مام جەلال و شایەتیدان لەدادگایی سەدام حسێندا

26/10/2022
372 جار خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود

لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەش  بۆچونی خۆی خستە روو.  بابەتی دادگاییکردنی سەرۆک کۆماری پێشووی بەستۆتەوە بە گۆڕانی حوکمڕانی لە عیراق و، کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی. لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کەپێی وترا رژێمی سەدام لە ئەنفالدا ئێوەی بەئامانج گرتوە وەک شایەتحاڵ بەشداری دەکەیت لەدانیشتنەکانی دادگادا؟.
 لە وەڵامدا سەرنجی دادگاو رای گشتی و یاساناسانی بۆلای خۆی راکێشا. مام جەلال وتی:-(کاتێک دادگا بانگم بکات ئامادە دەبم) ئەم دەستەواژەیە، 'دادگا بانگی بکات' لەمەغزادا چەندین خوێندنەوەی نوێ لەژیانی سیاسیی، بەتایبەتی پێگەی سەرۆک کۆماری عیراق هەڵدەگرت بۆ ئەو ساتەوەختە. چونکە ئەمە یەکەم جاربوو سەرۆکێک لەماوەی زیاتر لە سی و پێنج ساڵی رابردووی ئەم وڵاتەدا بەئاڕاستەیەک قسە بکات, کەدەرخەری ئەوەبێ هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێک چیتر لەعیراقی دوای بەعس و دیکتاتۆریەتدا لەسەرووی دادگاو یاساوە نابێت. سەروەریی یاسا پارێزراو بێت و هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن. لەنزیکترین کاردانەوەدا بۆ ئەم دەستەواژەیەی بەکاری هێنا. جەعفەر موسەوی سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتی دادگاکە رایگەیاند: مانای ئەوەیە عیراق خێری بەسەردا باریوە. کە مام جەلال بەم دەربڕینە رێز لە دادگا و یاسا دەگرێت. ئەمە با ببێتە بنەما بۆ ھەمووان. هەروەها وتی: یەکەم کەسیش کەئەمەی خستە چوارچێوەی دەستەواژە راستەقینەکەیەوە، مام جەلال بوو. بۆ سەرۆک کۆمارێک کەهەموو تەمەنی لەخزمەت ئازادی و  بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکاندا بەخەرج دابێت. بەسەختترین رێگای خەبات لەشاخ و شیاوترین شێوازی سیاسی و  دیبلۆماسی بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت گرتبێتە بەر، دەبێ بەو جۆرە هەڵوێست بنوێنێ.
مام جەلال مافپەروەر بووەو لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادی گەلانی عیراق بوە سەرۆکی عیراق. ئەگەر وەکو شایەتحاڵیش بەشداری دادگای بکردایە ئاسایی دەبوو, چونکە خۆی کەسێکە رێبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی شاڵاوی ئەنفالی کردوەو؛ لەنزیکەوە لەگەڵ خەڵکدا ژیاوەو هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر. وەک کەسێکی ئاساییش زەرەرمەند بوەو، ماڵیشی وەک ھەزاران خەڵک و شایەتحاڵەکانی تر رووخێنراوە. 

کاتێک حوکمی لەسێدارەدان بۆ سەدام حسێن دەرچوو لەسەر دۆسیەی دوجەیل. بەپێی حوکمە بەرکارەکانی یاسا لە عیراقدا دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆی ئەو حوکمە بکات. 
کە حوکمی لەسێدارەدانەکە دەبرێتە بەردەم سەرۆکی عیراق مام جەلال، واژۆی بڕیارەکە ناکات. دیارە لەبەر دوو ھۆکار خۆی لە شوێنی جیاجیادا ئاماژەی پێکردوە.
یەکەم:  لەسەردەمی پێش رووخانی رژێمی سەدام، مام جەلال وەک پارێزەر ئیمزای لەسەر لائیحەیەکی نێودەوڵەتی کردوە بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان لە جیھاندا ھەڵبوەشێتەوە. لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقی ئەوسەت جەخت لەو خاڵە دەكاتەوە.
دووەم: وەک جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئینتەرناسیۆناڵی جیھانی. وەک چەترو رێکخراوی سەرجەم حزب و پارتە سۆسیالدیموکراتەکانی جیھان، گونجاو نەبوو. وەک خۆشی دەڵێ لەبەر ئەوەی من ئیشتراکیم تەحەفوز ئەکەم و ئەو ئیشە بۆ دوو جێگرەکەم بەجێدێڵم.
کاتێک مام جەلال بەو هەڵوێستەوە بیروبۆچوونە راستەقینەکانی خۆی لەسەر پرۆسەی دادگایی سەدام و سەرانی تری رژێمەکە دەردەبڕێت، دەبێتە جێگای مشتومڕی ھەمە لایەنە لە دونیای عەرەب و، رای گشتی عیراق بەتایبەتی. میدیاکان ئەو ھەڵوێستە کۆنەی سەدامیان تازە کردەوەو باس دەکردەوە لەبارەی مام جەلالەوە کە بڕیاری لێبوردنی بۆ ھەموو کەسانی دژ بە رژێمەکەو موعارەزەی کوردستانی و عیراقی دەردەکرد. لە خواری بڕیاری عەفوەکەدا دەنوسرا ئەم لێبوردنە تەنیا جەلال تاڵەبانی ناگرێتەوە. واتە تەنیا کەسێک دەرفەتی ژیان و مانەوەی نەدرابێتێ لەعیراقدا لەلایەن سەدام و رژێمی بەعسەوە مام جەلال بووە.
ئەوەش دەرخەری ئەوەبووە رژێمەکەی سەدام حسێن لەیەکەم ھاتنە سەر دەسەڵات لە کودەتای سەربازی دوانەی ( بەکر - سەدام)لە ١٧/تەموز/١٩٦٨ ەوە، مام جەلالی بەمەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتەکەی زانیوە. تواناو رێبەرایەتیکردنی ئەویان بۆ وەرچەرخان لە عیراق لایان شتێکی دیراسەکراوو چاوەڕوانکراو بووە. لەبەر ئەوەش هەر کاتێک ئەو لێبوردنە ساختەیەی ساڵانە لەبۆنەکانی بەعس و موناسەباتەکانی خۆیاندا بۆ (یاخیبوان) دەریان دەکرد. لەدوا دێڕی (عافوات) ەکانیاندا ئەو دێڕە دەنوسرا (ئەم لێبوردنە هەموو کەسێک دەگرێتەوە لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات تەنیا جەلال تاڵەبانی نەبێت). وەک شایەتحاڵێکی ناو رووداوەکانی ئەنفال و هەم وەک شکایەتکارێک لەسەر ئەو ستەمانەی دەرهەق بەخودی خۆی و  گەل و نەتەوەکەی کرا، بەبۆچوونی من ئاسایی بوو مام جەلال بچێتە بەردەم دادگا.
بەڵام نەچوو. لە شوێنێکی تردا مام جەلال لەبارەی دادگایی سەدام حسێن و رۆڵی دادگاییەکە پرسیاری لێ کرا، لە وڵامدا وتی 'من وەک سەرۆک کۆمار ھەرچۆن و بەھەر بارێکدا قسە بکەم لەوانەیە کاریگەری لەسەر رەوشی دادگاکەو بابەتی سەربەخۆیی دادگاکە دابنێ. بەڵام دادگایی کردنی ئاشکرای سەدام حسێن یەکێکە لە ئاماژەکانی گۆڕانکاری'.
لە سەردەمی خەباتی شاخیشدا کاتێک دادگای شۆڕش سزای ئیعدامی دەرکردبێت بەدەگمەن مام جەلال وەک رابەری شۆڕشی نوێ واژۆی کردوە.
ئەو ساتەوەختەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ سەدام دەرچوو لە شەقامەکانی بەغداو شارەکانی تر شەڕێکی خوێناوی لەنێوان سونەو شیعە بەرپابووبوو لە ژێر ناوی ئیرھاب و دەسەڵات!
مام جەلال لەم مەسەلەیەدا دور بین و ورد بوو، نەیدەویست کێشەی قوڵ و مێژوویی  لەنێوان سونەو کورد دروست ببێ، لەکاتێکدا دەیزانی ئەگەر بڕیاری دادگاش واژۆش نەکات سەدام ھەر لە سێدارە دەدرێت و شیعەکانی کاربەدەست مەبەستیان بوو رۆژێ زووتر کۆتایی بەژیانی بھێنرێت.
ئەو خۆ بەدورگرتنەی لە ئیمزاکردنی حوکمی لەسێدارەدانی سەدام دوربینی مام جەلالی دەرخست و ستایشی ھەڵوێستی کرا، لەبەرامبەردا تووشی رەخنەش نەبوەوە. نە لە کوردستان و عیراق، نەلەئاستی جیھانی عەرەبیش.
چونکە شۆڤێنیەتی عەرەبی نیگەران بون بە بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام.
نەک ھەر ئەوە بۆ لەسێدارەدانی تارق عەزیز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە،  مام جەلال لە رێگەی کەناڵی فرانس ٢٤ ی فەرەنسیەوە بەمیدیاکانی جیھانی راگەیاند ئیمزا لەسەر حوکمی لەسێدارەدانی ناکات. وتی لەبەر ئەوەی تەمەنی لەحەفتا ساڵ تێپەڕی کردوە.
تارق عەزیر لەبەر ئەوەی مەسیحی بوو دەوڵەتی ڤاتیکان بە رەسمی داوای لە عیراق کرد، لە سێدارە نەدرێت.
رووسیاش ئەو داوایەیان کردبوو سزاکەی بگۆڕدرێت.
جگە لەم بابەتە چیرۆکی زۆر لەنێوان مام جەلال و سەدام وەک دوو نەیارو دوژمنی  مێژوویی ھەبووە.
دوو ھەفتە پێش رووخانی سەدام لە ٢٠٠٣/٣/٢٦ نامەی بۆ مام جەلال نارد کە پشتگیری ئەمریکیەکان نەکات لە رووخاندنیدا، لە نامەکەدا باسی ئازایی مام جەلال دەکات لە بڕیاردا. ھەروەھا زمانی نامەکە ھەڕەشەی دیبلۆماسیانەی تێدایە کە ئەگەر لە( باکور) ەوە ھاوکاری ئەمریکیەکان بکەن عاقیبەتی باش نابێت.  مام جەلال لە ٢٠٠٣/٤/٤ پێنج رۆژ پێش کەوتنی، وڵامی نامەکەی سەدام دەداتەوەو، بۆی دەنوسێ" بیستم و دواتر نامە ھەڕەشە ئامێزەکەتانم خوێندەوە کە بۆ منتان ناردبوو، ھەرچەندە بە ئاواتەوە بووم نامەکەتان بەمەبەستی ئاشتبونەوەی نیشتمانی بوایە، لەسەر بنەمای کۆتایی ھاتنی دکتاتۆریەت و دامەزراندنی حوکمێکی دیموکراسی پەرلەمانی فیدراڵی فرەیی لە عیراق. بەداخەوە ئێوە دەرسی پێویستتان لەکارەسات و ماڵوێرانی وەرنەگرتوە. کە بەھۆی دیکتاتۆریەتی سەرەڕۆوە بەسەر گەلی عیراق و ئابوریەکەی و سوپاو قەوارەکەو شەڕی ناوخۆو ھەرێمایەتی و جیھاندا ھات. ھەڕەشە کردنتان بۆش و پووچە. چونکە سەرکردایەتی ھاوبەشی کوردی رایگەیاندوە کەلە موسڵ و کەرکوکەوە ھیچ جەبھەیەکی باکور نیە. دواتر ئێوە بە درێژایی حوکمتان گشت جۆرە زوڵم و دوژمنکاریەکتان دژ بەگەلی کوردستان کردوە، کە باپیرانتی حەواندەوە، کاتێ والی بەغدا لەسەردەمی عوسمانیدا، ھەڕەشەی لەناوبردنی لێکردن. ئێوە وەک یەکەم حاکم کە دەستی بۆ چەکی کیمیایی بردبێ دژی گەل و ھاونیشتمانی خۆی، چووە مێژووەوە. بە ئاشکرا شانازیتان بە چالاکیەکانی ئەنفالەوە کرد. کە تاوان و دوژمنکاریەکی قێزەونی لەمێژوودا بێ وێنەیە. ھێزەکانی ئێوە گشت گوندو شارۆچکەیەکی کوردستانی عیراقی وێران کرد.......ھتد
بەڕێز سەدام حسێن گەر ئێوە دڵسۆزی بەرگریکردنن لە عیراقی مەزن ئەوە بەجەنگی ماڵوێرانکەری دۆڕاو کە ئەنجامەکەشی روون نابێ، بەڵکو بەوە دەبێ کە دەست لەکار بکێشنەوەو دەستبەرداری حوکم ببن و بیدەنە دەست وەزارەتێکی نیشتمانی ھاوپەیمانی گەل و نیشتمان، کەلە شەڕی دیکتاتۆری رزگاری بکات. بەم جۆرە کۆتایی بەژیانی سیاسی خۆت بھێنی.....
سڵاو لەو کەسەی رووی لە روناکیە.
مام جەلال ٢٠٠٣/٤/٤".. 
ئەوەبوو ئەمریکاییەکان بەشێک لە بینا گرنگەکان و دامەزراوەکانی بەغدای پایتەختیان وێران کرد ئینجا سەدام لە ٢٠٠٣/٤/٩ بەجێی ھێشت و چووە کونەوە.
سالار مەحمود