ملح و زاد ... نان و نمەکی سفرەی سەرۆک مام جەلال

13/08/2022
23353 جار خوێندراوەتەوە

کوردستانی نوێ

ھاوڵاتییەکە بە خۆی و ئاڵای وڵاتەوە بە شێوەیەکی عەفوی وتی: ئەگەر مام جەلال بمابایە دۆخەکە وا نەدەبوو.
چونکە قسەکەی بەرنامە بۆ دارێژراو نەبوو، چونکە لە دڵەوە  و بۆ تەقدیری عیراقی سەردەمی سەمام ئەمان بوو. نەیوت جەلال تاڵەبانی، نەیوت سەرۆک. وای وت وەک چۆن کوردێکی خۆمانی دەیڵێ: مام جەلال.
ھاوڵاتییەکە خۆپیشاندەرە، لایەنگری حزبەکانی حوکمرانە، رەخنەشی ھەیە کە شەھادەشی لە ماڵەوە کەوتووە و بێ کار و بێ کارەبایە وەک خۆپیشاندەری ناڕازی لەم سەری بەسرەوە تا ئەوسەری مەدینەی سەدری بەغدا، چونکە قسەی ئاست لە دڵەوە بۆ دڵە، ڕاستەوخۆ دوای گلەیی و گازندە وتی: ئەگەر مام جەلال بمابایە وەزع وای لێ نەدەھات.
رووی قسەی خۆپیشاندەر لە کەناڵێکی غەیری میدیاکەی حزبی مام جەلال بوو، رووی لە عیراق و عیراقییەکان بوو.
حەسرەتی خۆرسکانە بوو، بۆ زەمانی مام جەلال کە لە عومری درێژی وڵات زۆریش زەمەنێکی کۆن نییە تا بگوترێ نۆستالیجیایە
ھی تەقریبەن دەساڵ و قسوری  پێش ئێستایە.
زەمەنێک کە شیعە و سونە و کوردیش ھەر شیعە و سونەو کوردی ئێستا بوون، بەڵام مام جەلالێک ھەبوو کە خۆی تەرخانی بەرژەوەندی وڵات کردبوو. (سەمام ئەمانێک) ھەبوو کە وێنەکانی دەساڵی پێش ئێستا دەڵێ رۆژێ لە نەجەف و رۆژێ لە بەغدا و یەکی تر لە کەرکوک بوو. رۆژێک لای سەماحەتی ئایەتوڵلا سیستانی دیداری ھەبوو بۆ تەگبیری نیشتمانی و رۆژێکی تریش لەگەڵ سەماحەتی موقتەدا سەدر راوێژی ھێنمایەتی و بەشداری پرۆسەی سیاسیی بۆ پێشنیاز دەکرد.
ئەو کاتەش شیعە چەند حزب و چەند فرقە و چەند رەوت بوون بەڵام گشتیان سواری یەک سەفینەی نەجاتی عیراق دەبوون.
ئەوساش گشتیان دینی و دیندارو خاوەن ئاڵا فرە رەنگ بوون.
بەڵام وڵاتەکە بەشی گشتیانی دەکرد. سوننە پەرێشان و بریندار بوون و وەک ئێستا نەبوون. بەڵام شیعە و سوننە وێرای ناکۆکی ھیوایەکیان ھەبوو بۆ ئایندە و مام جەلالێکیان ھەبوو کە گشت سەرکردەکانیانی لەسەر خوانی ئاشتی و (تیکەی راوچی) ماسی مەسکوفی بەغدادی کۆ دەکردەوە.
ئەوساش عیراق کێشەدار  و شەڕ و شۆڕی تێدا بوو. ئیرھاب و قاعیدە و موقاوەمە دایڕزاندبوو.
بەڵام ھیوایەکی ھەبوو بۆ دوارۆژ، پەرۆشێکی ھەبوو کە ئەم رۆژە ناخۆشانەش تێدەپەڕن.
ھێزی چەکداری سەد دەوڵەت و میلشیای فرەی تێدابوو، بەڵام مام جەلالی ھەبوو کە شەرق و غەربی لە پێناو عیراقییەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆدەکردەوە.
ئەوسا گەنجی دانەمەزراو و کارەبای بڕاو و خزمەتگوزاری کەم و کورت بە گەشبینی و نەخشە ڕێگای دواڕۆژ سپێردرابوو . کە خەڵک دەیزانی چەندە ئاڵۆز بێت سەرۆکێک ھەیە، مام جەلالێک گرێ ئاڵۆزەکان دەکاتەوە و گرژی و گیری و گازەکان خاو دەکاتەوە.
ھاوڵاتییەکی بێ بەرژەوەندیان دواند شەرحی حاڵی کرد وەک ئەوەی ھەیە: ئەگەر مام جەلال لە کایەدا بوایە وا ڕوی نەدەدا.
ئێستاش ئەگەر عیراقییەکان بیانەوێ سیحری چارەسەر لە کەلتوری مام جەلالدایە.
سەمام ئەمانی عیراق ماڵئاوایی کردووە. بەڵام لێی ئاسانتر نییە کە نەخشە ڕێگای مام جەلال ڕێنوێنیان بێت.
پێکەوەیی و سازان و گفتوگۆ، پێک سەلماندن و حساب بۆ ھەموو شتێک و کەسێک و لایەنێک کردن میراتی ئاوەدانی سەرۆک مام جەلالە بۆ ھەموو عیراقییەک، ئەو میراتە کەلتورێکی کەڵەگەتە لە دوورەوە بانگی ھەموان دەکات لە دەوری کۆببنەوە: ئەوە زەردەچەوەی نھێنی خاوکردنەوەی ناکۆکییەکان. مێزی گفتوگۆی سەرۆک مام جەلال جێی ھەمووانی تێدا دەبێتەوە.
تیکەی راوچی و ھەنگوین و گوێزی ھەورامان و ئێوارە خوانێکی سەر سفرەی مام جەلال کەفیلی ملح و زاد، نان و نمەکی دۆستایەتی ھەمووان بوو ئەو کەلتەرە ھەرماوە. ئەو ماڵە ھەر ئاوەدانە.