جەژن و کۆرۆنا و مووچە

11/05/2021
1598 جار خوێندراوەتەوە

ســـــەرکۆ یونس

سەرەڕای گەشتنی ڤاکسین و دابەشکردنی بەسەر ھاونیشتیمانیاندا، ھێشتا ڤایرۆسەکە جێگای مەترسی یە و بەردەوامە.
ھەرچەندە بەغداو ھەولێر، ڕێکەوتنیان لەسەر بودجەی ساڵی دارایی٢٠٢١ کردووە، پشکی ھەرێم بەیاسا دیاریکراوە، بەڵام وادەردەکەوێت، مەسەلەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھەر بەردەوامە و دەبێت دەست وگیرفان و پێداویستیەکانمان، لەگەڵی ڕابھێنین.

بەشەبودجەی ھەرێم، بەپێ ی یاسای بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١  نزیکەی (١١) ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینارە، بەمەرجی پێدانی بەھای ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت، بەنرخی سۆمۆ و نیوەی داھاتە فیدراڵییەکان.
زیاتر لەشەش ساڵە، پلە بەرزکردنەوەی وەزیفی مووچەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و ھیچ ڕێکەوتێک دیاری نەکراوە، بۆ دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی وەزیفی فەرمانبەران.

بڕی پارەی سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێم، بەبێ چاکسازی نزیکەی ٨٩٤ ملیار دینارە و بەسیستەمی لێبڕینی ڕێژەی ٢١%  نزیکەی ٧٥٢  ملیار دینارە.

ڕەوشی ئابوری و جموجوڵی بازاڕ لەم مانگەدا، بەھۆی زۆری خواستی کریارانی ڕەمەزانەوە، تاڕادەیەک گەرموگوری پێوەدیار بووە و پێدانی مووچەش زیاتر ھاندەر بوو بۆ خواستی بەکاربەران.
لەلایەکی ترەوە، بەھۆی دەرکردنی زەکات لەماڵ ودارایی و سەرفیتەرەی ڕەمەزان، بەشێوەیەک بڕێکی زۆر لەپارە کەوتووەتە دەست چینی ھەژاران و کەمدەستان، لەبەرئەوەی ئەم چینە لەبنەڕەتدا ئارەزووی بەکاربردنیان بەرزە، جارێکی تر قەبارەی خواست گەورەتر بووە و بازاڕ گەرمتر بووە. 

حکومەتی ھەرێم، بەڵێنی داوە، مانگانە لە بیست وپێنجی ھەموو مانگێک مووچە دابەشبکات، ئەم بەڵێنە جۆرێک لەجۆرەکان بازاڕ جێگیر دەکات و دڵنیایی دەدات بەکڕیارو فرۆشیاران و بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ.

لەبەرئەوەی زیاتر لەشەش ساڵە، ھەرێمی کوردستان خاوەنی بودجەی ساڵانەی خۆی نەبووە، بەشەبودجەی تەرخانکراو بۆ بواری وەبەرھێنان نەبووە، پرۆژەئابورییەکان بەڕێژەیەکی گەورە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێ بەجێکراون، چەندین ھۆکاری تر، وای کردوە ئابوری ھەرێم بەقورسترین باردا گوزەر دەکات.

بەداخەوە ڕێژەی بێکاری لەھەرێمدا، زیاتر (٢٠% بۆ ٣٠%) ی کۆمەڵگایە، ئەگەر بەم بارودۆخەوە ساڵی ٢٠٢١ تێبپەڕێنین، ڕێژەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە و مەترسیەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لەلایەک بەھۆی کاریگەریەنێگەتیڤەکانی کۆرۆنا لەسەر کەرتەئابورییەکان و لەلایەکی ترەوە بەھۆی زۆری دەستی کاری خاوەن بڕوانامەی زانکۆیی ونەبوونی ھەلی کار، ڕێژەی بێکاری بۆ دوو ئەوەندە و زیاتریش ھەڵدەکشێت..

ھەرچی دیاردەی ھەڵاوسانە، دیسان ڕێژەکەی لەئاستی مەترسیدایە و وابەستە بەئابوری وبازاڕی عێراقەوە، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، دیاردەکەی گەورەتر کردووە، ڕێژەی (٢٠% بۆ ٢٥%) بەھای دینار بەرامبەر دۆلار داشکێنراوە. بەمەش ڕێژەی ھەڵاوسان بەرزبوەتەوە و بارگرانییەکە لەسەرشانی چینی ھەژاران و مووچەخۆرانە، ھەر ئەمەش وای کردووە رێژەی ھەژاری لەعێراق و ھەرێمدا بەرزببێتەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار. 
دیاردەی ووشکەساڵی لەھەرێمدا، وادیارە یەکێکی تر دەبێت لەکێشەکانی بەردەم حکومەت و خەڵک، پێ دەچێت ھاوینێکی بێ ئاو و پڕ کێشە بەرۆکمان بگرێت. زەرەروزیانەکانی ووشکەساڵی بارگرانییەکی ترە بەسەر ئابوری ھەرێمەوە.

لەکۆتایـــدا، بۆئەوەی جەژن جگەلە بۆنەئایینیەکە، ببێتە بۆنەیەکی گشتگیرو ئومێدبەخش، پێویستە حکومەت و لایەنەسیاسیەکان، تەنھا پەیامی جەژنە پیرۆزە نەنێرن بۆ خەڵک و ھاونیشتیمانیان، بەکردار ھەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەوقەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بەتایبەتی..