دووجار سەیرکە و ئەوکات بڕیاربدە

09/11/2022
7424 جار خوێندراوەتەوە

ئارام هادی

دەرئەنجامی ئەقڵێکی ھێمن و وردی و لێھاتوویی لە کارکردنی چێشتخانەیەکی ھاوبەشدا، دەرفەت نادات بچوکترین لاوازیەکان تێپەڕن و دەیانکاتە بنەمای سەرەکی بۆ شکست پێھێنانی پرۆژەی پیلان گێڕییە گەورە داڕێژراوەکان، پێشکەوتنی ئامێری تەکنۆلۆژیای بەردەست و چیرۆک (سیناریۆ)ی پێشوەختە ھەرزوو گومانی خستە سەر بینراوی چاوە ئاساییەکان، وایکرد ڕاستی ڕوودانی کارەساتەکان بخرێنە بەردیدی تاقیگەی بینایی (میکرۆسکۆپ). 

دوای بەراوردکاری و بەدووچاو سەیرکردن و گەورەکردنی وردەکاریەکان کە بەچاوی ڕووتەوە نابینرێن، دەرئەنجام شکستەکەی ڕاگەیاند و ساختەیی بونەکەی سەلماند، ئاخر ئەمڕۆ پێشکەوتنە زانستیەکان دەرفەت بە بەردەوامیدانی ماوەی بڕکردنی داتاشینی چیرۆک (سیناریۆ)کان و بابەتەکانی (دیپ فەیک)ی کەمکردۆتەوە و ھەرزوو ڕووی ڕاستی بابەتە دەستکردەکان دەرئەخات و دەیانباتەوە دۆخی سروشتی خۆی، چی بڵێم کە ھاوشێوەی زانست ئارەزووی گەڕان و بنکۆڵکاری دەکات و تا دەرخستنی ڕووی ڕاستی نەسرەوت و لایەنی باشەی ڕووداوەکانی بۆ ھەمووان دەرخست، ئەوەی تەنیا بە یارمەتی تاقیگەی بینایی (میکرۆسکۆپ) دەبینرا ئێستا بەچاوی ئاسایی زۆر بە ئاسانی دەتوانین سەیریان کەین و لێیان تێبگەین. 

کاتیەتی و دەبێت باشتر تێبگەن کە تاقیگە بینایی (میکرۆسکۆپ)ەکان ھەر لەلایەن زیندەوەرزانان بۆ تێگەیشتن لە زیندەوەرە وردەکان و خانە و بەشەبچوکەکانیان بەکارنایەت، بەڵکو بەکاریش دێ و لە توانایدایە چەندین جاریتر ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەی تیرۆرکردنی شەھید عەقید ھاوکار جاف و دانپێدانانی بەناو بکەرانی کارەکە و یاریکردنەکان و چیرۆ (سیناریۆ)کەی لەتوپەت بکا و ھەڵوەشێنێتەوە و شکستیان پێ بێنێت. 

دوای بینینی گرتە ڤیدیۆ وردەکاریە ئاست بەرزەکەی ئەم ئێوارەیەی دەزگای دژە تیرۆر دەبێت دووجار سەیرکەی و بگەیتە ئەو بڕوایەی کە بڵاوکراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی شەھیدکردنی عەقید ھاوکار جاف لە ھەولێر لەو فیلمە سینەماییانە دەچوو بڕی تێچوەکانیان دەرناکەنەوە و شکست دێنن.