گەشتیاریی کشتوکاڵی لە کوردستاندا

18/06/2023
456 جار خوێندراوەتەوە

ھیوا فەرەیدون

ھەرێمی کوردستان لە بەرەبەیانی مێژووەوە لانکەی کشتوکاڵکردن و خوبژێوی بووە، 11 ھەزار پێش زایین یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لە بێستان سوور بوو کشتوکاڵی تێداکراوە و دواتریش حەوت ھەزار ساڵ پێش زایین یەکەمین کەرەستەی کشتوکاڵی دۆزراوەتەوە، واتە ھەرێمی کوردستان و خاکەکەی لەسەرەتاکانی مێژووەوە و لەسەر ئاستی جیهان پێشەنگی کاری کشتوکاڵی بوون، سەرەڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بە گشتی خاکەکەی بەڕێژەیەکی زۆر بەپیت و لەبارە ھەرێمێکی کشتوکاڵییە و بە پێی ئامارەکان خاوەنی نزیکەی 17 ملیۆن دۆنم زەوییە، لەو رووبەرەش ساڵانە حەوت ملیۆنی بەکار دێت بۆ چاندنی بەرھەمی کشتوکاڵی سەوزە و دانەوێڵە و باخ. 
هەروەها خاوەنی پێنج سەرچاوەی ئاوی گرنگە، ئەمانەش ھەمووی ھۆکارن بۆ لەباریی خاکی کوردستان بۆ کشتوکاڵ. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باس لە پەیوەندی و ھەماھەنگی چالاکی ئابووری لە نێوان کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا بکەین، کە ھەردوو کەرتەکە بەسەرچاوەی داھات دادەنرێن لە جیھان و لە ھەرێمی کوردستانیشدا. بۆیە پێویستە لەوە تێبگەین کە چەمکی (گەشتوکاڵ) یان گەشتیاریی کشتوکاڵی چیە؟ 
هەر پڕۆسەو چالاکییەکی کشتوکاڵی یان لەخۆ دەگرێت کە گەشتیاران رادەکێشێت بۆ کێڵگەیەک بۆ نیشاندانی بەرھەمی رووەکی یاخود ئاژەڵی. گەشتیاریی کشتوکاڵی مەودایەکی فراوان لە چالاکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە کڕینی بەرهەمەکان راستەوخۆ لە کێڵگەکەوە، گەشتکردن بەناو رەز و باخەکان و کێڵگەی ئاژەڵاندا، نمایشکردنی میوەی جۆراوجۆر، ئەسپسواری، حەوزی ماسی، نمایشی گوڵی ناوازە، ئەمانە و چەندانی تر وەک مانەوە لەکوخی تایبەتی جێگای نوستن و نانی بەیانی لە کێڵگەیەکدا. ئەمانە ھەموو ئەو چالاکییانەن کە دەکرێت لەناو پارچەزەوییەدا ھەبێت کە جووتیاران کاری تێدادەکەن، یاخود پڕۆژە و وەبەرھێنانی کشتوکاڵی وەک دامەزراندی کێڵگەی بەخێوکردنی (مانگا و بزن) دۆشینی ئاژەڵاکان بە ئامێری پێشکەتوو نیشاندانیان کە ئەمە ھەم دەبێتە چالاکییەکی گەشتگوزاری کشتوکاڵی ھەم دەبێتە زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ سوود وەرگرتن لە بەرھەمھێنانی شیر و پەنیر و ماست. 

جووتیاری نموونەیی
دەتوانرێت لە رێگەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەتووەوە لە بواری کشتوکاڵیدا تۆوی جیاواز بەرھەم بھێنرێت وەک ئەوەی ئێستا چەندین جووتیاری نمنوونەیمان ھەیە کە بە کارەکانیان توانیویانە سەرنجی بەشێکی زۆر لە گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوەش رابکێشن تا بچن ئەو ئەزموون و بەرھەمە جیاوازانە بە چاوی خۆیان ببینن، لە ساڵی 1985وە، گەشتیاری کشتوکاڵی لە ئیتالیا بە رەسمی و بە یاسایەکی دەوڵەت کە لە ساڵی 2006دا هەموارکراوە رێکخراوە. 
لە ساڵی 2013دا ئیتالیا ناوێکی بازرگانی نوێی بۆ کەرتەکە بەکارهێنا و ناوی نا: (Agriturismo Italia)، واتە گەشتی کشتوکاڵی، لەگەڵ سیستمێکی نوێ بۆ پۆلێنکردنی کێڵگەکان لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوون. لە ئەمریکاش بە گوێرەی سەرچاوە گەشت و گوزارییەکان، داهاتی گەشت و گوزار 1.127 ملیار دۆلارە، کە راستەوخۆ زیاتر لە نۆ ملیۆن هەلی کاری دابینکردووە، ئەوەش دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵی و گەشتیاری و سوودی زۆر گرنگیشی بۆ کۆمەڵگ ھەیە، دەوڵەت دەتوانێت بۆ ھۆشیارکردنەوەی پەروەردەیی سوودی لێوەرگرێت و ھەفتەی رۆژێک گەشتی زانستی ھەبێت بۆ ھەموو ناوەندە پەروەردەییەکانی سەرەتایی، تا لە نزیکەوە بینینی ئاژەڵاکان و شێوازی بەرھەمھێنانی خواردن و خواردنەوە فەراهەم بکرێت، کە ئەزموونێکی تەواو گەورە و گرنگە بۆ فراوانکردنی ھزری منداڵانی باخچە و خۆێندگا سەرەتاییەکان، لەوە زیاتریش بۆ گەنجان وخۆێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکان بە تایبەتی ئەوانەی کە لە بەشی تایبەمەند و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری دەخوێنن، کە بۆ توێژینەوە و سەرچاوە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن و ئەم کێڵگەیە بکەنە ناوەندێکی زانستی و تاقیگەیی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان. 

داهاتێکی جێگیرتر و باشتر
لە رووی سوودە ئابوورییەکانەوە کشتوکاڵ بۆتە ئامرازێکی پێویست بۆ مانەوەی زۆرێک لە کێڵگە بچووکەکان. بە هەمەجۆرکردنی چالاکییە بازرگانییەکان، کرێکاران و جووتیارە زرنگەکانی کێڵگەکانی کوردستان دەتوانن داهاتێکی جێگیرتر و باشتر دەستەبەر بکەن. ئەمەش لە رێگەی بەگەڕخستنی چالاکییەکانی گەشتیاریی کشتوکاڵییەوە، دەکرێت سەرەتا وەرزی و کاتی بێت و دواتر بکرێتە شێوازێکی ھەمیشەیی. 
هەندێک لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخستووە، کە چالاکییەکانی گەشتیاریی کشتوکاڵی زۆرجار سوود بە کۆمەڵگەکانی دەوروبەرییان دەگەیەنن، ئەویش بە راکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە. بەهێزکردنی ئابووری لە رێگەی زیادبوونی هاتوچۆوە دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ ناوچە لادێینیشینەکان کە پێویستیان بەزۆربوونی داهات هەیە و رەخساندنی ھەلی کار ھەیە لەوبوارەدا تا جووتیاران بتوانن چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن کێڵگەکان فرەبەرھەم بکەن تا سوودی زیاتر بە خۆیان و کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بگەیەنن. 
گەشتیاریی کشتوکاڵی ئەو شوێنەیە کە کشتوکاڵ و گەشتیاری تیایدا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەزموونێکی پەروەردەیی و خۆشیبەخشی سەرسوڕهێنەرت پێ ببەخشن، جا ئەوە گەشتێک بێت بۆ کێڵگەیەک و یاخود کارگەیەکی کشتوکاڵی کەبتوانین ھەردوو ئامانجەکانی ھەردوو کەرتەکەی تێدا کۆبکەینەوە ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی گەورە و نێودەڵەتی دەتوانێت ھاندەر و یارمەتیدەر بێت بۆ راکێشانی رێژەیەکی زۆرتر لەگەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە، کە ئەزموونێکی تەواو جیاواز و چێژ بەخشە، کاتێک گەشتیاران دێن و بەئارەزووی خۆیان میوەکان لێدەکەنەوە و دەتوانن بیکڕن و بیبەنەوە، یاخود گەشیارێک بینەری چۆنیەتی پڕۆسەی دۆشینی ئاژەڵێک بێت، کە چۆن بەرھەمەکانی دەکەن بە شیر و پەنیر و کەرە بەرھەمە جۆراو جۆرەکانی دی، وەک لە ئیتالیا بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاری ساڵانە نزیکەی 26 ملیۆن کەس سەردانی کێڵگەکان دەکەن و بە تێکڕا سێ سەعات لە کێڵگەکەدا بەسەر دەبەن زۆر جار شەویش دەمێننەوە. هەروەها وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا پشووی کشتوکاڵییان هەیە کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار رادەکێشن، هەروەها لە ئیتالیا، جووتیارانی کشتوکاڵی رێگەیان پێدراوە بەرهەمە کشتوکاڵییە بەها زیادکراوەکان بفرۆشن، لەوانە بەرهەمی شەرابی ناوخۆیی، زەیتی زەیتوون، پاستا، گۆشتی ئامادەکراو، پەنیر، مرەبا، هەنگوین و چەندین بەرھەمی تر، لە وڵاتانی چواردەوریش ئەو ئەزموونە ھەیە و دەبینرێت وەک لە تورکیا و ئێران. 

پڕۆژەیەکی بێوێنە
لە دەوڵەتە عەرەبیەکانیش کوێت و سعودیە گرنگییەکی زۆری پێدەدەن و لە ئیماراتیش لە دوبەی گەورەترین پڕۆژەی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی بە ناوی (Agri hub) دروست دەکرێت کە لە جیھاندا ھاوشێوەی نییە و دەبێتە یەکەم، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گەشتوگوزاری سروشتی لە دەوروبەری دوبەی، پڕۆژەکە میوانداری جۆراوجۆری ژینگەیی دەکات، گەشتی ژینگەیی، بازاڕی ژینگەیی و چالاکی سەرکێشی ژینگەیی بۆ ناوەندی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەرجەم پێداویستی و حەزەکانی گەشتیارانی تێدا بەردەست دەبێت، بڕیارە لە نێوان ساڵاکانی (2027—2030) بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر دوبەی لەوناوچە بیابانە و بێ بوونی زەوییەکی بەپیت و پاراو بتوانێت پڕۆژەیەکی وا رابگەیەنێت لە رێگەی بیری نوێ و ھێنانی تازەترین تەکەنەلۆجیای جیھانی، بۆ لەھەرێمی کوردستان ئێمە نەتوانین لە قۆناغی سەرەتادا چەمکی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی بەکۆمەڵگا بناسێنین و لە رێگەی حوکمەت و کەرتی تایبەتەوە ھاندان و پشتیوانی لەو جۆرە پڕۆژانە بکەین و داوا لەسەرمایەدار و وەبەرھێنەران بکەین کە وەبەرھێنەکانیان لەو بوارەدا بکەن، خۆشبەختانە لە کوردستاندا ئێستا چەندین جوتیاری نموونەییمان، ھەیە کە بەجیاوازی بەرھەمەکەیان سەرنجی زۆرینەیان بەلای خۆیاندا راکێشاوە، تاکە پڕۆژەی ھاوشێوەیە کە کرابێت لە تەواوی کوردستاندا لەشاری ھەڵەبجەی رچە شێکێن، ئەویش بە ناوی (کێڵگەی کوردستان)، کێڵگەیەک بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و نموونەیی و دەگمەن یەکەمین هەفتەبازاڕی کشتوکاڵ و کێڵگەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق. 

هەڵەبجە رچەشکێنە
ئەم پڕۆژەیە نزیکەی ساڵێک دەبێت کراوەتەوە و ئەم کێڵگەیە تایبەتە بەساغکردنەوەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان کە ئێستا زیاتر لە 90 جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی تێدایە و ھەمەجۆری و جیاوازی لەبەرھەمەکاندا توانیویەتی فۆرمێکی تر لە بازاڕکردن و کشتوکاڵکردن بخوڵقێنێت شوێنێکی گەشتیاری و کشتوکاڵییە، ھیواخوازم جوتیارە ماندوونەسانەکانی دیکەش بەم جۆرە کاربکەن لەسەر زەوییەکانیان بۆ ئەوەی چیتر پێویستمان بە بەرھەمی دەرەکی نەبێت و ئەو جۆرە پڕۆژانەش ھاندانێک بێت بۆ گوندنشینان کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی گەشتوگوزاردا پڕۆژە و پلانی ستراتیجی دابنێن، بۆ خزمەتکردن و گەشەدان بە ھەردوو بوارەکە کە دەبێتە ھۆی پشتیوانیکردنی جووتیاران و کەسانی ئەکادیمی کشتوکاڵی دەرچووانی ئەوبوارە و ھاوشێوە لەگەڵ کەرتی گەشتوگوزاردا بەھەماھەنگی هەردوولا ھەلی کار بڕەخسێنن و ئابووری وڵات برەو پێبدەن و کوردستان سەوزتر و بەرھەمدارتر بێت.