کوشتن و لێدان و ئەتککردنەش، مسۆگەر دەرھاویشتەی زھنیەتی ئیدارەدانی کابینەکەیە.

ئەم کابینەیە ھەر لە ئیدارەدانەوە بگرە تا دەربڕین بە خراپترین شێوە فەشەلی ھێناوە. زمانی ئێستای حکومەت و نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و وتەبێژەکەی لە ھەر کاردانەوەیەک، زمانێکی ئاستنزمی ڕێزمانی و دەربڕینێکی جاھلیانەی سەردەمی شەڕی ناوخۆییە؛ ئەگەر ئەمە زمانی سەرۆکی حکومەت لە ھەڕەمەی ھەرە سەرەوری ئیدارەدانبێت، بێشک ھیوایەک نامێنێ بۆ گەشەسەندن و بەرەو پێشبردنی وڵات؛ بە پێچەوانەوە، ھەموو چاوەکان لەسەر دوا بزماری تابووتی ئەم جەھالەتە و جەھەننەمە دروستکراوە دەبن!

سەرباری نادادی، گەندەڵی، بیرۆکراسیەت، ژێرپێخستنی یاسا، ناشەفافیەت، تاڵانی، و تۆقاندن و سیاسەتی برسیکردن، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دووچاری شەلەل و داڕمان بوون. وێڕای ڕێزم بۆ ھەر کەسێکی دڵسۆز، بەڵام سەرجەم بەرپرسانی شوێنە ئاماژە بۆکراوەکانیش، تەنھا دەوری فەرمانبەر و تێپەڕاندنی ڕۆتینی ڕۆژانە دەبینن، نە زیاتر. 

بەزمانێکی دیکە، لەم کابینەیە، مسرور بارزانی بڕیار دەدات و ئومێد سەباح دەینوسێت و ڕێبەر ئەحمەد جێبەجێی دەکات و جوتیار عادل (محەمەد سەعید سەحاف) دەیگەیێنێت. 

کاروان گەزنەیی