سەرۆکی یەکێتی و ستۆپەکەی پارتی

07/11/2022
874 جار خوێندراوەتەوە

قادر ره‌زگه‌یی


یەکێتی ئێستا لەھەموو کات زیاتر، لەناو تەباییەکی سیاسیی گەورەو ناوەندێتی دیموکراسیی راستەقینەدا دەژیت، ناوخۆی خۆی بەجۆرێک رێکخستۆتەوەو یەکخستۆتەوە، کە ماناکانی حزبایەتی و کاری رێکخراوەیی بۆ سەردەمی زێڕین گەڕاوەتەوە.

 لەسایەی ئەو گۆڕانە ناوخۆییە بۆ ھەموو ھەڤاڵێک دەرفەت ھەیە، بەڵام لێپێچینەوەش لەئارادایە، پاداشتی چاکەکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان فەراھەمە، ھاوکات سزاش بۆ تەمبەڵی و ملنەدان بەئیشیش پەیڕەو دەکرێت، ئازادی قسەکردن و بەرگریکردن لەکوردستان و یەکێتی لەسەر ھیچ یەکێتیەک دانەخراوە، بەڵام رێگاش نادرێت ھیچ کەس لەدەرەوەی ستراتیژ و ھەڵوێستی یەکێتی قسەو لێدوان بەنەیارەکانمان ببەخشێت، خۆڕێکخستنەوەی لەمجۆرە مەتڵەبێکی یەکێتییانە بوو کە ساڵانێکە کادرو ئۆرگانەکان پێکەوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حزبایەتی داوای دەکەن.

لەسێبەری سەرکردایەتییە نوێیەکەی ھەڤاڵ (بافڵ جەلال تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیموکراسییەتی ناوخۆیی بەپێداچوونەوەی ئۆرگان و دەرفەت بەخشین بەخوێنی تازە، ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و گەڵاڵە ‌کردنی نەخشەڕێگای دیدەکان بۆ داھاتووی یەکێتی، گێڕانەوەی بڕیارە چارەنووس سازەکان بەھەموارکردنەوەی پەیڕەویشەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سزادانی رێکخراوە یەکێتییەکان لەپێناو بەدەستھێنانی دڵ و زمانی خوێندکارانی ناڕازیی، لەھەنگاوە دیموکراسییەکان بوون.

کە ئەمجۆرە بەھایانە لەناو ھێزو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان نەبوونەتە فەرھەنگ، ئەمجۆرە لەدیموکراسییەتە ناوخۆییە رەنگدانەوەی لەئاستی حوکمڕانیش بەجێھێشتووەو کاردانەوەی فەرھەنگی دەرفەتدان بەپێشمەرجی لێپێچینەوەو چاودێریکردن گەیشتۆتە شوێنێک کە ھەموو دەزانن بەرزکردنەوەی دروشمی نەھێشتنی "گەندەڵی و تەمبەڵی" بۆتە ستراتیژێکی یەکێتیانەی ناو حکومەت، چونکە ئیتر بەبێ چاودێریکردن و بەدواداچوونی فەرمانگە حکومییەکان ناتوانرێت دیاردەی گەندەڵی و پاشانیش تەمبەڵی بنەبڕ بکرێت.

داواکردنی دیموکراسیی بۆ ناوخۆی حزب و دەستەبەرکردنی ئازادیی لەناو یەکێتیدا بەتەنھا شتێک نیە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکێتییەکانی بووێت، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستان و پرۆسە سیاسیەکەشی کردویەتییە مەرجی سەرەکی ھەموو دانووستانێک.

وەستانەوەش لەبەرامبەر پارتی ھەر بەشێکە لەو ستراتیژە دیموکراسییە، مەگەر رێگریکردن لەسەرھەڵدانەوەی خۆسەپێنی و رەتکردنەوەی پاوانخوازیی، رازینەبوون بەو فۆڕمە لەدەسەڵاتدارییەتی ھەواڵگریی کە کایەی حوکمڕانی پێ بەڕێوەدەبریت، ھاوکات ناڕازیبوون بە ھەڵبژاردنێکی پڕ ساختە لەسایەی یاساو تۆمارێکی ناپاک کە باڵانسی سیاسیی گۆڕیووە، دژ وەستانەوەی سیاسەتی برسیکردنی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی زۆنی سەوز بۆ ئەوەنین کە ھەرێمی کوردستان و سیستەمەکەی بەناوەڕۆک و رەفتار دیموکراسیی بێت نەک بەدروشم و قسە.

ئەم ستراتیژە ئازایانەی سەرۆک بافڵ بەدڵنیاییەوە بۆ پارتی جێگەی شۆک و بۆ پارتە سیاسیەکانی تریش جێگەی ئومێدە، شۆکی پارتی لەوەدایە کە ساڵانێکی زۆرە بەویستی خۆی دەستکاری موقەدەراتی نەتەوەیەک دەکات و بە دەیان گەلەکۆمەی ھەرێمیی سەرقاڵی تێکدانی بارودۆخی کوردستان و تێکدانی پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدادە و بۆی چۆتەسەر، بەڵام بە ستۆپەکەی یەکێتی واخەریکە پارتی ریسی ستراتیژە پاوانخوازییەکەی لێدەبێتەوە خوری. بۆ حزبەکانی تریش ھەڵوێستی یەکێتی جێگەی ئومێدە، چونکە تەنھا سەنگ و قورسایی یەکێتییە دەتوانێ پرۆژەی خۆسەپێنی زیاتری پارتی بەسەر کۆی کایەکانەوە ھەڵبوەشێنێتەوە.

یەکێتی ساڵانێکە لەروانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ئەزموونی کوردستان، تاڕادەیەک بێدەنگەی لەسەرەڕۆییەکانی پارتی کردووە، چونکە ھەر کاتێک سیاسەتێک بەدڵی پارتی نەبووبێت، بەھەڕەشەی شەڕی ناوخۆ و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ شوێنی تر مەرامەکەی بەدیھاتووە، بەڵام دۆخی نوێ تازەیەو چیتر ئەو ھەڕەشانەی پارتی کەس ناترسێنێت.

ھەرێمی کوردستان بەخۆسەپێنی زیاترو ئاژاوەی زۆرترو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان پێشناکەوێت، بەڵکو بەدیموکراسیی و دوورکە…