بۆچی ئێران و ئەمریکا بەم زوانە ڕێک دەکەون؟

21/08/2022
12294 جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگ فەرەیدون نامدار

فەرهەنگ فەرەیدوون نامدار توێژەر و نوسەری سیاسیە و نوسینەکانی لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە چەندین زمان بڵاوبوونەتەوە.

ئێران و ئەمریکا لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی ٢٠١٥ زیندوبکەنەوە و ھیچ داوایەکی تریان نەبێت و فشاری ئەوروپا بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنەکە لە ھەموو کاتێک نزیکترە. بڵاوکردنەوەی وردو درشتی ڕێکەوتنەکە لە میدیا ئێرانییەکاندا کە پێدەچێت لە دەنگی علی باقری بێت، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا.

ھەروەھا میدیاکانی ئیسرایل ئەوەیان ئاشکرا کردوە کە ئیسرایل ھەموو ھەوڵێک دەدات ئەمریکا لەگەڵ ئێران ڕێکنەکەوێت و ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کەوا ڕێکەوتن نزیکە و بڕیارە ئەیال ھولاتا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکا بکات و ئەمریکا قایل بکات کە ڕێكنەکەون. 

ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکا و یاخود بلۆکی ڕۆژاوا دەبێتە ھۆی ئەوە نرخی نەوت بە ڕادەیەکی بەرچاو داببەزێت و لە ماوەی شەش مانگادا ١٥ بۆ ٢٠ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک داببەزێت. بۆیە ئەمریکا کە شکستی ھێنا لە قایلکردنی سعودیە بە دابەزاندنی نەوت و ئێستە بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران ھەمان دەستکەوتی دەبێت.

لە دوای جەنگی ئۆکراین نرخی بەنزین لە ئەمریکا سێ ھێندە زیاد بووە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەنگدەرە ئەمریکیەکان ھەیە چونکە لە سەدا ٩١ی ئەمریکیەکان ئۆتۆمبێلی تایبەتیان ھەیە و ھەڵبژاردنی کۆنگرێس نزیکە، ھەر بۆیە بایدن و دیموکراتەکان دەیانەوێت بە کەمتردنەوەی نرخی بەنزین و ئەو کاڵا سەرەکییانەی زۆر بەکار دەھێنرێن لە لایەن خەڵکەوە دەنگ بەدەست بھێنن و لە کاتێکدا ترەمپ بەھێزە و بایدن بە ھۆی نەخۆشیەوە جەماوەری کەمیکردوە. 

ئەوروپا کە زۆرینەی سیاسی و شیکەرەوە و ئابوری ناسەکان ڕایدەگەیەنن دەچێتە پایز و سزتانی تاریکەوە باتەیبەتی دوای کەمکردنەوەی گاز و وزەی ڕوسیا و گرانبوونی وزە و ھەموو کاڵاکان بەتایبەتی بەنزین و گاز کە ڕاستەوخۆ گاریگەری لەسەر ژیانی تاکی ئەوروپی ھەیە. بە جۆرێک ئەوروپا پێشنیازی ئەوەی کردوە دەبێت ڕێگە بدرێت لە ماڵاندا پلەی گەرمی نزمتر بکرێتەوە بەھۆی کەمی وزەوە، واتە ئەگەر پلەی گەرمی ڕێگە پێدراو ١٥ سیلیزی بێت دەبێت لەمەولا ٥ سیلیزی یاسای بێت.

ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدان و لاوازکردن یەکێتیی ئەوروپا، بە تایبەتی لە کاتێکدا ھەندێک وڵات دەبێت تەنھا لەبەر یەکێتی ئەوروپا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ڕوسیا تێکبدات و ئەو حکومەتانەی کە بەدەنگی خەڵک ھاتوونەتە سەر حکوم لە ھەڵبژرادندا شکست دەھێنن بەھۆی گرانی و نالەباری وڵاتەکانیان، ھەربۆیە ئەوروپا ھەموو کارێکی کردوە بۆ ڕێکخستنی ئێران و ئەوروپا. وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا زیاتر و زیاتر لەلایەن گەلەکانیانەوە فشاریان دەخرێتەسەر بۆ ئەوەی سیاسەتێکی جیاواز لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا ھەڵبگرنەوە. وەک چۆن بەریتانیا لە یەکێتیەکە ھاتەدەرەوە. 

ھەرچەندە ئێران ئەو گەرەنتیەی پێ نەدراوە کە ئیدارەکانی داھاتوی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکەدا دەمێننەوە بەڵام ئیدارەی بایدن بەڵینی داوە کە تا سالی ٢٠٢٤ لە ڕێکەوتنەکەدا بێت و ئێرانیش دەستبەرداری ئەو مەرجەی بووە، چونکە دوو ساڵ و نیو کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئیران بتوانێت ئابوری خۆی ڕێکبخاتەوە و ئەو پارە زۆرانەی کە بلۆک کراون بگەڕێنێتەوە وەک ئەو حەوت ملیار دۆلارەی کە کۆریای باشور بلۆکی کردوە. 

گرنگی جیۆستراتیژی ئێران وای کردوە کەوا ئەمریکا بۆ بەزاندنی ڕوسیا بیەوێت ئێران لە ڕوسیا دور بخاتەوە بە تایبەتی لە کاتێکدا ڕوسیا بەڕووی ڕۆژاوادا داخراوە و ئێران و ڕوسیا تاکە دەرەچەی ڕوسیان بۆ دەرەوە. مۆسکۆ دەیەوێت درۆن و چەکی ئێرانی بکرێت و ئێرانیەکان بڕیارە مەشق بە فڕۆکەوانی رووسی بکەن.

ھەروەھا تەشەنەسەندنی کێشەی چین و ئەمریکا لەسەر تایوان تا ڕادەی جەنگ وای کردوە کە ئێران بۆ ئەمریکا گرنگتر بێت بەتایبەتی بەھۆی ئەو وزە زۆرەی ئێران بۆ چینی دابین دەکات و بە داشکاندنێکی زۆرەوەیە و نزیک بوونەوەی ئەمریکا لە ئێران کارتێکی ئاڵتونی دەبێت بۆ ئەمریکا بەرامبەر چین. ھەروەھا چین دەیەوێت ئێران لە خۆی نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لاواز بکات و ئەمریکاش تایوان بەو شێوەیە لە باشور و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا دژی چین بەکار دەھێنێت.

لە جەنگی ساردا تاوەکو سالی ١٩٧٩ ئێران یەکێک بوو لە وڵاتە سەرکیەکانی وەستانەوە دژی یەکیتی سۆڤیەت و ھاوپەیمانێکی زۆر بەھێزی ئامریکا بوو، بەڵام لە پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمریکا ناچار بوو لەگەڵ ھەنێک ھۆاکریتر پەیوەندی خۆی لەگەڵ چین تا ساڵێ ١٩٧٩ زیاتر لەگەڵ چین ئاسای بکاتەوە بۆ لە دەستدانی ئێران. 

کەواتە ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکا لە ھەموو کاتێک نزیکترە و بە ڕێکنەکەوتن ئێران زیاتر و زیاتر ھاریکاری چین و ڕوسدیا دژی ئەمریکا دەکات و نە ئەمریکا و نە ڕۆژاوا ئەمەیان ناوێت.