ھەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا!

27/05/2023
360 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵا

سبەی گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیایە و یەکێک لەو دوو کاندیدە دەبێتە سەرککۆمار. 
لە گەڕی یەکەم لەسەر ڕاسپاردە و داوای ھەدەپە زۆربەی ھەر زۆری کورد دەنگیان بە کەمال کلیچدار ئۆغلو دا، بەڵام ئەو نەک نەیتوانی سەربکەوێ، بەڵکو لەسەر ئاستی تورکیا لە ئەردۆگانیش  کەمتر دەنگی ھێنا. ئەوەی جێی تێڕامانە لەماوەی ڕابردوودا: 
- باری ئابووری تورکیا داتەپێوە و نرخی لیرەی تورکی ھاڕەی کردوە. 

- بێکاری و گرانی زیادی کردوە.

- ئازادیی دەربڕین سنوردار کراوە و لەسەر دەربڕین و ڕاگەیاندن دەیان ڕۆژنامەنوس و نوسەر و سیاسەتمەدار گیراون.

- قەیرانە دەرەکیەکانی تورکیا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری بە ژمارە زۆرتر و بەناوەرۆک قوڵتر بوونەتەوە... 

کەچی، ھێشتا بابەتی سەرەکی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن نەژادپەرستی و تورکچێتی بوو. ھەرچەندە کورد و بەشێکی زۆریش لە دیموکراسیخوازانی تورکیا ئومێدیان بەوە ھەبوو کە ئەگەر کلیچدار ئوغلو دەربچێ لانی کەم دەرگای دۆزەخ دادەخرێ، بەڵام بۆ گەڕی دووەم کەمال کلیچدار ئۆغلوش لەسەر ھەمان تەوژمی دەوڵەتپەرستی و تورکچێتی زۆڕنای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ژەند! دیارە کلیچدار ئۆغلو دەیەوێ بەو شێوازە دەنگی تورکە توندڕەو و شۆڤێنیستەکان بەدەستبێنێ کە ڕێژەکەیان یەکجار گەورەیە، بەڵام بەندە بڕواناکەم ئەوان لە کلیچدار ئۆغلۆ خۆشبن کە لە بنەچە ھەم کورد و ھەم عەلەوییە. واتا مەرج نییە ئەو سیاسەتەی دادی بدات.

لەبەرامبەر کەمال کلیچدار ئۆغلودا رەجەب تەیب ئەردۆگانیش قیڕەی نەتەوە پەرستی گەورەتر کرد و دوای ئەوەی لەگەڵ سینان ئۆغانی سەرکردەی رەگەزپەرست و توندڕەوەکانی تورک ڕێککەوت ئەو ھەنگاوەی بەسەرکەوتن دایە قەڵەم.

ئەو تورکانە کە دەنگیان بە سینان ئۆغاندا بوو دوای دەرنەچوونی لەگەڕی یەکەم بوون بە دوو بەرە و ھەر بەرەیەکیان پشتیوانی لە کاندیدێک دەکەن. ھەردوو بەرەکەش بە مەرج و بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد پشتیوانیان بۆ کاندیدە نوێکانیان دەربڕیوە. 

لەگەڕی یەکەم ئەردۆگان لە پێشەوە بوو، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی دیکەش بوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە دەستی خۆیدا ھاوکار دەبن بۆ ئەوەی لەگەڕی دووەم بیباتەوە. تەنیا ئەگەرێک ماوە لە بەرژەوەندیی کلیچدار ئۆغلو بێ ئەویش ئەوەیە کە لەماوەی ئەو دوو ھەفتەیەی ڕابردوودا ڕای گشتی تورکیا گۆڕابێ و خەڵکەکە بیریان لەباری ژیان و گوزەرانی خۆیان کردبێتەوە، نەک دروشمە بریقەدارەکان، چونکە کەس نییە نەزانێ بەو سیاسەتەی ئێستای ئەردۆگان ئابووری تورکیا زیاتر دادەڕمێ و خەڵکەکەی ماڵوێرانتر دەبن.