نوێخوازی چینی: هەڵبژارده‌یه‌كی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی

13/11/2022
1676 جار خوێندراوەتەوە

نی ڕووچی

کونسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی لە هەولێر

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ بیستەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین بە ڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەرکی ناوەندی پارتی کۆمیونیستی چین دەبێتە پێشخستنی نوێبوونەوەی نەتەوەی چین لە ھەموو بەرەکاندا لە ڕێگەی ڕێبازی چینییەوە بۆ نوێخوازی.

نوێخوازی ھەوڵی ھاوبەشی ھەموو گەلانە لە سەرتاسەری جیھاندا، ھەروەھا ئەو ئامانجەیە کە گەلی چین ھەر لە سەرەتای دەرکەوتنی سەردەمی مۆدێرنەوە ھەوڵی بۆ دەدات. دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی، پارتی کۆمیونیستی چین پێشەنگی گەلی لە گەشەپێدان و چاکسازی و کرانەوەدا کردووە، و بە بەردەوامی بەدوای ئامانجی نوێخوازی گەڕاوە و پراکتیکی کردووە. چین سەرکەوتوانە نوێخوازی چینی بەرەوپێش بردووە و ڕێگای بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەپێناو گەیشتن بە نوێخوازی فراوانتر کردووە.

نوێخوازی چینی چییە؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نوێخوازی چینی نوێخوازییەکی سۆسیالیستییە کە لە ژێر سەرکردایەتی پارتی کۆمیونستی چینی چاودێری دەکرێت. توخمگەلێکی ھاوبەش لەگەڵ پرۆسەکانی نوێخوازی ھەموو وڵاتان لەخۆدەگرێت ، بەڵام زیاتر بەو سیمایانە تایبەتمەندە کە تایبەتە بە چوارچێوەی چینی. نوێخوازی چینی بریتییە لە نوێخوازی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان، و نوێخوازی خۆشگوزەرانی ھاوبەش بۆ ھەمووان، نوێخوازی پێشکەوتنی ماددی و کولتووری-ئەخلاقی، نوێخوازی پێکەوەگونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت، نوێخوازی گەشەسەندنی ئاشتیانە.
نوێخوازی چینی فەلسەفەی گەشەپێدانی گەل وەکو چەق جێبەجێ دەکات، گرنگی بە گەشەسەندنی گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت و ھەماھەنگی لەپێناو سوودمەندبوونی ھاوبەش دەدات. ئەم شێوازە لە نوێخوازی ڕەگ و ڕیشەی لە خاکی چیندا ھەیە و لەگەڵ واقیعی چیندا دەگونجێت. پابەندە بە پەرەپێدانی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان بە ھێزی خۆمان، و پاراستنی تێگەیشتنێکی پتەوی داھاتووی گەشەپیدان و پێشکەوتنی چین.
 چین لە چەند دەیەیەکی کەمدا، ئەو پڕۆسە پیشەسازییەی تەواو کرد کە وڵاتانی پێشکەوتوو بە سەدان ساڵە پێیدا تێپەڕیون، و بووە ھۆی دروستبوونی دوو موعجیزە: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن. پراکتیک و ئەزموونی نوێخوازی چینی بەشدارییەکی گرنگی لە نوێخوازی مرۆڤایەتیدا کردووە و ھەڵبژاردەی نوێی پێشکەشکردووە.

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەرھەمی ناوخۆیی گشتی چین لە ٥٣.٩ تریلیۆن یوانەوە بۆ ١١٤.٤ تریلیۆن یوان گەشەی کردووە، پشکی لە ئابووریی جیھاندا لە ١١.٣% بۆ ١٨.٥% بەرزبووەتەوە، و تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی جیھانیدا گەیشتووەتە ٣٨.٦%، کە زیاترە لە پشکی ئابووریی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت G٧ بەیەکەوە. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیھاندا، پراکتیکی نوێخوازی چینی خودی خۆی بەشدارییەکی گەورەیە لە جیھاندا.

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێنج ساڵی داھاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکردنی ھەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە ھەموو ڕوویەکەوە. بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە ھەموو ڕوویەکەوە، پێویستە یەکەم شت و بەر لە ھەموو شتێک، بەدوای گەشەپێدانی کوالیتی بەرز بکەوین. نوێخوازی چینی ڕێگای نوێخوازی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی دەستکەوتی نوێ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چین، و دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ھەماھەنگی و گەشەسەندن دەھێنێتە ئاراوە.

لە جیھاندا تەنھا یەک ڕێگا و یەک نموونەی نوێخوازی گونجاو بۆ ھەموو لایەک نییە. لە چینی ئەمڕۆدا، پیشەسازیی نوێ، زانیاری، شارنشینی و نوێخوازی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن و شارستانییەتی ماددی، شارستانیەتی سیاسی، شارستانیەتی ڕۆحی، شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی ژینگەیی بە ھاودەنگی گەشە دەکەن. ڕێگای نوێخوازی چینی پەرە بە خودی چین خۆی دەدات و ھەروەھا سوود بە جیھان دەگەیەنێت، و ھەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گەلی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت کە دەتوانرێت وەکو سەرچاوەیەک لەسەر ڕێگای گەشەپێدان بەکاربھێنرێت. چین ئامادەیە لەگەڵ گەلی عێراق و ھە ڕێمی کوردستان کاربکات بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگا نوێخوازییەی کە لەگەڵ تایبەتمەندی گەشەپێدانی خۆیاندا دەگونجێت و سوودی بەرجەستەی زیاتر بۆ گەلانی ھەردوو لا بەدەستبھێنرێت.