وێستگەکانی شەمەندۆفەرێکی بێ ‌راوەستان

25/11/2023
1459 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵلا

ئەم زنجیرە نووسینە بیرەوەریی ژیانی کاک عیماد ئەحمەد نییە، ئەگەرچی ئەویش وەک تێکۆشەرێکی دێرین ھەقی خۆیەتی بیرەوەری و بەسەرھاتەکانی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، ئەم کتێبە شتێکی جیاوازە. ھەم چەند وێستگەیەکی بەسەرھاتەکانی خانەقین و کوردستان و عیراقە بە تامی کۆمەڵە و یەکێتی، ھەمیش بەسەرکردنەوە و وەفادارییە بەرامبەر ھاوخەبات و ھاوڕێ و دۆستەکانی لەم کاروانە دوورودرێژەی تێکۆشاندا لە دەورانی گەشەی چۆنایەتیی کوردایەتی لە خانەقی بۆ خامۆشیی ساتەوەختی ھەرەس تا تێھەڵچوونەوەی ئەڵقە خەباتگێڕییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بۆ شۆڕشی نوێ لە کوردستان تا بەغدای شانۆی فیگەرەکانی ھەڵۆی سوور، کە خانەقین لەو ناوەڕاستەدا ھەر رووباری ئەڵوەن و پردی پەیوەندیی نێوان پایتەختی کەینوبەینەکانی سیاسەتی بەغدا و پایتەختی سەرھەڵدانەوەی شۆڕش نییە، بەڵکو شارەکە خۆشی کێلێکی بەرزی خۆڕاگری و کارخانەیەکی  بەرھەمھێنانی کارەکتەر و پاڵەوانی ئەم داستانە مەزنەیە.

کاک عیماد لە چیرۆکی ئەم وێستگانەدا بەگشتی  رۆڵە سەرەکییەکانی داوەتە رەفیقەکانی و کەمترینیشی بە خۆی رەوا نەبینیوە؛ ئەمەش نھێنیی جوانی ‌نووسینەکان و بەھای گێڕانەوەکانییەتی. خاکەڕایی و لەخۆبردوویی گێڕانەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ ھەڤاڵ کاک عیماد ستوونێکی تۆکمەی ئەم تەلارە بەرزەی یەکێتی و کۆمەڵە نەبێت لە خانەقی بۆ بەغدا و بۆ سەرتاسەری جوگرافیای ناوچە ئازادکراوەکانی خەباتی چەکداری و ھەرێمی ئەزموونی حوکمڕانیی کوردستان لەدوای راپەڕینی ١٩٩١.

نووسەری ئەم زنجیرە نووسینە خزمەتێکی بەرچاوی تریشی کردووە: ھەر گێڕانەوەی یادەوەری لەسەر بەسەرھات و وێستگەکان و ھاوسەنگەرەکانی نییە، بەڵکو شێوازی نووسینەوەی بێ گرێ ‌و گوڵ و ھەمەڕەنگی بابەتەکانی، تایبەتمەندییەکی رۆژنامەوانیشی پێداوە.

کاک عیماد زیاتر سیاسییەکی کرداری و تێکۆشەرێکی کۆڕی مەیدانییە، بەڵام ھاوتەریبـی ئەم مەیدانی بوونە، ھەمیشە نووسین و ستوون و ھەڵوێستی لە سەکۆی رۆژنامەکاندا دیتراوە. کاتی خۆی ھەفتانە و دوای سەرقاڵیی زیاتریشی ناوەناوە لەسەر پەڕەی رۆژنامە کوردییەکانی وەک "کوردستانی نوێ" و ھی ‌تریش، ھەمیشە لە تەنیشت میدیا و رۆژنامەوانییەوە راوەستاوە. ھاوڕێیەتی و ھاموشۆی بێ خۆسەپاندنی لەگەڵ ناوەندی رۆشنبیری و رۆژنامەوانیدا، کردوویەتی بە دۆستێکی روح سووک و میوانێکی پێ و قەدەم خۆشی سەکۆکانی میدیای کوردستانی. لەم دەروازەیەوە بەندە زۆرم پێخۆشبوو کاک عیماد ئەم نووسینانە بکاتە کتێب و لەپاڵ ھەمەچەشنی و فرەیی وێستگەکانی "یەکێتیی بابەت"یشیان تیا زەق بکاتەوە. ھەر ئەڵقەیەکم لێ خوێندبێتەوە ئەم داوایەم دووپاتکردۆتەوە. بۆ ئەوەی وەک پێویستییەکی گشتیی نووسینەوەی مێژووی یەکێتی بیخەمە بەرچاوی، نموونەی چەند کتێب و سەرچاوەیەکم لەبەردەست بوو. یەکێتیی بابەت و یەک ‌ریتمی لەم نووسینانەدا دەریدەخات کاک عیماد زۆر پێویستی بە ھاندانی من نەبوو، چونکە بابەتەکان خۆی ماکی کتێبیان تیا بوو، کارێکی خاسیشی کرد کە ئێستا بۆتە ئەم بەرھەمە ناوازەیە.

ئەمەی گێڕامەوە لەسەر ماجەرای کتێبەکە بوو، دەنا چەند ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەم قەت ناگاتە ئەوی مامۆستا جەعفەر نووسیویەتی و پەسنی ناوەڕۆکی بەپێزی داوە.

 دەستخۆشی لە برای خۆشەویست و خەباتگێڕی بەھیممەتی یەکێتی و کوردستان کاک عیماد ئەحمەد دەکەین و خەرمان بەرەکەت.