گرنگی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری دێلفی

09/04/2022
1514 جار خوێندراوەتەوە

ره‌وا بابان

دیداری دێلفی دیدارێکی ساڵانەی ئابووری سیاسیە کە لەلایەن دامەزراوە-رێکخراوێکی نا حکومییەوە خۆبەخشانە رێکدەخرێت، لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ساڵانە لە ‌یۆنان بەڕێوەدەچێت.

بنکەی سەرەکی رێکخراوەکە لە ئەسینایە ‌و لەچەند ھەرێمێکی تری یۆنان بنکەیان ھەیە، ئەم رێکخراوە (کۆمپانیا)یە پشت بەھاوکاریی و ھەماھەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی کەرتی گشتیی و کەرتی کۆمەڵایەتی و کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان دەبەستێت،  ناوچەی دێلفی سەر بە پارێزگاری فۆکیژا شوێنی دیداری ساڵانەی ئابوری دێلفۆنە کە ئەم دامەزراوەیە رێکی دەخات و دیدارەکەی لێ بەڕێوەدەچێت . 

بەشداربووان لەم دیدارەدا، خەڵکانی ئەکادیمی زانستیی و سیاسیی و سەرمایەدارو بازرگان و کەسایەتی بە ‌ئەزموونن، ئامانج لێی ھەوڵدانە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریە ھاوچەرخەکان کە کاریگەرییان لەسەر یۆنان و ناوچەکە بە گشتی ھەیە.
گەشەپێدانی ستراتیژی نوێ لەناو گۆڕانکاریی و چاکسازی بنەڕەتی بە ئامانجی بەرەپێشبردن و گەشەپێدانی بەرپرسانەی سیستمی حکومڕانی گونجاو و زیندووی ھاوچەرخە، بەئاراستەی یۆنان و ئەوروپا و ناوچەکە و رۆژھەڵاتی مێدیتێرانیان، بۆیە ئامانجی دامەزرێنەرەکانی ئەوەیە کە ساڵانە ئەم دیدارە رێک و ساز بەئەنجام بگەیێنن. 

سیمێیۆن تسۆمۆکۆس دامەزرێنەری سەرەکی ئەم دیدارە لەلێدوانێکیدا دەڵێت: یەکێک لەئامانج و ھیواکانی بۆ دیداری دێلفی ئەوەیە کە سیاسییەکان و دەسەڵاتداران لەھەردوولای رکابەر، لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە بتوانن گفتوگۆبکەن و لەسەر ھەندێ خاڵی سەرەکی رێکبکەون.

یەکێک لەگرنگیەکانی ئەم دیدارە کە جێی بایەخەو بریتییە لەوەی راستەوخۆ لەڕێی ھێڵی ئینتەرنێت و دیجیتاڵیەو ھەموو گفتوگۆو بابەتەکان کە ھاوچەرخ و سەردەمین و ھەروەھا پرسیارگەلێک بە ئاراستەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئابورییەکان پەخش دەکات بۆ ئەوەی زۆرترین بەشداربووی ھەبێت و سوود لەدیدو تێڕوانین و بۆچوونەکانی یەکتر ببینن.

لەو چوارچێوەیەدا نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەیۆنان لەدەستپێک و سەرەتای رێکخستنی دیدارەکەوە لە٢٠١٦ ەوە ساڵانە بەوردیی چاودێری کاروبارەکانی دیدارەکەی کردووەو بۆ ئەوەی کوردیش وەک گەلێکی زیندووی ناوچەکە کەخاوەن کلتورو شارستانێتی دێرین و ھاوچەرخە بەشداریی تێدابکات، چەندینجار لەگەڵ دامەزرێنەران و رێکخەران و لێپرسراوانی باڵای دیدارەکەدا گفتوگۆو کۆبوونەوەی دۆستانەی کردووە، تاخۆشبەختانەو سەرەنجام لەمساڵدا لەحەوتەمین دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیری ھەرێم و وەفدی ھاوڕێی  لەحکومەتی ھەرێم بەشدارییان لەدیدارەکەدا کردو لەنزیکەوە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای یۆنان داڕشتنی بنەمایەکی تۆکمەیان بۆ سیستمی بەڕێوەبردن و  گەشەپێدانی بنەماکانی کەرتی گەشتیاریی و ئابووریی تاوتوێکردووە..

 بۆ ئەمساڵیش ٢٠٢٢ بە بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیری ھەرێم و تیمی ھاوڕێی حەوتەمین دیداری ئابوری دێلفی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کەناوچەکە بەگشتی و وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەی بەھۆی پەلاماری سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بارودۆخەکە ئێجگار ھەستیارو تایبەتە. 

پێش قەیرانی کۆرۆنا لەساڵی ٢٠١٩ زۆرترین کەسایەتی لەبوارە جیاجیاکادا  بەشدارییان تێداکرد کە سێ ھەزار و ٢٠٠ کەس ئامادەی دیدارەکە بوون و تێیدا ئامادەبوون، دیدو بۆچوونەکانیان بەئا‌ڕاستەی بەرەوپێشچوون و تۆکمەکردنی بنەماکانی ئەو دیدارە خستەڕوو.

رەوا بابان  نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ‌یۆنان