تاک پەنجەرە

12/03/2023
527 جار خوێندراوەتەوە

د. دێریڤان عەبدولقادر

بە شێوەیەکی گشتی  چەمکی بازرگانی تاک پەنجەرە، بەکاردێت بە مەبەستی ئاسانکاری تەواوی ڕێوشوێنی بازرگانی و گواستنەوە و لۆجستی بەجۆرێک کە ھەموو دەروازە سنوورییەکان و ھەموو جۆرەکانی بارکردنی بار لە کۆتاییدا دەخرێنە ناو سیستەمی تاکە پەنجەرە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی ھەموو بەڵگەنامە بازرگانییە سەرەکییەکان، مۆڵەتەکان وپارەدان ....لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت لە ڕێگەی یەک خاڵی دەستڕاگەیشتن بە شێوەیەکی مەرکەزی.

جێبەجێکردنی سیستەمی تاکە پەنجەرە کارێکی ئاسان نییە، ھەرچەندە دەزگا جیاوازەکان بەشدارن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کاڵاکان و ڕێکخستنی ڕەوتی بازرگانی. بەم شێوەیە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جۆری تاکە پەنجەرە دەرکەوتوون کە ھەریەکەیان ئەرک و کارمەندی جیاوازیان ھەیە.

بەڵام سیستەمی تاکە پەنجەرە، وەک بەشێکی سەرەکی لە ئاسانکاری و کارایی بازرگانی ناسێنراوە. ئەمەش لە خستنەڕووی پەنجەرەی تاکە وەک پێکھاتەیەک لە ڕێککەوتنە جۆراوجۆرەکانی ئاسانکاری بازرگانی نێودەوڵەتیدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی ڕێککەوتنی ئاسانکاری بازرگانی کە لەلایەن ڕێکخراوی بازرگانی جیھانییەوە لە ساڵی٢٠١٥.

لە ئێستادا تێمی یەکێتی بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک قوباد، کار لەسەر پراکتیزەکردنی ئەم سیستمە دەکەن بۆ بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ ھاوڵاتیان و راییکردنی مامەڵەی ھاوڵاتییان لە فەرمانگەکان بەئاسانترین شێوە و بەنەھێشتنی رۆتین و رێگرتن لە گەندەڵی.