دیپلۆماسییەتی ٢٤ سەعاتیی سەرۆک کۆمار

18/11/2023
1494 جار خوێندراوەتەوە

ھاوکار قادر

لە دنیای شێواو و پڕ پێکدادانی ئەمڕۆدا، بونی روناکی بە ئەستەم ھەستی پێدەکرێت، بەڵام لە کۆتایی تونێلە تاریکەکەدا تروسکاییەک ھەر دەبینرێت، کە دەبێت بە دیپلۆماسیەت و ئامرازەکانی پەیوەندی، کار لەسەر فراوانکردن و بەھێزکردنی تیشکەکەی بکرێت، ئەو سیاسەتە سەرۆک کۆماری عیراق کاری لەسەردەکات و لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان ھەنگاوێکی گەورەی بۆ دەنێت.

رۆژی ھەینییە و ١٧-١١-٢٠٢٣یە، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار و خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەرەو ڤاتیکان کەوتنەڕێ، دوو غەمی گەورەیان لەنێو جانتای دیپلۆماسییەت ھەڵگرتبو، ھەردووکی دۆسیەی گرنگی رۆژن، خۆرھەڵات و خۆرئاوا، باکور و باشوری زەوی سەرقاڵکردوە، ھەردووکی پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤایەتییەوە ھەیە. شەڕ و ماڵوێرانییەکەی، ئاشتی و پێکەوەژیان.

پاش گەیشتنی سەرۆک و خانمی یەکەم و ستافی یاوەریان بە ئیتاڵیا و پشویەکی کورت، دوا ئامادەکاری بۆ دیداری لوتکە ئەنجامدرا، دیدارێک لە ترۆپکی دیپلۆماسییەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی، کە سەردەمانێکی دورودرێژە بۆتە کاری لەپێشینەی سەرۆک کۆمار و لەنێو رێڕەوە پێچاوپێچەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بیرۆکە و تێڕوانینەکانی دەخاتەڕو.
پاش شەوێک لە پشودان، رۆژی دواتر "شەممە" وادەی دیدار ھاتەپێشەوە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم لەنێو کۆشکی پاپادا دیداریان لەگەڵ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان دەستیپێکرد.
لەم دیدارەدا وێنە گشتییەکە پتەوکردنی پەیوەندی عیراق "خاکی ئایینە ئیبراھیمییەکان" و ڤاتیکان "ناوەندی باڵای ئایینی مەسیحییەت" بوو، چەسپاندنی زیاتری رایەڵەکانی دیپلۆماسییەت و پێکەوەکارکردن بوو.

لە وردکردنەوەی وێنەکەدا، بایەخدان بە مرۆڤ، ھەوڵدان بۆ دورخستنەوەی جەنگ و پشێوی، سنوردانان بۆ نەھامەتییەکان، گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ئەوانەی بێئومێدبون، دەبینرێت.

سەرۆک کۆمار بۆ پاپای دوپاتکردەوە، کە سەرۆکایەتی کۆمار کۆکەرەوەی ھەموو عیراقییەکانە، پارێزەری ھەموو ئایین و پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانە، رەنگدانەوەی فرەیی کۆمەڵگەیە. سیاسەتی سەرۆکایەتیکردنی وڵات، وێناکردنی ئەسڵ و بنەمای مرۆڤایەتیی عیراقییەکانە، ئەو نەھجەش بەردەوام دەبێت بەو ئومێدەی چیتر نەھامەتی و کارەساتەکانی رابردو، روو لە نیشتمانەکەمان نەکاتەوە.

سەرۆک کۆمار تەنھا غەمی عیراقییەکانی بە پاپا نەگەیاند، بەڵکو ھاواری ھەموو ئەو منداڵ و ژن و کەسە بە تەمەنانەی پێگەیاند، کە بەھۆی جەنگ و شەڕ و ئاشوبەوە، بە تایبەت لە فەڵەستین، ژیانیان سەرتاپا بوە بە کارەسات و ماڵوێرانی.

جگە لەو دیدارە لوتکەیە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم چاویان بە پیترۆ پاولین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کەوت.

لە پاش گەشتێکی دیپلۆماسیی ٢٤ سەعاتی، سەرۆک کۆمار گەڕایەوە بۆ وڵات، خۆ ئەوە تەنھا ٢٤ سەعاتی کارکردنی سەرۆک نییە، بەڵکو بە درێژایی زۆربەی سەعاتەکانی رۆژ و شەو، لە راییکردنی ئەرکەکانی بەردەوامە، لە ناوەوە و دەرەوە لە پەیوەندی و دیدار و کۆبونەوەدایە.