موجامەلەکردنی سەدر و چارەنووسی عێراق

17/07/2022
796 جار خوێندراوەتەوە

هەژار عەلی واحید


ئەوەی لە مەراسیمەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠٢٢ لە بەغداد بینرا نمایشیکی بەھێزی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بوو و لە ھەمان کاتیشدا پەیامێکی توند بوو بۆ سەرجەم ھێزە سیاسییەکان کە حکومڕانی عێراق بەبێ ئەو کێشەی زۆری بۆ دروست دەبێت و لە رێگەی شەقامەوە ئەوەی بیەوێت دەتوانێت بیکات.

"ئەوانەی حکومەت پێکدەھێنن، با دژایەتی گەندەڵی بکەن و ئەوانەشی تاقیکراونەتەوە جارێکیتر تاقی ناکرێنەوە" ئەمە یەکێک بوو لە خاڵەکانی وتارەکەی سەدر کە مەحمود ئەلجەیاشی نوێنەری سەدر خوێندییەوە و بە ناڕاستەوخۆ پەیامێک بوو بۆ نوری مالیکی بەتایبەتی و حەیدەر عەبادی و چەند سیاسییەکی دیکەی عێراق بە گشتی کە لە ساڵانی رابردوودا لە دەسەڵاتدا بوون و بە تیڕوانینی سەدر جگە لە ماڵوێرانی ھیچی دیکەیان بۆ عێراق پێ نەبووە.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە موجامەلەکردنی موقتەدا سەدرە لەلایەن سیاسییەکانەوە، لە پرۆسەی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەران دەکشێتەوە دەستخۆشی لێدەکەن و دەڵێن پیاوێکی نیشتیمانییە و لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە بەبێ ئەو عێراق بەڕێوەنابرێت، کاتێکیش دەیویست حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبھێنێت زۆربەیان دژایەتییان دەکرد و پێیان وابوو پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی باشرین بژاردەیە بەو پێیەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت.

وتاری مەراسیمەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠٢٢ لە بەغداد لەگەڵ ئەوەی پەیامێکی دژ بە ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان بوو، لەلایەن ھەندێک سیاسی دیکەوە پشتیوانی کرا، بۆ نمونە مستەفا کازمی و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و چەندین سیاسی دیکە وتارەکارەی سەدریان بە رێگەیەکی نیشتیمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق وەسفکردووە، لە ھەمان کاتیشدا لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کە وتارەکەی سەدر بە دژ بەمان دادەنرێت و لەسەر پێکھێنانی حکومەتیش زۆرترین کێشەیان ھەبووە.

ھەڵوێستی ھەندێک لە سیاسییەکانی عێراق و موجامەلەکردنی سەدر ئەو پەندە کوردییەی بەسەردا دەسەپێت کە دەڵێت وەک گای ناو جۆگە لە ھەردوو بەر دەخۆن، چونکە لەلایەن پشیتوان و ھاوپەیمانی سەدرن و لەلایەکی تریش لەگفوگۆدان لەگەڵ نەیارەکانی سەدر.

لەگەڵ ئەوەی کەسایەتی سەدر بۆ زۆربەی شەقامی عێراقی و سیاسی و کەسایەتییە دیارەکان روونبووەتەوە کە کەسێکی راڕایە و ھیچ کاتێک بڕیارەکانی نەگەیاندووەتە کۆتایی ڕێگە و دوای ماوەیەک لە دەرکردنیان لێیان پاشگەزبووەتەوە، بەڵام زۆر سەیرە بۆچی بەو شێوەیە موجامەلەی دەکەن و ھەرچی بڵێت بە باش و خراپ پشتیوانی دەکەن، باشی نیشتیمانپەروەری و روبەڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە و خراپیشی ھەر نیشتیمانپەروەری و روبەڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە بەلای زۆربەی ھەرەزۆری سیاسییەکانی عێراقەوە، کە ئەمەش چارەسنوری رەوشی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق بەرەو ھەڵدێر و قۆناغێکی مەترسیدار دەبات کە باجەکەشی تەنھا ھاوڵاتی دەیدات.

دواجار کورد چیی بکات لە دەرەنجامی ئەو نەخشە ڕێگا نوێیە؟ 

ململانێکان لەو عێراقە لە نێوان کورد و شیعە نییە ئێستا، بەڵکو بلۆکی گەورەی شیعەی عێراقییە لەگەڵ بلۆکی گەورەی شیعەی ئێرانیی، کورد کە ھێشتا بەتەواوی نەبووەتە لایەنێک لەو گەمە و ململانێی مەزھەبییە، دەبێت ھۆشیارانەتر ھەنگاو بنێت، چونکە ماف و خواستەکانی لە ژێر ھەژموون و بارمتەی قورسدایە.