یەکپەنجەرە و ئامانجێکی گەورە

13/03/2023
555 جار خوێندراوەتەوە

مەریوان عەبدوڵا

نوسەر

سیستمی کلاسیکی مامەڵەی کاغەزی نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا ھیچ ئاسەوارێکی نەماوە و بووەتە بەشێک لە مێژووی پرۆسەی بەڕێوەبردن و کارگێڕی بۆ قۆناغی پێش گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و سیستمی دیجیتاڵی، مێژووی مامەڵەی کاغەزی سەرباری گرفت و پڕ سەرئێشەیی دەیان سەدە مرۆڤایەتی دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم کردووە و بۆ سەردەمی خۆی تاکە ئامراز و رێگە بووە بۆ رایکردنی کارو باری رۆژانە و ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان، لەم ساڵانەی دوایی ھاوشێوەی کۆی سیستمە کلاسیکییەکانی دیکە لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا سیستمی کاغەزی بارگەو بنەی پێچاوەتەوە و سیستمی پێشکەوتووی دیجیتاڵی شوێنی گرتووەتەوە.

ھەرچەندە بۆ دونیای  پێشکەوتوو گەشەسەندووی ئەمڕۆی بواری تەکەنەلۆژیا سیستمی دیجیتاڵی یان ئەلکترۆنی کارێکی نوێ نییە، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان لەنێو ئەم ھەموو گرفت و قەیرانەدا و چەقبەستووی بەڕێوەبردن بەدڵنیاییەوە ھەنگاوێکی نوێ و جێ بایەخە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم رۆژانەدا جارێکی دیکە سیستمی "یەکپەنجەرەیی" بە ئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان چەند ھەنگاوێکی دیکەی ناوە و وا دەردەکەوێت زۆر نەبات لە ساڵانی ئایندەدا ھەرێم ببێتە خاوەنی سیستمێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی، کە ئەمە تاڕادەیەکی زۆر گرنگییەکی گەورەی ھەیە بۆ کارئاسانی رایکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان و تاداشینی بەشێک لەو قەیران و بەھەدەردان و رۆتینە زۆرەی کە ھێز و تینی لە دامەزراوە حکومییەکان بڕیووە . 

لەنێو ئەم قەیران و گرفتە کەڵەکەبوانەی کە ساڵانێکە سیستمی بەڕێوەبەردنی وڵات تێی کەوتووە لە دایکبوونی سیستمێکی ھاوچەرخ ھەناسەو تەوژمێکی نوێیە بۆ خستنەسەر رێی پرۆسەی چاکسازی لە سیستمی بەڕێوەبردن و کارگێڕی دامەزراوەکاندا ,ئەوەی روونە سیستمی یەکپەنجەرە سەرەتاکەی بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر و بۆ بیرۆکەو ھەوڵێکی  زۆر و بێ ووچانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە و کۆڵی نەدا تا ئەوەی پرۆژەکەی خستە سەر پێ و لە چەند فەرمانگەیەک جێبەجێی کرد ، ئەم کارەی جێگری سەرۆکی حکومەت لە زۆر رووەوە و لەبەر دەیان ھۆکار ھەنگاوێکی یەکجار گرنگ و پێویستە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەتەواوی جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە، لەو روانگەیەوەی ساڵانێکە دامەزراوە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان گیرۆدەی سیستمێکی دواکەوتووی بەڕێوەبردنە کە ئەویش سیستمی کۆنی کاغەزییە کە جگە لە وڵاتانی دواکەوتوو لە ھیچ وڵاتێکی گەشەسەندو باوی نەماوە،  ساڵانێکی زۆرە فەرمانگەو دامەزراوەکانی ھەرێم بەھۆی ئەم سیستمە کلاسیکیەوە رووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوەو ئاستەنگی گەورە لەبەردەم مامەڵەو ئیش و کاری رۆژەنەی خەڵک دروست بووە ، ئەمە جگە لەوەی ھەزاران دەرگای بەرووی گەندەڵی و رۆتین و کاری ناڕەواو بەرتیل کردووەتەوە, لەوانەش خراپتر خنکاندنی توانا مرۆییەکانی نێو فەرمانگەکانە تا ئاستی پەکخستنی توانای کارامەیی و نەھێشتنی دەرفەتی گەشەسەندن و پێشکەوتن و پەل ھاویشتن. 

ئێستا کە بەھەوڵی جێگری سەرۆکی حکومەت ھەنگاوی گەورەو بنیاتنەر نراوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی بە ئەلکترۆنیکردنی دامەزراوە حکومییەکان ، ئەم پرۆژەیە بۆ ھەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گەورەیە بە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە سیستمی کۆنی کاغەزیی و کەمکردنەوەی رۆتین و گەندەڵی و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ ھاوڵاتیان و گەڕانەوەی کاتێکی زۆری بە فیڕۆچوو، پاڵ ئەوەشدا بەخاکسپاردنی دەیان گرفت و سەرئێشە کە ھاوڵاتیان ساڵانێکە لەکاتی رایکردنی مامەڵەکانیان گیرۆدەی بوون ، بۆ لەمەودوا دەتوانن لەرێگەی سیستمی یەکپەنجەرەیی لە ماوەیەکی کەمداو بەبێ راکەڕاک و ژوراو ژورو سەرئێشەو بێنەو بەردەو ماندوبونێکی زۆرو لەسەرو ھەموشیانەوە بەبێ دەست ماچ کردن و پاڕانەوە مامەڵەکانیان تەواو دەبێت و دەدرێتەوە دەستیان بێ ئەوەی چەندین جار مامەڵەکانیان وونبێت و دوای ماندوبونێکی زۆر دیسانەوە لە سەرەتاوە ناچاربن دەست پێ بکەنەوە! ئەمانە بەشێکی بچوکن لەو گرفت و ئاستەنگە زۆرەی کە رۆژانە ھاوڵاتیانی کورد لە فەرمانگەکان دووچاریان دەبێت , بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێستا دۆخەکە جیاوازە لەو فەرمانگانەی کە سیستمی یەکپەنجەرەییان تێدا جێبەجێ کراوە  و ئەو کەسانەی کە رێیان دەکەوێتە ئەو فەرمانگانە مەگەر ئێستا بزانن لە رابردوودا چیان بەسەرداھاتووە کاتێک رێیان کەوتووەتە فەرمانگەکان .

بۆ ئێستا ھەرچەندە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی یەکپەنجەرە لە چەند فەرمانگەیەکی کەم لە پارێزگای سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و وەک ھەنگاوی یەکەم و سەرەتا پرۆسەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە , پاش ئەم ھەنگاوە ستراتیژییە کاتی ئەوە ھاتووە پرۆسەکە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و بۆ ئەمەش ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە شان بداتە بەر ئەم بەرپرسیارێتیەو بودجەی پێویستی بۆ دابین بکات و بیکاتە یەکێکە لە پێشینەی کارەکانی داھاتووی بۆ ئەوەی سەرجەم ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەی سیستمی یەکپەنجەرە سودمەندبن , بەدڵنیاییەوە پرۆژەکەش لەنێو ئەم ژینگە شێواوەی کە زۆرینەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی نێوەراستی تێدایە بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێتە شانازییەکی گەورەو ھەروەک ھەنگاوێک کورد لە بەرەوپێشچوونەکانی دونیا نزیک دەکاتەوە . 

ئەوەی روونە سیستمی یەکپەنجەرە ئامانجێکی گەورەو بیرکردنەوەو تێڕوانینێکی فراوانی لە پشتەوەیە کە ئەویش ئەوەیە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی سیستمێکی ئەلکترۆنی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵە و کاروبارەکانی حکومەت لەسەرجەم فەرمانگەکاندا, ئەگەر بە بیر و تێڕوانینێکی گەورەی نیشتمانی بنیاتنەرانە کار لەسەر ئەم پرۆژەیە بکرێت بەدڵنیاییەوە ئەنجامێکی گەورەی دەبێت و رەنگە زۆر نەبات ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی نزیکی داھاتوودا بەیەکجاری ماڵئاوایی لە سیستمی کۆنی کاغەزی بکات و وەک وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا ببێت بە بەشێک لەمێژوو , ئەگەر ئەمە کرا گومانی تێدا نیە شانازییە گەورەکە بەر قوباد تاڵەبانی دەکەوێت چونکە ئەو تەنیا لێپرسراوی باڵایە کە بەکردەیی ھەنگاوی بۆ پرۆژەکە ناوە و لە بیرۆکەوە کردییە راستیەکی بەرجەستەکراو, ئەگەر ئەوەش نەکراو پڕۆژەکە لەم چوارچێوە سنوردارەی ئێستادا مایەوە بەدڵنیاییەوە چیرۆکە تەواو نەکراوەکانی نێو فەرمانگەکانی ھەرێمی کوردستان بە قەبارەیەکی گەورەترەوە بەردەوام دەبێت .