یاخیبوونی‌ مه‌ده‌نی‌، فۆرمێك له‌ به‌شداریی سیاسی

20/06/2021
434 جار خوێندراوەتەوە

ڕه‌نگین عه‌بدوڵا

چۆن لە یاخیبوونی مەدەنی تێبگەین؟
ئەو چەمکە سیاسییە لە ڕووی بەکارھێنانەوە تازەیە و زیاتر لە ھەر چەمکێکی تر، بەرھەمھێنراوی ناوخۆیی نییە ‌و لە ڕۆژئاوای ھاوچەرخەوە فۆرمەڵە بووە ‌و پشکوتووە، کە جۆرێکە لە یاخیبوون دژ بە دەوڵەت، یان دەسەڵات و خاوەنداری سەروەری نیشتمانی، کە لە بنەڕەتەوە تاک لە ‌سایەی ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە ‌و بڕیارەدا دەیەوێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی خۆی ببوێرێ و ڕێگە بە دەسەڵاتیش نەدات پەیڕەو لە دەسەڵات ‌و سیاسەت ‌و ئەرکەکانی بکات. بە واتای ئەو جۆرە لە یاخیبوون بە تەنھا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا نامێنێتەوە ‌و دەبێتە جۆرێک لە بەرپرسیاریەتی، وەک چۆن (گاندی) پێیوایە «یاخیبوونی مەدەنی بەرپرسیاریەتییەکی پیرۆزە، کاتێک ڕێز لە یاساکان ناگیرێت و گەندەڵی کۆی جەستەی کۆمەڵگا دادەپۆشێت، بێدەنگبوونی ھاووڵاتی ‌و یاخی نەبوونی وادەکات ئەو ھاووڵاتییە ھاوبەش ‌بێت لە گەندەڵی ‌و پێشێلکاریی یاسایی»، لە سۆنگەی ئەو تێڕوانینەوە، یاخیبوونی مەدەنی وەک جۆریک لە ڕەتکردنەوە، بە تەنھا بژاردەیەک نابێت لە بەردەم ھاووڵاتیدا، بەڵکو دەبێتە بەرپرسیارییەتێکی ئاکاریی.
یاخیبوونی مەدەنی بە پێی پۆلێن ‌بەندییەکەی (ئیبن خەلدون) لەسەر ھەردوو کۆڵەکە ‌و پایەی (چڤاتی شاری)‌ و (چڤاتی بەدەوی) وەک جۆرێک لە دابەشکردنی کۆمەڵگا، پەیوەستە بە شارەوە، بەو مانایەی کە ڕواڵەتی سەرەکی ئەو جۆرە لە یاخیبوون پەیوەستە بە ‌بوونی کۆمەڵگەی شارنشین، کە تێیدا یاسا و دەسەڵات ‌و یەکە کارگێڕییە باڵاکان ھەبن و ھاووڵاتی لە ‌پێناوی ڕەتکردنەوەی ھەموو یان بەشێکی ئەو دەسەڵات ‌و یاسایانەوە یاخیبوونی مەدەنی ‌و خاڵیی لە توندوتیژی وەک ڕێکارێک بۆ گوشار و گۆڕانکاریی بەکاربێنێت، کەوابێت یاخیبوونی مەدەنی بە مانا ئاشتیخوازییەکەی دەکرێت وەک ئەو چالاکی ‌و بزاوتە پێناسە بکرێت کە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە دوور لە توندوتیژی بەکاردەھێنرێت، ئەوەش ھەمان ئەو پێناسەیە کە (بیر ھیر نیگرین) لە کتێبەکەیدا بە (چالاکییەکی میللی شارییانە کە لە بنەڕەتەوە پشت بە پرەنسیبی ناتوندوتیژی دەبەستێت) ناو دەبات. نەک ھەر دیدگای ئەو، بەڵکو تەواوی پێناسەکان بۆ یاخیبوونی مەدەنی لەسەر ئەو بەھایە دەوەستن ‌و جەخت دەکەنەوە کە چالاکییەکی ئاشتیخوازانەیە ‌و لەسەر بنەما و پڕانسیپە ناتوندوتیژییەکان کار دەکات.

ڕەھەندە مێژووییەکەی یاخیبوونی مەدەنی

لە ڕاستیدا ئەو چەمک و دیاردە سیاسیی ‌و جەماوەرییە لەناو زۆرێک لە ‌ناوەندە ئەکادیمیەکانی دنیادا وەک دەرکەوتەیەکی گرنگ خوێندنەوەی ھەمە جۆری بۆ دەکرێت، بەڵام کۆی ئەو ڕاڤەکردنە ئەکادیمیانە لە یەک پنتی دیاریکراو دەربارەی ئەو چەمک و چالاکییە ھاوبەشن، کە ئەویش یەکسانە بەو دنیابینیەی کە جۆرێکە لە ‌یاخیبوونی تاکەکان لەگەڵ کۆی سیستەمی گشتی وڵات بە ئامانجی پەکخستن وەک ئامڕازێک تا دەوڵەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن شوێن بەجێگەیاندنی داوا و ویستی یاخیبوان بکەوێت، لە ‌ڕاستیشدا ئەو چالاکی خۆبواردن و وەستانەوە بە ڕووی دەسەڵات ‌و فەرامۆشکردنی یاسا و ڕێساکان خواستی بەجێ و ڕەوا بن یان نا، مادام لە ‌ڕێگەی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی گوزارشتیان لێ بکرێت، ھەروەک فۆڕمێکی پەسەندکراوی یاخیبوونی مەدەنی ئەژمار دەکرێت.
شیکردنەوەی ئەو چەمکە، بە تایبەت گرێدراو بە فۆڕمی یاخیبوونی مەدەنی ھاوچەرخ، بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە، ئەوک اتەی نووسەری ئەمر‌یکی (ھێنری دەیڤید سۆرو) لە ‌وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی (یاخیبوونی مەدەنی) بڵاویکردەوە، ئەو وتارە لە ‌بنەڕەتدا بۆ ڕەتکردنەوەی بەخشینی باجی جەنگ بوو وەک فۆرمێک لە ناڕەزایەتی دژ بە کۆیلایەتی، سەرکوتکاری و جەنگ کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر مەکسیک بەرپایکردبوو، ئەو مێژووە لە دیدگای زۆر لە توێژەر و ناوەندە ئەکادیمییەکان وەک سەرەتای دەرکەوتنی فۆرمەڵەبوونی ڕەھەندە تیۆرییەکەی ئەو چەمکە دەخوێنرێتەوە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە مێژووی ئەو چالاکی ‌و بزاوتە مەدەنییە دێرینە، بە جۆرێک ھەندێک سەرچاوە مێژووییەکان یەکەمین گردبوونەوە ‌و یاخیبوونی مەدەنی بۆ ساڵی (٤٩٤)ی پێش زایین دەگێڕنەوە ئەو دەمەی گەلانی ناو ئیمپراتۆریای ڕۆمانی لە ‌ڕێگەی کۆڕەوێکی یاخیگەرانە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە ‌و بۆ ڕەتکردنەوەی ستەمکاری دەسەڵات شارەکانیان جێھێشت و ڕوویان لە (چیای پیرۆز) کرد و بڕیار و دروشمی سەرەکی ئەو یاخیبوونە نەگەڕانەوە بوو بۆ ژیانی شاریی تا ئەو کاتەی چاکسازی و ڕیفۆرمی ڕاستەقینە نەکرێت ‌و وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، ڕەنگە لە ‌دوای ئەو مێژووە ترۆپکی یاخیبوونی مەدەنی لە (گاندی)دا خۆی نمایش بکات، ئەو کاتەی (١٩١٥) لە ڕێگەی یاخیبوونی ناتوندوتیژییەوە دواجار دەسەڵاتی داگیرکاریی بەریتانییەکانی ناچار بە پاشەکشە و دەستھەڵگرتن لە ستەمکاری کرد.

یاخیبوونی مەدەنی ‌و ڕواڵەتە نوێیەکانی

یاخیبوونی مەدەنی وەک چالاکییەکی سیاسی لە زۆر فۆرم و شێوازدا خۆی دەنوێنێت، توێژەران وا وێنای ئەو بزاوتە جەماوەرییە دەکەن کە ھەموو تاکێک یان گەلێک ئەو ڕێگایە پەیڕەو دەکات کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگا ‌و دنیابینی ‌و مۆنتاڵیەتی کۆمەڵگەکەی دەگونجێت، ئیدی چ لە ‌ڕێگەی ھۆنینەوەی دروشمگەلی سیاسییەوە بێت یان بەکارخستنی سەکۆ کۆمەڵایەتییەکان ‌و تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان، یان لە ڕێگەی گردبوونەوە ‌و وتاربێژی لە شوێنە گشتییەکان، یان ھەڵواسینی پۆستەر و بەکارخستنی میدیای تەقلیدی بۆ گواستنەوە و ڕووماڵی یاخیبوونەکە، ھەموو ئەو ڕێکارانە سروشتی کۆمەڵگا و خەڵکەکەی دیاری دەکەن کە ئاخۆ کامە ڕێگا و میکانیزم بۆ گەیاندنی نیگەرانی ‌و خەمەکان ئاسانتر دەگات، خۆ ڕوودەدات ھەندێک جار بایکۆتکردن باشترین ڕێگای گەیاندنی نیگەرانی ‌و گونجاوترین ڕێگای فشار بێت، ڕەنگە لەوەدا شۆڕشە سپییەکەی ژنە ڕەشپێستی ئەمریکی (ڕۆزا پارکس) ترۆپکی ئەو یاخیبوون و بایکۆتە مەدەنییە بێت، کە نەک ھەر مەسجی ڕەتکردنەوەی جیاکاریی نەژادی بە شوێنی خۆی گەیاند، بەڵکو ڕیفۆرمێکی ڕیشەییشی لە ‌مێژووی ئەمریکادا سەرپێخست، ئەو کاتەی بە پێی یاساکان ڕێگە نەدەدرا ھیچ ڕەشپێستێک لەناو پاس و ھۆکارەکانی تری گواستنەوەدا دابنیشێت، ئەگەر سپی پێستێک ھەبێت، ساڵی (١٩٥٥) ئەو کاتەی ڕۆزا پاش شەکەتییەکی زۆر لە کارەکەی دەگەڕێتەوە، لە ‌ناوەڕاستی پاسەکە دادەنیشێت ‌و کاتێکیش سەرنشینێکی تری سپی پێست بێ شوێن ئەمێنیتەوە، شۆفێرەکە گوشار ئەخاتە سەر ڕۆزا بۆ ئەوەی جێگەکەی چۆڵ بکات، ئیدی یاخیبوونی ئاشتیانەی ڕۆزا لەوێوە دەست پێدەکا‌ت و لە ڕێگەی نکۆڵیکردن و سووربوون لەسەر مانەوەی لە شوێنی خۆی ھەموو ئەو یاسا و ڕێسا پڕ جیاکارییانەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە، لە ‌پای ئەو سەرکێشی و یاخیبوونە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و بە ‌پێی یاسای (جیم کرو) کە لە دوای کۆتاییھاتنی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا گەڵاڵەکرابوو سزادرا، ئیدی لێرەوە و وەک جۆرێک لە یاخیبوونی مەدەنی بۆ ڕەتکردنەوەی ھەموو جۆرەکانی جیاکاریی نەژادی بەسەرکردایەتی (مارتن لوسەر کینگ) یاخیبوون دەستیپێکرد و لە ڕێگەی بایکۆتکردنی ھۆکارەکانی گواستنەوە بۆ ماوەی (٣٨١) ڕۆژ زیانێکی ئابووری بە کەرتی گواستنەوە گەیشت ‌و سەرەنجامی ئەو یاخیبوونە مەدەنییە لە ‌ساڵی (١٩٥٦) دادگای باڵا بڕیاری نادەستووریبوونی ئەو یاسایەی دا و ڕەتیکردەوە، بەمەش ھەڵشاخانی ڕۆزا بە ‌ڕووی یاسایەکی ستەمکاردا لە ڕێگەی بایکۆت و ئامرازێکی ناتوندوتیژەوە کاریگەری ‌و ئاستێکی گەورەی بە ‌خۆیەوە بینی.
لە ڕاستیدا ئێستا پانتایی و ڕووبەرەکانی دەربڕینی یاخیبوون زۆر و فرە جۆرن، ڕەنگە یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگاکان لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا دەرکەوتبێت، ڕەنگدانەوەی ئەو دیاردەیە بێت لەناو سەکۆ کۆمەڵایەتییەکان ‌و سۆشیال میدیا، ڕەنگە لەو ئاستەدا بەکارخستنی ئەو تۆڕانە لە ناڕەزاییەکان ‌و یاخیبوونە مەدەنیەکانی بەھاری عەرەبی نموونەیەکی بەرجەستە بێت، کە چۆن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە زۆر جوگرافیای نیشتمانی عەرەبیدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و ئاڵوگۆڕێکی گەورە سەریھەڵدا.

ڕێگاکانی گوزارشتی یاخیبوونی مەدەنی

یاخیبوونی مەدەنی تەنھا ڕێگە و ڕواڵەتێکی نییە، بەڵکو سروشتی ئەو جۆرە لە چالاکی و ھەڵسوڕانە کەسی ‌و کۆمەڵانە لە چەند شێوە و ئاستێکی دیاریکراودا خۆی بەرجەستە دەکات و گوزارشت لە خواست و ویستەکانی خۆی دەکات، لەوانەیە ئاستە ھەرە سەرەکییەکانی بریتی بێت لەو چەند بوارە:
یەکەم: وێنەی ناڕەزایی ‌و یاخیبوون بە بەکارھێنانی ڕێکارە ناتوندوتیژییەکان لە ڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانەوە، کە لەو ئاستەی یاخیبووندا بۆ گەیاندنی خواست ‌و ویستەکان، یان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و نیگەرانییەکان پشت بە ڕێکاری دانوستان و دیالۆگ دەبەسترێت.
دووەم: ڕەتکردنەوەی ھەماھەنگی: ئەو ڕێکارەیان جۆرێکە لە ڕەتکردنەوەی ھەموو جۆرێکی ھەماھەنگی لەگەڵ دەوڵەت چ لە ڕێگەی بایکۆتکردنی ئابووری یان سیاسیەوە بێت، یان لە ‌ڕێگەی گوێنەدان ‌و پشتگوێخستنی یاسا و ڕێسا میرییەکان بێت.
سێھەم: پەکخستنی کاروبارە میرییەکان: کە خۆی لە باڵابوونی فشارەکاندا دەبینێتەوە، ئەویش بە بەکارھێنانی ڕێگای ناتوندوتیژ لە داخستن ‌و پەکخستنی کاروبارەکانی حکومەت، لە پێناوی ناچارکردنی دەسەڵات بە گوێگرتن لە خواستەکانی خەڵک ‌و ھاووڵاتی.
لە ‌ژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتنە، یاخیبوونی مەدەنی چ وەک چەمک ‌و چ وەک کردار و ڕەفتار، بە ‌شێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە ئاگایی و زیھنی مرۆڤەوە و ھەروەک چۆن گرێدراوی سیستمی سیاسی و دیموکراسی ناوخۆییشە، چونکە دواجار مەرجی خەمڵینی ھۆشیاریی ھاووڵاتیی دەرھەق بە بەکارھێنانی ئامرازی ناتوندوتیژ ڕاستەوخۆ گرێدراوی تێگەیشتنەکانی خودی سیستمەکە خۆشیەتی، لەبەرئەوەشە لە دەوڵەتی تۆتالیتار و ستەمکاردا، چونکە دەرفەتی گوزارشتی مەدەنیانە نییە، ‌ھەمیشە یاخیبوونەکان بۆ توندوتیژی و بەریەککەوتن سەردەکێشن ‌و دەبنە شۆڕش.