لەئەنفالدا زیاتر لە سێ ھەزار مزگەوت روخێنراوە

07/04/2023
420 جار خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود

لەمانگی رەمەزاندا کورد ئەنفال کرا

 "دەمەوێت لەسەدام و عەلی کیمیاوی بپرسم بۆچی لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا کیمیابارانیان کردین و دایک و باوکم بەزمانی رۆژوەوە گیانیان لەدەستدا؟".
ئەم دەربڕینە وتەی یەکێک لەشایەتحاڵەکانی دۆسیەی ئەنفال بوو لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق. کەلەبیستەمین دانیشتنی دادگادا، لەکاتی گێڕانەوەی ئەو دەردە سەریانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا بەسەریاندا هاتووە لەناو هۆڵی دادگادا باسی لێوە دەکرد. سکاڵاکارە شایەتحاڵەکە خەڵکی گوندی(وەرێ)ی ناوچەی بالیسان بوو, بەزمانێکی سادەو کوردیەکی رەوانەوە؛ ئەو بەسەرهاتە دوورو درێژو پڕ مەترسیانەی گێراِیەوە. کەچۆن چۆنی لە ڕۆژی ١٨\٥\١٩٨٨ چوار فڕۆکەی رژێمی بەعس هاتوونەتە سەر گوندەکەیان و کیمیابارانیان کردووە. 
رۆژی حەشر چۆن بوو، ئاوامان بەسەر ھێنرا ترس و تۆقاندن و ناڵەو ھاوارمان گەیشتە کەشکەڵانی فەلەک. بەڵام ھەر سۆزو رەحمێکمان بەسەرا نەڕژا جگە لە دوکەڵ و غازی کوشتن و خنکاندن نەبێ.
سەدام حسێن بەبێ ئەوەی هیچ وڵامێک یان قسەیەکی بۆ ئەو پرسیارەی شایەتحاڵ هەبێ، بەو پەڕی خوێن ساردیەوە خۆی و عەلی کیمیاویش نقەیان لەخۆیان بڕیبوو.
لەو دەربڕینانەی شایەتحاڵەکە؛ کەتەزووی بەگیانی هەموو کەسێکی خاوەن هەست و کەسایەتیی و مرۆڤایەتیدا دەهێنا.
تەنانەت لەبەر خاتری ئەو مانگەو لەو مانگە پیرۆزەشدا بەعسیەکان دەستیان لە کورد قڕان ھەڵنەگرت.
جگە لەوەش بەگەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمەو هەڵوێستی دونیا، بۆ جیھانی عەرەبی  و  ریکخراوە ئیسلامیەکان و رێکخراوی دەوڵەتانی ئیسلامی بێدەنگیان شورەییەکی گەورە بوو. چونکە ھەموو دونیا بەئاگابوون لە ئەنفال. مانگە دەستکردەکان وڵاتانی بەناو مافی مرۆڤ و دیموکراسی بە 'مانگە دەستکردەکان'یان قافڵەی ئەنفالکراوەکانیان وێنە دەگرت. بە هەڵدانەوەی ئەو فایلانەو دەرخستنی ئەو راستیانە جگە لەچەسپاندنی تاوانەکانی رژێمی بەعس لەدادگای باڵای تاوانەکان، لەرووی سیاسیی و ویژدانیشەوە. زۆر لایەنی تریش بە ھەموو پێوەرێکی ئاسمانی و زەمینی خەتابار دەردەچن. لەو مانگەدا لەژێر ناوی لەشکری قەعقاع و قادسیەو خالد لەمانگی خێرو ئاشتیدا کوردی دەست بەدەستنوێژو  دەم و زمان بەڕۆژوو، گوندنشینی خاوەن مزگەوت و خانەقا, ئەنفال و کیمیاباران کراوە.  لەناو ماڵ وحاڵ و گوندی دوورە دەستی خۆیاندا خنکێنران. بەعس غەدری لە ئاینی ئیسلام و سورەتی ئەنفال و قورئان و سەرجەمی مرۆڤایەتی و ھەموو ناوو بەھاو پیرۆزیەک کرد لە ئەنفالدا.
ئەبێ تاوانی ئەو خەڵکە چی بێت؟ هەر وەکو دواتر پارێزەری دەستەی بەرگریکار لەمافی کەسێتی ئەنفالکراوەکان پرسیاری لەشکایەتکار کرد. بۆچی ئێوە کیمیاباران کراون؟ ئەویش دەمودەست هاتنە وەڵام و وتی: تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووین!.
پێیان دەوتین ئێوە جەلالین.. موخەڕیبن
هیچ پاساوو تۆمەت و بیانویەک نەبوو. ژن و مناڵ و پیرو خەڵکی بێدیفاع بەو جۆرەی بەسەریاندا هات مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوەی جەلادەکانی بەعس بەخەڵک و بە ناوچە ئەنفالکراوەکانیان کردوە, بەپێوانەی گشت یاسا ئاسمانی و زەمینیەکان؛ نەک هەر جێی نابێتەوە, بەڵکو قبوڵی ناکات. چونکە  نامرۆڤانەیی رەفتاری جەلادەکان دەرهەق بەژن و پیرو جوانی ناوگرتوخانەکان بەجۆرێک بووە،  مەگەر هەر خودی ئەنفالکراوەکان بتوانن بیگێڕنەوەو گوزارشت لەو ژان و ئازارو زوڵمە بکەن.
لەئەنفالدا زیاتر لە ٣٠٠٠ مزگەوت روخێنراوە.
بە رووخانی قەزاکانی ھەڵەبجەو پێنجوێن و سەید سادق و قەڵادزەو ناحیەکانەوە دەگاتە نزیکەی ٣٥٠٠ مزگەوت.
ئەمە جگە لە تێکدانی ئەو سەدان بەردە نوێژانەی لەسەر حەوزی ئاوو کانیاوەکان ھەبوون.
یاساناس تارق جامبار کتێبێکی نوسیوە بەناوی "اسماء اماكن العباده المدمره للمسلميين والمسيحين والايزيديين' تیایدا ئاماری ٢٨٥٥ پەرستگای ئاینی تۆمار کردوە کەلە شاڵاوەکانی ئەنفالدا روخێنراون.
ھەروەھا چەند سەرچاوەیەکی تری پچڕپچڕ لەو بارەوە ھەن بەڵام ھێشتا داتاو ئاماری تەواوەتی کۆ نەکراوەتەوەو دیکۆمێنت نەکراوە.
ھەر چەندە تاوانەکە بە ژمارەو بە کەم و زۆری نیە بەڵام گرنگە بە دروستی بزانرێ چەن مزگەوت و پەرستگا روخێنراون.
بەھەزاران کتێبی قورئان و تەفسیری ئایەتەکان و بەرماڵ سوتێنران.
ھەزاران کتێبی کوردی و دیوانەکانی مەولەوی و نالی و مەحوی لەتەکیەو خانەقاو دیوەخانی سۆفی و شێخ و مەلاکانی گوندنشیندا سوتێنران و ئەنفالکران.
بابەتەکە لەسەر ژمارەو کەم و زۆری روخانی مزگەوت و خانەقاو پەرستگاکان نیە، ھێندەی تێبینیە لەم مانگەدا چەند وتارێکی ئاینیمان نەبینی باس لەوە بکات لەم مانگەدا و بەناوی ئاینەوە کورد قڕان کراوەو ستەم لە کوردو ئاینەکەشی کراوە.!
پێویستە مینەبەرەکانی مزگەوت بەردەوام باس لەو تاوانانە بکەن و نەھێڵن بیربچێتەوە.
وتاری سیاسی دەسەڵاتی کوردستان چەن شەرمن و بێ پرۆژەیە لەبەرامبەر پرسی جینۆسایدی کوردستان، گوتاری ئاینیش بەھەمان شێوە خەم ساردو بێ ھەژانن لەو بارەیەوە.

لەناو دادگادا بەعسیەکان وڵامی ئەو ژنەو ھەموو کوردیان نەدایەوە بۆچی لەمانگی رەمەزاندا ئەو ھەموو خەڵکەیان ئەنفالکردو بردو نەھێنایەوە.
بەداخەوە ھێشتا کورد خۆیشی نەک بەدوای وڵامی ئەو پرسیارەدا نەچووە! بەڵکو پرسیاری لا دروست نەبووە بۆچی ئەنفال کرا.