دادەی کوردایەتی و تەوارەکەی شۆڕش

22/04/2021
894 جار خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد

شوێنپێی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لە تولەڕێکانی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا، لە ھەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی مۆدێلێکی سیاسی و نوێخوازیی کوردایەتی، وەکو خۆی سەنگین، بەڵام بێدەنگن، لەوانەیە کەم کەس بزانێت کە ئەو خاتوونە لە شانەکانی دامەزراندنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستاندا بووە ‌و لە ‌سەرەتاکانی لەدایکبوونیدا بەشداربووە، ئیدی قۆناخەکانی دواتری ژیانی سیاسیی ھێرۆ خان بە ‌ھەمان شێوە ھێمن، بەڵام کاریگەر و پڕ مانا بوون، تاوەکو گەیشتە ئەوەی لە ‌ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندیی بە شۆڕشی نوێ و ھاوسەرەکەیەوە بکات و ئیدی بۆ ھەمیشە ڕووی کردە کوردایەتی و مام جەلال، دواتریش بە ‌تەونی شۆڕش ڕێگەی نۆکان و توژەڵە و شێنێیان بەستەوە بە کۆشکی کۆماری لە بەغدا و تیایدا مام جەلال بوو بە ‌شۆڕەسواری دیموکراسی و بە ‌حیکمەت و پشودرێژیی خۆی تەلیسمەکانی ئەو کۆشکە و کۆدەکانی دیکتاتۆریەتی شکاند و قۆناخێکی تازەی سیاسیی لە ‌عێراقدا نەخشاند، سەرەنجام مامی کوردایەتی بوو بە ‌یەکەمین سەرۆککۆماری کورد و مامۆژنیش بوو بە ‌خانمی یەکەم-ی کورد لە ھەموو عێراقدا.


ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێین مێژووی یەکێتی و تۆماری شۆڕشی نوێ بەبێ ھێرۆ خان ناتەواوە، چونکە ساتەکانی ئەو قۆناخە جیاوازانە گەر تۆمارکرابن ئەوە بەشێکی بەسەر شانی ئەوەوە ئەنجامدراوە،بەشێک لە حەکایەتە دەگمەنەکانی شۆڕش لەڕێگەی ھێرۆ خانەوە تۆمار و ئەرشیف کران، ئەو ساتەوەخاتانەی کە دووبارە نابنەوە،ئەو کردنی بە تۆمارێکی نەمر و نەوەکانی داھاتوو بەھۆیەوە دەتوانن بەسەر پەنجەرەکانی شۆڕشی نوێوە بڕوانن، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتیی بەردەوامی مام بوو، دایک و خوشکێکی بەردەوامی شۆڕشگێڕان و پێشمەرگەکان بوو، ئەو زۆرجار خۆی دەکردە قەڵغان بۆ ھاوڕێ و دۆستەکانی.

 من بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٩ لە قاسمەڕەش لەنزیکەوە ھێرۆ خانم بینی و یەکترمان ناسی، دوای ئاساییبوونەوەی نێوان یەکێتی و ئاڵای شۆڕش لەسەر داوای مام جەلال لە ڕەزایەوە لەگەڵ کاک ئەرسەلان بایز بەرەو قاسمەڕەش کەوتینە رێ، لە قاسمەڕەش بەرەو خانوویەکی گڵ چووین کە بەر ھەیوانەکەی بە نایلۆن گیرابوو، دەرکەوت ئەوە کۆشکی شۆڕش و کوردایەتییە و ئیدی لەوێ من بۆ یەکەم جار ھێرۆخانم بە شەرواڵێک و کراسێکی خاکی و بە ‌قژێکی رەش و تاڵ تاڵ سپییەوە بینی، تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ کردم، ئیدی لەوێوە ئاشنایی و نزیکی من لەگەڵ ھێرۆ خان دەستیپێکرد، تاوەکو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، سەختییەکانی ژیان و ھەڵبەز و دابەزی دنیای سیاسەت و ناکۆکییەکانی نەیانتوانی درز بکەنە ئەو پەیوەندییە، لە ‌ھەر وێستگە ‌و ھەلومەرجێکدا بووبێت، ئیدی دڵسۆز و خەمخۆری یەکتر بووین و ئەو ھەمیشە ھاوکار و پشتیوانی من بووە.

ئەو پەیوەندیەشمان ھەمیشە بۆ خێری یەکێتی و دۆست و ھەڤاڵان بوو، بەیەکەوە زۆر کێشە و ناخۆشی و ناکۆکیمان چارەسەرکرد.

 ھێرۆ خان لە ناخی خۆیدا بەر لەوەی سیاسی بێت، شتی دیکەیە، ئەوانەی لەنزیکەوە ئەو ژنە بناسن، دەزانن ھونەر و ھونەرمەندان، ئەدەب و ئەدیبان، دنیای منداڵ و مافەکانیان، میدیا و میدیاکاران ئیھتیمامی یەکەمی ئەو بوون، دەیویست سیاسەت بخاتە خزمەتی پرۆژەیەکی کو‌لتووری بۆئەوەی ناسنامەی کوردایەتی تەنیا ناسنامەیەکی سیاسی نەبێت و بوارەکانی دیکەش پێشبکەون.

 کەسایەتیی ھێرۆ خان تایبەتە، زۆربەی ژیانی لەگەڵ مام جەلال بەسەربرد، بەڵام مام جەلال نەیتوانی کەسایەتی و خەسڵەتەکانی قووت بدات، ئەو لە پرۆژەی سیاسیدا کتومت کۆپیی مام بوو، بەڵام لە ‌شتی دیکە ناسنامەی خۆی ھەبوو، بۆیە ھەمیشە ھەندێک شتی دەکرد، تەنیا لە ‌خۆی دەوەشایەوە.

 دوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و پاشەکشەی دەنگەکانی یەکێتی، من بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن بووم، رۆژێک خۆی و کاک دلێری سەید مەجید ھاتنە لام، گوتی ھاتووم گەر پێت ئاسایی بێت دەمەوێت بەرپرسیارێتیی مەڵبەندی سلێمانی وەربگرم، ئەمە بۆ من مایەی پرسیار بوو، چۆن کەسێک دوای شکست بیر لەوە بکاتەوە بەرپرسیارێتی وەربگرێت، بەتایبەتی مەڵبەندی سلێمانی، کە گۆڕان توانیی دەنگی زۆر بھێنێت و کاک نەوشیروان خۆیشی لە ‌کایەکەدا بوو، بەڵام ئەو پۆستەکەی وەرگرت و لەو وێستگەیەش بە رەفتار و کردارەکانی ئەو، پەیوەندیمان زۆر لە ‌جاران باشتر بوو، زوو زوو یەکتریمان دەبینی و پرس و راوێژمان بە یەک دەکرد، دوای ئەو قۆناخە و لە ‌کۆنگرەی سێیەمیش بە راستەوخۆ ھاتە ناو کاری حیزبایەتی و یەکەم دەنگی کۆنگرەی بەدەستھێنا و بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.

 ھێرۆ خان ژنێکی سەرڕاست و ئازا و بێ منەت بوو، بە ‌جەستە لاواز و باریک بوو، بەڵام لە ‌ناخ و جەوھەردا قایم و پتەو و وەکو دارحەیزەران بەرز، ژنێکی قسە لەڕوو و نادیپلۆماسی بوو، ئەوەی لە ‌دڵی بوو نەیدەشاردەوە، نەک ھەر بۆچوون و رایەکانی پێ نەدەشاردرایەوە، بگرە لە ‌پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشدا دانی بەخۆیدا نەدەگرت و ھەندێک شتی قووت نەدەدایەوە.
 خەسڵەتێکی دیکەی یەکجار تایبەتی ھەبوو، کە بێدەنگییەکەی بوو، ئەو زۆر کەمدو و بێدەنگ بوو، بەڵام بێدەنگییەکەی ھێندەی ھاواری زۆر کەسی دیەک کاریگەر و بیستراو بوو. ھەمیشە بێدەنگیی ئەو جۆرێک بوو لە قسەکردن کە بەرامبەرەکانی بە ‌روونی لێی تێدەگەیشتن.

 بەھۆی دۆخی تایبەتی و تەندروستییەکەی و پەتای کۆرۆناوە، ماوەیەکە من لە ‌دیدار و ھاموشۆی ئەو بێبەشم، بەڵام ھەمیشە بیری دەکەم وەکو چۆن بیری ئەڵوەن و دایکم و حەمید ئەکبەری ھاوڕێم دەکەم کە لە ‌شەھیدبوونیەوە بۆ ساتێکیش لەیادم نەچووە، ئێستاش کە بە ‌دەباشاندا رەتدەبم، بە ‌دەستی راستم روو دەکەمە ماڵی مام جەلال و دوعای خێر بۆ ھێرۆ خان و بەدەستی چەپیشم روو دەکەمە مەزاری مام و فاتیحا بۆ گیانی مام جەلال دەخوێنم.

ھێرۆخان ھاوڕێ و خوشک و پشتیوانێکی بەھێزی ھاوڕێکانی بووە، ھەمیشە بیری دەکەم، چونکە دابڕانی بۆ ئێمەمانان کەلێنێکی گەورەیە.

ئەمە تەنیا چەند دێڕێکی وەفادارییە بۆھێرۆخانی ھاوڕێم، ئەگەر پەیکەرتاش بوومایە رەنگە لەجیاتیی ئەم چەند وشەیە، ھەوڵم بدابووایە پەیکەرێکی بۆ دابتاشم، چونکە ئەو مرۆڤانە شایستەی ئەوەن یاد و یادگارییان بەرز ڕابگرین.