دەمانەوێت لەم ھەڵبژاردنەدا رێبازەکەی مام سەربخەین

28/09/2024
541 جار خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد

خوایە جەند دڵخۆش بوم بە بینینی چەند ھاوڕێیەکی سەردەمانێک کە خۆم لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی بووم لە ساڵی (١٩٩٦) دوای (٣١) ئاب، لە سەردانەکەمدا چاوم بە ژمارەیەک گەنج و لاو و ژنان کەوت کە ھەموویان وەکو ھەنگ لە ھەوڵی سەرخستنی لستی (١٢٩)ی یەکێتیی نشتیمانیی دا بوون.  یەکسەر لە دڵی خۆمدا وتم : مانگە شەو سەر لە ئێوارەوە دیارە...

بە شەوقەوە لەگەڵ کاک زیادی لێپرسراوی مەڵبەند، باسی مێژووی یەکێتی و ئەرکی ئێستا و گۆرانکاریی لە سیستەمی حوکم و خزمەتکردنی گەل و نشتیمانمان کرد و ئەم وتانەی خوارەوەشم بۆ کەناڵی نازداری گەلی کوردستان کرد: 

لە مەکتەبی سیاسی و لە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن، ھەموو ھەمم و غەم و ئیشمان ئەوەیە کە ئەم ھەڵبژاردنە بە باشی و بە ئاسایی و بەبێ دەست تێوەردان بەڕێوەبچێت، چونکە ئێمە دەتوانین لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەستەڵات بکەین. 

ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم ھەڵبژاردنە بە ھەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ گەلی کورد دەزانین. ھەموو ھەوڵمان بۆ ئەوەیە لەم ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبھێنین، بۆئەوەی خزمەتێکی شایستە بە میللەتەکەمان بکەین. بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی بکەین لە دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین، بۆ ئەوەی رۆحی شەھیدەکانمان شاد بکەین و رێبازەکەی مام جەلال کە رێبازی کوردایەتی راستەقینەیە سەربخەین . ئیشی بانگەشەی ئەمجارە و ھەڵبژاردنی ئەمجارە و کاری مەکتەبی ھەڵبژاردن و ھەموو یەکێتی ئەمجارە، جیاوازە. جیاوازە بەرەو باشتر، لەبەرئەوەی نەوەیەکی تازە ھاتۆتە پێشەوە، ئەم نەوەیە بەباشی کارەکان ئەنجام دەدەن و  یەکێتی لە دەستێکی ئەمیندایە، ئێمەمانان لە جیلی کۆن ھاوکار و پشتیوانیانین، بۆ ئەوەی یەکێتییەکەمان سەربخەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.

لە ناو خەیاڵ و واقعی ئەو چەند کاتژمێرەی کۆبوونەوەکەدا، قسەیەکی نەنکم ھاجەر کە پێش زیاتر لە (٥٠) ساڵ کردبووی،

مێشک و دەروونمی داگیر کرد. نەنکم دەیفەرموو : کوڕم ...بۆ ئەوەی تاڵیی ژیان نەبینی، چاو بنوقێنە....!!

ئەمجارە لە ناخمەوە وتم: نەنە گیان ئەگەر دونیا تاریک بوو ئێمە چرا دادەگیرسێنین، چاو نانوقێنین...!!