لۆزان. بەڵێننامەی بێ دەوڵەتکردنی کورد

25/07/2022
853 جار خوێندراوەتەوە

هاوڕێ تۆفیق

پاش تەواوبونی جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨)بەرەی براوەی جەنگ کە لە بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیاو و یابان و سربیا یۆنان و رۆمانیاو چەند دەوڵەتێکی تر پێکھاتبوو ،دەستیان کرد بە دابەشکردنی خێرو بێری جەنگ بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مەرجیان بە سەر وڵاتانی دۆراوی جەنگدا سەپاند. کە بریتی بوون لە وڵاتانی روسیای قەیسەریی و ئیمپراتۆریای عوسمانیی و چەند دەوڵەتێکی تر.

لە بەرواری ١٩٢٣/٧/٢٤ لە شاری لۆزانی سویسرا ،ئەم بەڵێننامە گرنگو فراوانەیان ئیمزا کرد. کە پێکھاتوە لە ١٤٣ بەند، جەوھەری پەیماننامەکە ئاگربەستی ئاشتیە لە نێوان ھاوپەیمانان لەلایەک و حکومەتی نیشتمانی باڵای تورکیا، لایەکی تر. لەو سەردەمەدا جەنگی سەربەخۆیی تورکیا دژی ھاوپەیمانان لە ناو تورکیادا ھەڵگیرسابوو. خاڵێکی تری جەوھەری لەناو  بەڵێننامەی لۆزاندا   ھەڵوەشاندنەوەی ڕیکەوتننامەی سیڤەری ١٩٢٠ بوو ،کە لەکاتی خۆیا بە فشاری دەوڵەتانی ھاوپەیمان دەوڵەتی عوسمانی کە دۆراوی جەنگ بوو  ئیمزای کردبوو. کەبەپێی ئەو ریکەوتنە دەوڵەتێک بۆ کوردەکان لە تورکیادا دروستدەکراو  ولایەتی موسڵیش کە دەکاتە کوردستانی باشوری ئێستا ،دەتوانێ خۆی بەو دەوڵە کوردییەوە بلکێنێ .

لە سیفەردا بەندێکی تیادا ھەیە، کە سەربەخۆیی بە ھەموو گەلانە دەبەخشێ کە تورکی زمان نین.  

لێرەدا باشتر وایە بە گوێرەی ریزبەندی مێژوویی زنجیرەی رووداوەکان بگێرینەوە. لە ٣٠ ی ئۆکتۆبەری ١٩١٨ لە مۆدرس دەوڵەتی عوسمانی بە رەسمی دەستی ھەڵبڕیی و خۆییابەدەستەوە. شەریفی کوری حسێن کە بە شەریفی مەککە ناسراوە. لە ناوچەی حیجازی عەرەبی لە ساڵی ١٩١٦ وە شۆرشی گەورەی عەرەبی ھەڵگیرساندبوو کە داوای سەربەخۆی ناوچە عەرەبیەکانی ژێر دەستی عوسمانی دەکرد، ئینگلیز کە سەرکردایەتی ھێزی ھاوپەیمانانی دەکرد، لە کاتی جەنگدا بەڵێنی دابوو ھەموو ئەو گەلانەی کە ژێر دەستەی عوسمانین ئازادییان بکات.ئینگلیزەکان ئەفسەر (نوئێل )یان بۆ کوردستان نارد ،ھەتاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ  سەرکردەی خێڵ و دەوسترۆیشتوە کوردەکان بکات بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی دۆراوی جەنگ. 
لە پاریس ئینگلیزەکان لە١٨ ی دیسەمبەری ١٩١٨ کۆنگرەی سوڵحیان بەست کە کارەکانی ھەتاوەکو ١٩٢٠ دریژەی کێشا. لەو کۆنگرە زۆربەی دەوڵەتان بەشدابوون ،ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوە بوو کە  پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی لە نێوان وڵاتان ھاوپەیمان دابەشبکەن. 

کۆنگرەی سوڵح و ژەنەراڵ شەریف پاشا 

کورد بەشێوەیەکی نارەسمی بەشداری کۆنگرەکەی کرد .شەریف پاشا بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی تەعالیی و تەرەقی و حزبی سەربەخۆیی کوردو چەند بزاڤتێکی تری کورد بەشداریکرد، پاشان ئەندامانی نوێنەری کورد زیاتر بوون و ھەریەکە لە فەخری عادل بەگ و عادل بەگ ماردینی و ساڵح بەگ حوسنە بەشدارییانکرد.

لە بەشی باشوری کوردستانیشەوە خاوەنی شکۆ مەلیک مەحمودی حەفیدی نەمر. نوێنەری خۆی بۆ کۆنگرەی سوڵح نارد، بەڵام ئینگلیزەکان ریگەیان پێنەدا بەشداری بکات . بۆ یەکەم جاربوو کە ئینگکیزەکان لە کۆرێکی گەورەی نێودەوڵەتی بە رەسمی باسی کێشەی کورد بکەن، نوێنەری ئینگلیز لە کۆنگرەکەدا وتبوی؛ دەبێت ھەر یەکە لە دورگەی عەرەبیی و فەلەستین و ئەرمینیا سوریاو کوردستان بە تەواوی لە دەوڵەتی عوسمانی جیاببنەوە. بەریتانیا داوای دابەشکردنی کوردستانی بەم شێوەیە کرد، بەشی باشور بدرێت بە ئینتیدابی بەریتانی، باشوری خۆرئاوا بدرێ بە فەرەنسا،کوردستانی رۆژھەڵاتیش لەتەک ئێراندا بمێنێتەوە.

شەریف پاشا لە کۆنگرەکە داوای کوردی پێشکەشکرد .کە خۆی لەسەربەخۆیی تەواوەتیدا دەبینیەوەو داوای دەکرد ھاوشانی ئەرمینیا کوردستانیش سەربەخۆ بێت.شەریف پاشا داوایکرد سنوری دەوڵەتەکە لە دەریای قەزوینەوە دەست پێ بکات بە درێژایی دەریای ناوەراستدا بێتە خوارەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کورد بتوانێ سەروەت و سامانی خۆی ھەناردەی دەرەوەبکات .لە ھەمان کاتدا ھەموو ئەوانەیکە لەو ناوچانەدا  کوردی زمانن بلکێنرێن بە دەوڵەتی کوردییەوە.

کۆنگرەی لۆزان ماوەی ھەشت مانگ درێژەی بە کارەکانیدا .ھەتاوەکو لە ١٩٢٢ لە کۆتایدا ھاوپەیمانەکان تەسلیمی فشارەکانی تورکیای تازە بوون و دەستبەرداری بەڵێنەکانیان بۆ سەربەخۆی کورد بوون، ھۆی سەرەکی بۆ پاشگەزبونەوەیان ،ترسی ھاوپەیمانان بوو لە تورکیا کە بچێتە پاڵ یەکێتی تازەی سۆڤێت. 

شۆرشی ئۆکتۆبەر و کورد.

لە راستیدا لە پاڵ فشارەکانی تورکیا. روودای شۆرشی ئۆکتۆبەر و دامەزراندنی دەوڵەتی سۆڤێت ھۆیەکی گرنگو سەرەکی بوون بۆ گۆرانکاری سیاسەتی ھاوپەیمانان لەسەر مەسەلەی سەربەخۆی کوردستان . 

گەورەترین وانەی ھەڵھێنجنراو لەو مێژوودا خاڵێکی گرنگو پرماناو سەرەکیە، ئەویش گەلانی ناوچەکە بە عەرەب و تورک و ئەرمەنیەوە لە نێوان ھەستی دینی و مەزھەبی و نەتەوایەتی ، بەرژەوەندی نەتەوایەتیان ھەڵبژارد و گوێیان بە ئاینی داگیرکەریان نەدا ، شەریفی مەکە لە حیجاز کە ھەڵگری کلیلی کەعبە بوو ، یەکسەر لەگەڵ ئینگلیزی کافر رێکەتنی کردو دەستبەرداری دەوڵەتی موسڵمانی عوسمانی بوو، شەریفی مەکە لە نێوان ھەستی موسڵمانبون و عەرەب بوندا ، بێ دوو دڵی ،عەرەبونی پەسەندکرد. تورکەکانیش بە ھەمان شێوە بەرژەوەندی تورکیا لەلایان لە ھەستی ئاینی زۆر  گرنگتر بوو.

لە کۆتایدا:
بەراستی کوردایەتی ،وەکو تێزێکی فکری و سیاسی درۆیەکی گەورەبوو؟ یان پرۆژەیەکی دێرینەو رووحێکی زیندووی پێویستە؟ کێن نوسەری ئەم کتێبی درۆیە؟ درۆی سیاسیەکان ھاوتایە بە درۆی گەلێکی بێ دەوڵەت؟