ئیسرایل چۆن ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکای پەکخستوە؟

04/09/2022
4137 جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگ فەرەیدون نامدار

فەرهەنگ فەرەیدوون نامدار توێژەر و نوسەری سیاسیە و نوسینەکانی لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە چەندین زمان بڵاوبوونەتەوە.

دوای ڕازی بوونی ھەردوولا لەسەر زۆربەی بابەتەکان، ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکا گەیشتوەتە یەک خاڵ ئەویش بابەتی لێکۆڵینەوەی ئاژانسی ئەتۆمە لە سێ شوێن لە ئێراندا کە پاشماوەی ئەتۆمی تێدا دۆزراوەتەوە.

ئەمریکا لەگەڵ ئێران بەوە ڕیکدەکەوێت کە ئێران چالاکییە ئەتۆمیەکانی بوەستێنێت و ئەمریکیکاش ئەو سزایانەی پەیوەندی بە مەلەفی ئەتۆمی ئێرانەوە ھەیە ھەڵبگرێت، بەڵام ئاژانسی ئەتۆم دەلێت ئێران ڕێگەر نادات بزانین کە ئەو یۆرانیۆمەی دۆزراوەتەوە ڕەھەندی سەربازی ھەیە، واتە بۆ چەکی ئەتۆم بەکار دەھێنرێت یاخود نا.

ئێران دەڵێت ئەگەر ئەوان ڕێکەوتنەکە ئیمزا بکەن، کە ١٢٠ رۆژ ماوەی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ڕێکەوتنەکەیە و ئەو مەلەفەی ئاژانسی ئەتۆم دانەخرێت ھیچ سزایەک لانابرێت. بەمشێوەیەش ئێران و ڕابەری ئێران کە ھاوتای پۆستەکەی لە جیھاندا نیە ، توشی شەرمەزاری دەبن. وا دەردەکەوێت کە ئێران خۆی ملکەچی خواستی ئەمریکا کردوە لە کاتێکدا ئێران ھەمیشە دروشمی دژە ئەمریکا بەرزکردووەتەوە.

ڕێکەوتنەکە تێگەیشتنێکی سیاسییە نەک ڕێکەوتنێکی یاسای، ھەر لەبەر ئەمە ئێران جەخت لە کۆتای ھێنان بە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی ئەتۆمی دەکاتەوە، چونکە جێبەجێ کردنەکەی دەکەوێتەوە سەر ئێران و ئەمریکا. بۆیە ئەگەر لە ڕێکەوتنەکەشدا بنوسرێت ئەمریکا دەبێت سزاکان لابدات ھەتاوەکو ئاژانسی ئەتۆم مەلەفەکانی دانەخات ئەمریکا ناتوانێت سزاکانی لابدات چونکە ئەمە پرۆسەی سیاسی و یاسای ئەمریکایە. 

ئاژانسی ئەتۆم لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی کردوە بە لێکۆڵینەوە لەو سێ ناوچە و کۆتا جار ئێران ڕێگری لێکردون و ئاژانسی ئەتۆم ئاماژەی بەوە کردوە کە یەکێک لەو ناوچانە شاری مەریوانە لە ئێران کە بە ناوچەی تاقیکردنەوە ناوی بردوە.

بە گوێرەی ویکیلیکس و رۆژنامە جیھانییەکان سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆم چەندین جار چاوی بە سەرکردەکانی ئیسرایل کەوتوە پێش ئەوەی لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکا کۆبێتەوە. و ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسەکە لە ژێر ھەژموونی وڵاتانی ڕۆژاوادایە و ئیسرایل کاریگەری زۆربەھێزی بەسەریانەوە ھەیە و ئەمەش ھۆکارێکە ئێران بە لێکۆڵینەوەی ئەو ئاژانسە ڕازیی نیە و لەم ماوەی دوایدا دەری کردن لە وڵاتەکەی.

لە ئێستادا ئەم بابەتە تاکە بابەتە کە ڕێگری لە ڕێکەوتنەکە دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی فشارێکی زۆر لە سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمی دەکرێت کە بابەتەکە دابخات وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا کرا، بەڵام چونکە ئاژانسی ئەتۆمی ٢٢ وڵاتی ئەندام دەبێت ھەموو دەنگ بدەن لەسەر بابەتەکە بڕیاری لەو شێوەیە قورس دەکات و ئیسرایل لەم بابەتەدا زۆرکاریگەر بووە کاتێک نەیتوانی کۆشکی سپی قایلل بکات. لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک موساد فایلێکی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کرد، ترەمپ قایل بوو بەوەی لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە.

لەم دوایاندا دەیبینین کە بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرایل سەردانی ئەمریکا دەکەن نەک دیپلۆماتەکان و سیاسییەکان، چونکە ھەواڵگری ئیسرایل دەیەوێت بەو زانیاریانەی ھەیەتی کۆشکی سپی قایل بکات کەوا ئێران بەم زوانە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم و ئەتۆمەکانی دەشارێتەوە. ھەندێک لە بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردوە ئەگەر ڕێکەوتن بکرێت ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی لەناو نابات بەڵکو دەیانبات بۆ ڕوسیا تا ڕێکەوتنەکە ئێکسپایەر دەبێت. ئێران ئێستا خاوەنی ٣٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراوە.

ھەروەھا ڕێکخراوی ئەیپاکی تایبەت بە پەرەپێدانی پەیوەندی ئیسرایل و ئەمریکا پارەیەکی زۆر بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەداتە ئەو کەسانەی لە ئەمریکا خۆیان ھەڵدەبژێرن و پشتگیری ئیسرایل دەکەن. ڕۆژنامەی گاردیان نوسیویەتی کەوا لەم ساڵدا ئەیپاک ٢٤ ملیۆن دۆلاری خەرج کردوە بۆ سەرنەکەوتنی ئەو کاندیدانەی ڕەخنە لە ئیسرایل دەگرن. پەیدابوونی چەندین دەنگ دژی ڕێکەوتنی ئەتۆمی تەنانەت لە ناو دیموکراتەکانیش کە پارتەکەی بایدنە ئەوە دەردەخات کەوا ترسیان لەوە ھەیە پارەی ئیسرایل دژیان بەکار بێت و لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتودا سەرنەکەون.

میدیاکانی ئیسرایل ڕایانگەیاند کەوا لە کۆبوونەوەی ھەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرایلدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرایل ڕایگەیاندوە کە ھەڵمەتێکی چڕیان دژی ئیمزاکردنی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی دەست پێکردوە و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بون.

ھەروەھا یەکێک لە دانوستانکارە ئەوروپیەکان لە گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاندوە کەوا ئێران ھەوڵدەدات کە ھیچ وشەیەکی گوماناوی لە ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکەدا نەمێنێت و ئەمریکاش بە ئاسانی دەتوانێت چارەسەریان بکات. مەبەست لەمەش وشەی داخستنی یان کۆتایی ھێنان بە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی ئەتۆمە.

بەڵام ڕۆژی ھەینی، ئەمریکا ئەوەی ڕاگەیاند کەوا بابەتی ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمییەوە و ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا دوو بابەتی جیاوازن، ئەمەش بەو واتایەدێت کەوا ئەمریکا داواکارە لە ئاژانسی ئەتۆم بابەتەکە دابخات. بەمەشدا دەردەکەوێت کەوا ئەمریکا دەسەڵاتی ناچارکردنی ئاژانسەکەی نیە. ھەروەھا ئێران و ئەمریکا لەم بابەتەدا یەکدەگرنەوە و ڕونتر دەبێتەوە کەوا ئیسرایل ڕێگری سەرەکییە لە بابەتەکەدا.

ئەمریکا ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندی ئاژانسی ئەتۆم ڕێکەوتنەکە بکات چونکە ئەو ڕێکخراوە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەگرتوەکانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکخراوە ئەمریکا لە شەرعیەتی خۆی دەدات و متمانەی لای ھاوپەیمانەکانی لاواز دەکات وەک چۆن لە ڕوخاندنی سەدام حوسیەندا ھەموو ھەوڵێکیدا بۆ قایلکردنی ئەنجومەنی ئاسایش. پاشان ئەمریکا دامەزرێنەر و پاڵپشتی ئەم ڕێکخراوانەیە و سیستەمی جیھانی کە ئەمریکا ئەندازیارەکەیەتی ئەم ڕێخراوە نێودەوڵەتییان چاودێری دەکەن و بەڕێوەیدەبەن.

دواین وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا لەوەدا ئەمریکا و ئەوروپای نیگەران کردوە کە ئێران داوای گەرەنتی زیاتر دەکات و گەرەنتیەکانیش پەیوەندی بەوەوە ھەیە چ کاتێک ئاژانسی ئەتۆم لێکۆڵینەوەکانی کۆتای پێدێنێت، چونکە بەبێ کۆتای ھاتنی ئەو لێکۆڵینەوانە ھیچ سزایەک لەسەر ئێران لانابرێت و ئێران لەبەر ئەو ھۆکارە لەگەڵ ئەمریکا ڕێک دەکەوێت.