بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ وا دەکات ؟

06/03/2022
1255 جار خوێندراوەتەوە

ھاورێ رواندزی

رەنگە ئەوەی ئەو پێشەکیە بخوێنتەوە بڵێت دەبێ چی کردبی؟

لەگەڵ سەرھەڵدانی نارەزایەکانی ئەم دوایەی خوێندکاران لەسنوری سلێمانی، ھەر زوو بافڵ جەلال تاڵەبانی پێش ھەموو کەسێک ھاتە سەرخەت و لەنزیکەوە دیداری لەگەڵ نوێنەری زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجامدا.

لەنزیکەوە گوێبیستی داوا رەواکانیان بوو، سێ کۆبونەوەی دور و درێژی لەگەڵ بەستن، دەستی کرد بەجێبەجێکردنی داواکاریەکانیان ھەر لەنۆژەن کردنەوەی بەشەناوخۆکان و دابینکردنی پێداویستیەکان و گەرانەوەی دەرماڵە بۆیان، ھەر بەوەش نەوەستا بۆ ئەوەی دوا رۆژی خوێندکاران و گەنجان گەش بێت بەڵێنی ئەوەی پێدان لەسەر ئەرکی یەکێتی ژمارەیەک پرۆژەی زانستی ئەنجام بدرێت لەپێناو باشترکردنی ئاستی زانکۆکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ پێشخستنی خوێندن و دۆزینەوەی ھەلی کار و ئامادەکردنی خوێندکاران بەپێی پێویستی رۆژ.

ئەو مۆدێلە بەلای من لەژیانی حزبایەتی نوێیەو حزب دەیەوێ یان باشتر بڵێن بافڵ جەلال تاڵەبانی دەیەوێ حزب ببێتەوە ئامراز بۆ خزمەت کردن نەوەک بار بەسەر شانی گەنجان و خوێندکاران. 

دیارە گەنجێکی وشیار میلەتێکی وشیاری لێبەرھەم دێت، گەنجان و خوێندکارانیش شادەماری ئەو کۆمەڵگایەن گرنگی پێدانیان بەم جۆرە و کۆبونەوەی لەگەڵیان بەچەندان سەعات دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێ دانەبرێت لەبەگەنج مانەوەی.

ئەوەی لەدورەوە لەرێگای ھەواڵەکان لەبارەی کۆبونەوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ خوێندکاران دەیبینم مایەی دڵخۆشییە ، بەدیوێکی تر دڵخۆشیەکەم زیاتر ئەوەیە راستەوخۆ خۆی دەیانبینێت نەوەک لەرێگای نوێنەر و کەسانی ترەوە.

ئەمرۆ خوێندکاران و گەنجان ھی سەردەمی راپەرین و پێش ڕاپەرینیش نین ئەوان ژیانێکی شایستەیان بۆخۆیان دەوێت مافی ڕەوای خۆشیانە، کەمافەکەیان بۆ دەستەبەر کرا ئەوانیش رێز لەخەبات و ماندوبون و قوربانیەکان دەگرن.
 کە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخۆیندکاران و گەنجان دەڵێت سەرمایەی نیشتمانی لای یەکێتی نەوت و غاز و داھات و پارە نییە، بەڵکو بۆ یەکێتی سەرمایەی نیشتمانی گەنجان و خوێندکارانی ئەو وڵاتەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەی واقعی ئەمرۆی کۆمەڵگەیە ، پەروەردەکردنی گەنجان و خوێندکارانە بۆ دوارۆژێکی گەش، پێشکەشکردنی ئەو ھەستە کرداریەیە کەبافڵ جەلال تاڵەبانی بەخوێندکارانی دا.

ھەر حزبێک خۆی لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سەردەم بگونجێنیت و لەدروشمەوە بیکاتە کردار ئەوا ئەو حزبە سەردەکەوێ، ھەر حزبێکیش گەنج و خوێندکارانی لەگەڵ بوو ئەوا ھەرگیز ناکەوێ.

لەکۆبونەوەکانی لەگەڵ خوێندکاراندا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشنیارو سەرنجی خوێندکاران وەردەگرێت لەبارەی چۆنێتی کارکردنی داھاتووی یەکێتی، لەبارەی پێویستی ئەمڕۆی خەڵک، داواکانی شەقام، پێویستی رێکخراوە خوێندکارییەکان و کارکردن لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی خوێندنی باڵا، ئەمەش بۆ یەکێتی ھەم بەرچاو رونی دەبێت کەئیستا خەڵک چی دەوێت و چی پێویستە بەمەش خەڵک روی لەیەکێتی دەبێت بۆ داھاتویەکی باشتر و خۆشگوزەران، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەی من تێگەیشتوم بەم کارانەی دەیەوێ بڵێت بارەگاو دامودەزگاکانی یەکێتی ئەو قۆناغەی تێپەراند تەنیا شوێنی حزبایەتی تەقلیدی بێت، ئێستا بارەگا گرنگەکانی حزب بۆ خزمەتکردنی گشتیە، نەوەک تەنیا بۆ ئەندامان و لایەنگران، بەمەش بافڵ جەلال  تاڵەبانی تەکانێکی خێرای بەرۆحی حزبایەتی دا.

کاک بافڵ کەدەڵێم بۆ وا دەکەی؟ زیاتر و زیاتریش بکە بۆ دوارۆژێکی گەش بۆ یەکێتی و گەشتریش بۆ کۆمەڵگە، خۆیندکاران سەرەتا بوون چاومان لەزیاترە، سەرۆک  مام جەلال کەسی بێ بەش نەدەکرد لەخزمەتکردن، ھەر بەردەوام بن بەڵام وەک خوێندکاران و گەنجان ئەوانی تریش ببینە ژیانی حزبایەتی دەگەشێتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتر.