قوباد تاڵەبانی و گەڕانەوەی شکۆ بۆحکومەت

09/08/2021
471 جار خوێندراوەتەوە

ســـــەرکۆ یونس

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وەرچەرخانێکی گرنگ و گەڕانەوەی متمانەی خەڵک و ھاونیشتیمانیان و ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبەیە.

ھەر زوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەکانی حکومی دا، گرنگترین ھەنگاو کە قوباد تاڵەبانی یٔەنجامی دا، گەڕانەوەی متمانەی نێوان حکومەت و بازرگانان بوو، دڵنیاییکردنەوە کە لەمەولا ھیچ ھێزو کەس ولایەنێک، نابنە ڕێگر لەبەردەم کاری بازرگانی وبازاردا، ئەم متمانەیە بۆ خودی بازرگانان و سەرمایەداران ئەوپەڕی جێگای ئومێد بوو، ھەروەھا بەدەستھێنانەوەی بەھای تایبەتی حوکمداریە.

بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی، ھێزێکی تایبەتی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، لەھەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان وچەندین خاڵی بازرگانی جێگیر دەکرێن، بەمەبەستی نەھێشتن و چارەسەرکردنی قاچاخچیەتی ویاساشکێنی، کە لەپێشوودا یەکێک بووە لە گلەییەکانی خەڵک و لایەنەکان. زەرەر و زیانی دارایی و ئابوری لەداھاتەکانی ھەرێم دەدا و لەھەمانکاتدا زەرەری تەندروستی گشتی لێ دەکەوتەوە، چونکە زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی کە بەنایاسایی ھاوردە دەکران، مەرجی کوالیتێ و تەندروستیان نەبوو. ئەم بڕیارە بەگەڕانەوەی سەروەری یاسا و پارێزگاریکردن لەسامانی گشتی ئەژمار دەکرێت، گەڕانەوەی شکۆی دامودەزگاکانی حکومین بەگشتی دەزگای ئاسایش بەتایبەتی، لەھەمانکاتدا ھەنگاوێکی ئەرێنییە لەبواری چاکسازی گشتیدا.
ھەروەھا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، بەتەواوی بازرگانیکردنی نایاسایی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نەماوە و ئیشوکارەکان بەپێی یاسا جێ بەجێدەکرێن.

قوباد تاڵەبانی، وەک کەسی یەکەم و سەرۆکی تیمی یەکێتی لەناو حکومەتی ھەرێم، ھەندێجار تووشی ئیحراجبوون دەبوویەوە. بەم بڕیارانە شکۆی تایبەتی بۆ دەگەڕێتەوە وسەنگ و قورسای زیاتری دەبێت، بڕیارەکانی جێگای متمانەی سەرجەم کابینەکەیە.

لەلایەکی ترەوە، وەرگرتنی سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی، ئەم ئەرکە، پێگەی قوباد تاڵەبانی لە ڕووی حزبییەوە بەھێز دەکات و شانازییەکی ترە، بە ئومێدی سەرکەوتن بۆ لیستی ھاوپەیمانی.
ھیوادارین، بڕیارو ھەوڵەکانی بەڕێزیان بە ئامانجی چارەسەرکردنی گیروگرفت و قەیرانەکان بێت، ھەوڵی جدی و زیاتر بدرێت بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی خزمەتگوزارییەگشتیەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.