نە رەش نە سپی کۆچ و گەڕانەوەی ناچاری

18/11/2021
761 جار خوێندراوەتەوە

لەیلا عومەر

ئاشکرایە لای ھەموان کۆچ دیاردەیەکی ئاسایی و نێودەوڵەتییە و خەڵکی بە مەبەست و ھۆکاری جیاواز کۆچ دەکەن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، بەخۆشحاڵییەوە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و جۆرێک لە کرانەوەی کوردستان بە رووی وڵاتان و بەتایبەت لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ کۆتاییەکانی ٢٠١٣ کۆچی پێچەوانەی کورد لە ھەندەرانەوە بەرەو کوردستان دەستی پێکرد، زۆرێک لە کوردی دەرەوەی وڵات گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەزموون و شارەزایی چەند ساڵەی خۆیان لێرە خستەگەڕ و چەندین پڕۆژەی بچووکی سوودبەخشیان پێشکەشکرد، بەڵام لە دوای ھێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، پاشان دروستبوونی قەیرانی دارایی و بڕینی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کۆچکردنی گەنجان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان سەرلەنوێ بەڕێژەیەکی زۆر بۆ ھەندەران دەستیپێکردەوە، ئەو کۆچکردنە ناچارییە دەبوو وەرچەرخانێکی لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دروستبکردایە و رێگە و میکانیزمی فرەجۆر بگیرانایەتە بەر.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، ماوەیەکە قەیرانی کۆچەرانی ھەرێمی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندە دروست بووە. بیلاڕوسیا ئەو وڵاتەیە کە ئێستا بەشێکی زۆر لە کۆچەرانی عیراق و کوردستان و وڵاتانی دیکەیش وەکو دەرەوازەیەک بەکاریدەھێنن بۆ گەیشتن بە قووڵایی وڵاتانی ئەوروپا، بەھۆی خراپیی بارودۆخی کۆچەرانی بیلاڕوسیاوە، زۆرێک لە وڵاتانی جیھان داوای مامەڵەیەکی مرۆییانە لەگەڵ کۆچەران دەکەن، یەکێتیی ئەوروپا رەخنە لە دەسەڵاتدارانی مینسک دەگرێت، چونکە دەیەوێت ئەم کەیسە وەک کارتێکی فشار دژی یەکێتییەکە بەکاریبھێنێت، سەرکۆنەی ئەو دەرگا کردنەوەیەی بیلاڕوسیا دەکەن، بە کارێکی نایاسایی دەیناسێنن و وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە یەکێتیی ئەوروپا وێنای دەکەن.

لەڕاستیدا، لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رێگە لە کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی نیشتمانەکەمان بگیرێت پێویستە گرنگی و بایەخی زیاتر بە ھاووڵاتیان و بەتایبەت توێژی گەنجان بدرێت لە رێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دادپەروەرانە و رەخساندنی ھەلی کار و گرنگیدان بە کردنەوەی پڕۆژەی تایبەت، نموونەی زۆر ھەیە گەنجانی کورد لە وڵاتانی جیھان سەرمەشقن و کاری جیاواز پێشکەش دەکەن، زۆر بوار ھەیە گەنجانی کورد تیایدا پێشەنگن و توانای خۆیان سەلماندووە، بوونەتە نموونەیەکی جوان کە جێگەی شانازییە بۆ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.

کەواتە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بە بەرنامەی تۆکمەتر، پشتیوانی لە گەنجان بکات لە رێگەی خستنەگەڕی تواناکانیانەوە، گرنگیدان بە خولیاکانیان، وەک دەزانرێت ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، ناوچەی گەشتیاری، زەوی کشتوکاڵی بەپیت، خاکی کوردستان پیت و فەڕی زۆری ھەیە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی کە دەرفەت بۆ گەنجانی کورد دەڕەخسێنێ لە وڵاتەکەی خۆیان خزمەت بکەن نەوەک جێیبھێڵن. دواجار، ئەوەی کە زۆر گرنگە، سیستمی بەڕێوەبردن گۆڕانکاریی ریشەیی پێویستە بۆ نوێبوونەوە و پێشخستنی کەرتە جۆراوجۆرەکانی ژیان لە ھەرێمی کوردستان.

لەم رووەوە، پێشنیازی کاری پێکەوەیی بۆ بەڕێوەبردنێکی تەندروست دەخەمەڕوو، ئەزموونی حوکمڕانی لە ھەموو شت زیاتر پێویستی بە کەڵک وەرگرتنە لە توانای گەنجەکانی، لەڕاستیدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵیداوە کار بۆ باشترکردنی بارودۆخی ھاووڵاتیان و گەنجانی کورد بکات بە بەشداریپێکردنیان لە بەڕێوەبردنی کەرتی گشتی و تایبەت ئەگەرچی لە ئاست خواستەکانی گەنجانیشدا نەبووبێتن، ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پێویستە کاری لە پێشینەی حکومەت دەستگیرۆیی گەنجان و ھاندانیان بێت بەجۆرێک سوود لە پێشنیاز و پڕۆژە بەسوودەکان ببینرێت.

کەواتە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھەمەجۆر و بەرەوپێشبردنی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و رەخساندنی ھەلی کار لەبری ئەوەی کۆچکردن بکاتە ناچاری، ئەوکات گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان پێچەوانەوە دەکاتەوە، ئەمە کارە راستەقینەکەیە کە پێویستە بەھەموولایەکمان بیکەین.
* جێگری پارێزگاری سلێمانی