یەکێتی بوون وەک شانازی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر ئەو ھێزە نوێیە نەبوو کە لە ١٩٧٥/٦/١ خۆری ئومێدی لە شەوەزەنگی نائومێدیدا ھەڵکرد، بەڵکو رێباز و شێوەیەکی نوێی خەبات بوو بۆ درێژەپێدانی کوردایەتی لە دوای شکست.
بیرۆکەی دروستکردنی یەکێتی ھەم وەکو فکر و شێوازی رێکخستن، ھەم وەکو نیمچە بەرەییش بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی شۆڕشگێڕ لە دەوری خۆی، بیرۆکەی مام جەلال بوو.
ئەو لە نووسینەکانی ھەر لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو بیروبۆچوونەی خۆی بە روونی بەیان کردبوو ،
بۆ ئەمەش پشتی بە چەمکی (لا حرکە پوریە بدون نڤریە پوریە ) و (التنڤیم الپوری ) بەستبوو.
ئاشکرایە مام جەلال رێبەری چەپی راستەقینەی ناو بزووتنەوەی کوردایەتیی ھاوچەرخ بوو، بۆیە ھەر خۆی رابەرایەتیی ئەو بزاوتەی کرد و ھەر خۆشی دامەزرێنەری سەرەکی و داینەمۆی راستەقینەی یەکێتی بووە لەگەڵ ژماریەک لە تێکوشەرانی تر.
خەسڵەتێکی جوانی مام جەلال خۆدەرنەخستن و خۆھەڵنەکێشان بوو، ئەمەش لە بڕوابەخۆبوون و نادیدەنەگرتنی رۆڵی ھاوڕێکانی بوو لە خەبات و شۆڕش و حزب و قوربانیداندا.
ئاشکرایە یەکێتی لە بنەڕەتدا ھەڵچوونێکی سۆزداری و ھەڕەمەکی نەبوو بۆ قۆناغێکی راگوزەری و دیاری کراو بەڵکو پێداوێستییەکی بابەتی و خۆیی کوردستان بوو. ھەروەک چۆن لەگەڵ دروستبوونیدا ئەرکی ھەڵکیرساندنەوەی شۆڕشێکی نوێ و بەردەوامی لە ئەستۆگرت.
لەڕاستیدا یەکێتی لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی شاخ و شاردا پێشەنگ بوو ، زۆر ھەوراز و نشێو ، زۆر تاڵی و تفتی رۆژگارەکانی خەباتی تێپەڕاند، بەڵام چونکە وەکو داربەڕوو رەگ و ریشەی لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داکوتراوە ھەر بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
مام جەلال سەرەڕای ئەوەی دەیزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ..؟ ھەروەھا دەشیزانی یەکێتی بەرەو کوێ؟ بەرەو بەرەی گەل و خانووە قورەکان بەرەو بەرەی رەنجدەرانی بیر و بازو بەرەو خۆڕاگری و رزگاریی گەل و راماڵینی داگیرکەر و دامەزراندنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
یەکێتی خاوەن قوتابخانەی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە، بێگومان یەکێتی شکستی کاتی خواردووە چ لە شەر و چ لە ململانێ ناوخۆییەکان، بەڵام ھەرگیز نەڕووخاوە و نەبەزیوە، بۆیە سەرلەنوێ خۆی رێکخستووەتەوە بە گوڕ و تینێکی شۆڕشگێڕانەی تازەترەوە ھاتووەتە مەیدانەوە و بەردەوامیی بە خەباتی خۆی داوە.
ئاساییە یەکێتیی نیشتمانیی لە شەڕێکدا براوە نەبێت، بەڵام ھەرگیزا و ھەرگیز لە ڕاستەڕێی خەباتی کوردایەتی نەدۆڕاوە و لاینەداوە.
راستە لە ململانی ناوخۆییەکاندا تووشی لە یەکترازان و جیابوونەوە بووە، بەڵام یەکێتی ھەرماوە و وەکو دارحەیزەران نەچەماوەتەوە. ئەوانەش کەوتبێتە دەرەوەی یەکێتیش، بەھەر ھۆیەک بووبێت دڵ و چاویشیان ھەر لای یەکێتی بووە و یەکێتیش ماڵە گەورە و چەترە فراوانەکە بووە بۆ ھەمووان.
ڕەنگە بتوانین بڵێین یەکێتیبوون ئالودەییەکی جوانە، تێکەڵ بە خوێن و مێشکی یەکێتییەکان دەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لێی دووربکەونەوە، ئەزموونی ساڵانی رابردوو-ش ئەم راستییەی دووپاتکردووەتەوە، ئومێدەوارین ئایندەش ھەر بە ھەمان شێوە بێت!
ئەمڕۆ (ی.ن.ک) سەرەڕای ئاڵۆزیی بارودۆخی ناوچەکە و عیراق و کوردستان لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە رۆڵی خۆی بینیووە و لە ھەندێک بواریش سەرکەوتنی بەدەستھێناوە و رۆڵیشی زیاتر بووە لە عیراق و ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم . ئەمەش وادەخوازێت وەکو مام جەلال وتەنی لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن خەومان لێنەکەوێت و پشتی لێبکەینەوە، چونکە ئەمرۆ ئەرکمان قورستربۆتەوە خەڵکیش چاوەڕوانی زیاتر و زیاترن و پێویستە دورشمی (ھێز لە یەکبووندایە) لەناو خۆمان و کوردستان و عیراقدا بەرجەستە بکەین، بە مەش رۆحی مام جەلال و سەرجەم شەھیدان شاد دەکەین...
سەرەڕای ھەڵەیەک لێرە و لادانێک لەوێ، دەتوانین بڵێین یەکێتیبوون شانازییە، چونکە دەبێتە خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خاوەن دەیان داستانی عەسکەری و داھێنانی سیاسی و ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بە ھێز و پرشنگدار .
|