کوردستان لە بەردەم دەرفەت و مەترسیدا

20/02/2022
332 جار خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد

مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێدا
بڕوامان وایە ھێزە سەرەکییەکان ئەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێدا بکەن و گۆڕانکاری و چاکسازی دەستبەجێ لە ئاستی ناوخۆیان و ئینجا لە ھەرێم دەستپێبکەن و سیستەمی حوکمرانی بگۆڕن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەم قۆناغە ھەستیارە بە ‌تایبەت بە ئاراستەی ئاشتکردنەوەی خەڵک و جەماوەر، چونکە کەمی بەشداری ھاووڵاتیان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق نیشانەی نیگەرانی و دوودڵی و نەمانی متمانەی خەڵکە بە سیستمی حوکمڕانی.

لە راستیدا لێکەوتەکانی ھەڵبژاردن و ئاراستەی دانوستان و دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی و غیابی حیکمەتی مام جەلال و ھاوپەیمانێتییەکانیش دەرکەوتێکی ترن کە مایەی نیگەرانی و رەنگە ئاماژەی مەترسیداریش بن، بۆیە لێکەوتەکانی ئەم قۆناغە، پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش پێویستە مایەی ھەڵوەستە و راچەنین و راچڵەکین و بەخۆداچونەوەیەکی تایبەتی و دەستەجەمعی جدی بن، بە جۆرێک وەڵامدەرەوەی پێشھات و ئەرکەکانی ئەم ماوە مێژووییە جیاواز و دژوارە بن.

لە تازەترین رووداویشدا بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی دەربارەی یاسای نەوت و گازی ھەرێم کە رایگەیاند «یاساکەی ھەرێم گونجاو نییە لەگەڵ دەستووری عیراق»، لە بەرژەوەندی ھەرێم نییە و یەکێکی ترە لە تەحەدییەکان و گۆمەکەی بە پێچەوانەی ویستی ھەرێم شڵەقاند، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی ھەرێم بە ھێمنی و بە وریایەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، نەک کاردانەوەی سەرپێی بنوێنێت. بۆیە وا پێویست دەکات ھەوڵی جدی و فراوان بدرێت بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە عیراق بە پێی دەستوور، بەشێوەیەک کە ماف وئەرکی ھەرێم بە روونی دیاری بکات و گەرەنتی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت و بەروونی پێگەی ھەرێمی وەکو قەوارەیەکی دەستوری تێدا پارێزراو بێت.

چونکە بۆ ئێمە روونە چارەسەری کێشەکان بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێم یان بە دەستێوەردانی حکومەتی ئیتحادی ناکرێت لە کاروباری ھەرێم، بەڵکو پێویستی بە دیالۆگێکی فراوانی گشتگیر ھەیە، چونکە نادیدەگرتنی پێگەی دەستوری ھەرێم گەورەترین سەرپێچییە لەسەر دەستوور.

گەندەڵی و ناعەدالەتی
بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە،‌ گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبوونی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیتحادیش زۆرە، دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق لە ئاستێکی شایستەدا نییە، ئەوە سەرەڕای دەوڵەمەندی شارستانی و فەرھەنگی و ئیداری و ئابووری عیراق، بەڵام دیسان دۆخی ئەوێش ئەوە نیە ئاھی بۆ بخوازرێت، لەم رووەوە پەنابردن بۆ بەغدا لە دژی دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەڵەیەکی کوشندەیە،‌ چونکە (ئەگەر کەچەڵ تیمارکەر بوایە تیماری سەری خۆی دەکرد)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە رای گشتی کوردستان بەھۆی توڕەییان لە ھێزە دەسەڵاتدارەکان و بەھۆی ئەو ناعەدالەتی و جیاکارییە حزبییەی ھەستی پێ دەکەن، دۆخەکە بەو شێوە سەیر نەکەن، بەتایبەت گەنجان و لاوان و توێژی کەم دەرامەت و فەرمانبەران و موچەخۆران، کە ئەمەش ئاماژەی مەترسییەکی ھەرە راستەقینەیە و گۆڕانێکی تەواو دراماتیکیە لە تێڕوانینی گشتی بۆ چەمکی کوردایەتی کە رووبارێک خوێن و چەند سەدەیەک راپەڕین و شۆڕشی لە پێناودا خوڵقاوە.

لە ‌سایەی ئەم دۆخە تازەیەی ‌کوردستاندا، پێویستە گۆڕانکاری بنەڕەتی و سەرانسەری ئەنجام بدرێت بەتایبەت لە بواری دارایی و ئیداریی و ئەمنیدا، کە ببێتە مایەی گێڕانەوەی متمانە.

لەم پێناوەدا ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو و زەمینە خۆشکردن لە بەردەم پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد و دانانی یاسایەکی نوێی ھەڵبژاردن لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کە جێگەی رەزامەندی دەنگدەران بێت، کاری ھەرە لە پێشە بەجۆرێک پاراستنی ھەرێم و دەسکەوتەکانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی زامن بکات.

دۆسێی وزە و سامانە سروشتییەکان

ھەر لەم نێوەندەدا رەنگە یەکێکی تر لە ھەنگاوە پێویستەکان ئەوە بێت لە پێکھاتەی کابینەی داھاتوو گۆڕانکاری ریشەیی و نەوعی بێتەدی بەتایبەتی بەڕێوەبردنی دۆسێی وزە و سامانە سروشتییەکان، کە گرنگە بە شێوەیەکی راستەقینە بە دامەزراوەیی و بە نیشتیمانی بکرێت و بخرێتە چوارچێوەیەکی کۆک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ھەرێم و تەبا لەگەڵ دەستووری عیراقدا.

دواجار دەتوانم بڵێم کوردستان بە شێوەیەکی رەھا لە نێوان ھات و نەھات دایە، لە نێوان دەروی دەسکەوت و بوونی مەترسی راستەقینەیە دایە، بۆیە تۆکمەکردنی ئەزموونی ھەرێم لە ناوەوە، پاڵپشت بە رەزامەندی خەڵک و بەدەستھێنانەوەی دوبارە پشتیوانییان، ھەنگاوێکی ئێجگار گرنگە، جگە لەم شاڕێیە، ھیچ ئەلتەرناتیڤێکی ترمان لەبەردەمدا نییە، چونکە بێ پشتیوانی خەڵک و بەھێزکردنی ئەزموونەکەمان لە رێگەی چاکسازییەکی راستەقینە و دیالۆگێکی ئەقڵانی و دواجار رێکەوتنێکی ھاوسەنگ و جێگیر لەگەڵ بەغداد، ناتوانین قەیرانەکان تێبپەڕێنین و پێگەمان بەھێز بێت لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیھاندا.