خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و داوای ڕەوا و ڕێگای چارەسەر.

30/11/2021
758 جار خوێندراوەتەوە

سەرتیپ عەلی

رەھەندی دەستوری ؛بە پێی ماددەکانی دەستوری عیراق خوێندن بەخۆڕاییە لەکەرتی حکومەت کەواتە پێدانی مافی خوێندن لە عێراق بە کوردستانیشەوە ئەمە جێبەجێکردنی دەستورە و ھیچ منەتێکی تێدا نیە.

رەھەندی سیاسی؛ خوێندنی خۆڕایی لەکەرتی حکومەت وابەستەیی نیشتمانی و ھاووڵاتیبون لای تاک بەھێزتر دەکات .

دەوڵەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان، ئەو دەوڵەت و ھەرێمانەی  بەرھەمی نەوتی و  سامانی سروشتییان ھەیە دەبێت بە شێوازی جۆراو جۆر و بە پێی یاسا ھەستن بەدابەشکردنەوەی داھات بەسەر ھاوڵاتیان و زیاترکردنی خزمەتگوزاری کەرتی گشتی، ئەو وڵاتانەی نەوت و سامانە سروشتیەکانیان  نیە یان کەمتر خاوەنی سامانی سروشتین و پشبەستون بە پیشەسازی و دانانی باجی زۆر لەسەر داھاتەکان تەنانەت لە باج وەرگرتنیش جیاوازی ھەیە بە پێی زۆری داھات و ئاستی سەرمایە و لەسەر بنەمای باجی زۆرتر لەسەر خاوەن داھاتی زیاتر و دواتر داھاتی باجەکان لەلایەن حکومەت لەخزمەتگوزاری جۆراوجۆر خەرجدەکرێت و بەشێکی داھاتیش وەک ھاوکاری دەستەبەری کۆمەڵایەتی social insurance ئەدرێت بەو کەسانەی پێویستیان پێەتی وەک خەڵکی بێکار تا ئەو کاتەی کار ئەدۆزێتەوە ، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوانەی کەپێوستیان بەھاوکاری ھەیە یان خەڵکانی بێلانە و نەخۆش.

باکگراوندی دەرماڵە لەھەرێم ؛لەدوای ڕاپەڕین سەرەڕای کەمدەرامەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەرماڵە دراوە بەخوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان راستە ئەو کات  تەنھا سێ زانکۆ و سێ پەیمانگا ھەبوە بەڵام ئێستا ژمارەی خوێندکار و زانکۆو پەمانگاکان زیادی کردوە لەھەمان کات داھاتی حکومەتیش زیادی کردوە . بەراورد بەو ساڵانەی دەرماڵە ئەدرا .

دەرماڵە بۆ ھەموان یان بۆ بەشێک؟
 جار بەجار ئەو  پرسیارە دەکەین و دەکرێت ئایا ھەموو خوێندکارێک شایستەی دەرماڵەی ھەیە لەکاتێکدا خوێندکار ھەیە دەوڵەمەندە و مناڵی خواپێداو و کاربەدەست و کێ وکێن، یان ئایا دەرماڵەی ناوشار, بۆ ئەمە ئەگەر نمونەی بەشە خۆراک وەرگرین لە عیراق یان ئەو بەرمیلە نەوتەی بە حساب ساڵی جارێک بدرێت بەھەموو خیزانێک (نەشدراوە و جاری واھەیە دوو ساڵ و زیاتریش ئەیدەن) کەواتە ئەبێت ھەموو خوێندکارێک مافی وەرگرتنی دەرماڵەی ھەیە خۆ بڵێین پێویستی نیە ئەوە بۆ بەشە خۆراکیش راستە کە زۆر خەڵک پێویستی نیە و وەری ناگرێت،، بەڵام ئەزانن لە سەرۆکی کۆمار و سەرۆک وەزیر و سەرۆک ھەرێم و سەرۆکی پارلەمان و وەزیر و ھەموو پلە باڵاو ھەموو دەوڵەمەند و ھەژار ھەر ھەمووی ناوی لە لیستی بایعیدا ھەیە و وەری ئەگرێت یان ئەیدا بەخەڵکی ئەوە بژاردەی خۆیەتی، لێرەدا بنەمای یەکسانی پەیڕەوکراوە نەک دادپەروەری، وەک وتمان ھەموو کەس مافی دارایی بەسەر دەوڵەتەوە ھەیە. دەرەنجام دەرماڵە بە مانای وەرگرتنی پشکێک لە داھاتی خۆت لە دەوڵەت مافە بۆ توێژێکی وەک خوێندکار کە لە قۆناغێکدایە کاری نیە و خاوەن پیشە نیە ( بۆ ئەوانەی کە خوێندنیان تەواوکردوە کاریان ھەیە ئێستا؟!) وەک بەستنەوە و بەھێزکردنی رایەڵەی ئینتیما بۆ وڵاتیش کە ھەست بکەیت تۆش پشکێکی راستەوخۆت لە داھات بەردەکەوێت ئەمەش بایەخی درێژخایەنی خۆی ھەیە بۆ نەتەوە و دەوڵەت.        

ئەی خوێندکارانی ئەھلی چی بکەن؟  کێن ئەوانەی لە خوێندنی ئەھلی دەخوێنن؟
چەند گروپێکن _ ئەوانەی تەمەنێکیان ھەیە و دەرفەتی خوێندنیان نەبوە ئێستا دەخوێنن (و تاقیکردنەوە دەکەن ئەوانەی بۆ کۆلێژ و بەشێکی باشتر دەخوێنن فەرمانبەرن یان پەرە بەبوارەکەی خۆیان ئەدەن.._ ئەوانەی لە خوێندنی حکومی ناویان نایەتەوە یان لە بەشی دڵخوازی خۆیان ناویان نەگەڕاوەتەوە دێن لە ئەھلی دەخوێنن،،، بۆ ئەمە باشترین ڕێگا  پرۆژەی قەرزی درێژخایەنە چونکە ئەم خوێندکارانە سەرەڕای کرێی خوێندن خۆیان خەرجی بەشەناوخۆیی وھاتوچۆ ئەدەن و پێویستیان بە دەست گیرۆیی ھەیە ئەکرێت قەرزی درێژ خایەن وەرگرن و بەو ڕێوشوینەی  حکومەت کەھەیە بۆ وەرگرتنەوە  قەرز لێیان وەربگرێتەوە(وەک پێشینەی خانوبەرە و ...ھتد).

چۆن  ئەم دەرماڵەو قەرزی خوێندنە پەیدا بکرێت و بدرێت بە خوێندکاران؟

 دروستکردنی سندوقی  دارایی پشتیوانی خوێندکاران  بۆ  ئەم مەبەستە، سەرچاوەی پارەی سندوق بریتی دەبێت لەداھاتی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەو پارانەی لەزانکۆ و پەیمانگا ئەھلیەکان و وەردەگیرێت لەلایەن وەزارەتەوە، داھاتی بەکرێدانی کافتریا و ھۆڵەکان و تاقیگەکانی سەربەخوێندنی باڵا، رسوماتی وەرگرتنی بڕوانامە، ھاوکاری و بەخشینی کۆمپانیا و کەسایەتی و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، بەشێک لەداھاتی نەوت و غاز.

پەیامەکە نێردرا، دوای چارەسەر بڵێن پەیامەکە گەشت؛ دوو ڕۆژ خۆپیشاندان بۆ ناڕەزایەتی سەرشەقام بەڵام ئەو کاتانەشی لەماڵبن یان لە بەشە ناوخۆیی لەخەت بن بە مۆبایلەوە یان لە وەرزش و کتێبخانە ھەر ناڕازین و داوای مافی خۆیان دەکەن، جا ئەگەر بێدەنگ بن یان دەنگ ھەڵبڕن، زۆر جار بێدەنگی خۆی شێوازێکی ئاخاوتنە، بە ھیوای چارەسەری کرداریی.