ھەن لە کۆشکەکانیشدا ناتوانن گەورە و سەرکردە بن
بڕوام نیە مرۆڤی باڵا شوێن و کات و دۆخ ھەڵوێست و ئاڕاستەی بگۆڕێ. ئەگەر نا ھەر دۆخ و کات و شوێنەکە، ڕوویەکی پێ دەبەخشێ و بە گۆڕانیان ئەویش رووی راستەقینەی دەردەکەوێت.
مرۆڤی گەورە لە دۆخی دژوار و دووڕیاندا دەردەکەون. پلە و پایە و سەروەت و پشت و خێڵ و بنەماڵە، ھەرگیز مرۆڤی گەورە دروست ناکەن. جگە لە ھەڵوێست!
کورد لە شێواز و قۆناغەکانی خەباتیدا چەندین سەنگەری بەرگری و مانەوەی گرتووە.
یەکێک لە سەنگەرە سەخت و قایمەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم، سەنگەری زیندان بووە. بۆ کورد لەم سەردەمەشدا ھێشتا زیندان ھەر ھەمان سەنگەرەکەی خاڵە شیھاب و ئەوانی ترە. بەڵام زۆر ھەن بەرژەوەندی خودی و خودگەرەکی چاوی ویژدانی خوار کردوون.
لە کوردستانی گەورە (باکور) دەیان ژنی سیاسی کورد، دەیان پیاوی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و مافی گەلان لە زیندانە سەختەکانی تورکیان. پەرلەمانتار و نوێنەری گەل لە زیندانن، نەک چۆکیان بۆ سەروەت و سامان و بەرتیلی گەورەی دەوڵەت دانەداوە، بەڵکو دانەبڕاون لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و شارستانی خۆیان. ھەر کات دەنگیان دەگاتە دەرەوەی زیندان ژیان پڕ دەکەن لە ھیوا و گوتاری بەرگری کورد و گەلانی بن دەست. دەمیرتاش یەکێکە لەو نمونانەی لە زیندانیشەوە دەوڵەتی ھەراسان کردووە و سۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوای بۆ دۆزەکەی زیاتر کەمەر کێش دەکات.
ڕۆژی ١٠ی ١٢ی ٢٠٢١ لە یادی ڕاگەیاندنی جارنامەی گەردوونی جیھانی مافی مرۆڤ بە ئامادەبوونی کلاودیا ڕۆت وەزیری ڕۆشنبیری و کلتوری ئەڵمانیا و سیاسەتمەداری پارتی سەوزی ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵات و چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ و کەسایەتیە دیارەکانی وڵات لە ڕێوەرەسمێکی شایستەدا خەڵاتی ڤایماری ٢٠٢١ بۆ مافی مرۆڤ بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش و خەڵاتەکەش لەلایەن سلێمان دەمیرتاشی برایەوە وەرگیرا.
شارەوانیەکە لە ڕاگەیەنراوێکیدا دەڵێت: لە ماوەی کاری سیاسیدا دەمیرتاش داکۆکیکاری سەرسەختی مافی ھەموو گەلانی ناو تورکیا لە کریستیان و عەلەوی و ئێزدی نەتەوەکانی وەک کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری و ئەرمەنیەکان بووە و دروشمی یەکسانی و ئازادی ھەڵگرتووە.
ئەنجومەنی شارەوانی شاری ڤایمەر پشتیوانی لە گەل و نەتەوە و ئاینە ھەڕەشە لێکراوەکان دەکات.
ئەم ڕووداوە ناکرێ بە سانایی لێی بڕوانرێ، پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت لە ڕێگەیەوە دۆستی تری بۆ پەیدا بکرێت. میکانیزمی ھاوشێوە لە شوێنی تر بگیرێتە بەر و دەرسی لێ وەربگیرێ و، لە ھەرێمی کوردستان پیاچوونەوە بە میکانیزمی کار و خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی بکرێتەوە.
بۆچی کوردێک لە زیندانەوە دەتوانێ سەرنجی وڵاتان ڕابکێشێ بە بێ ماددە و کەرەستەی جگە لە زیندانی بونەکەی. لای ئێمەش لەناو نازی کۆشک و تەلارەکان لەناو جلی مارکە و قات و ئەفەندیەتی گران بەھا و بەردەم مایک و ڕیزی ئۆتۆمبیل ناتوانرێ بەخشش و بەرھەمی ئینسانی و نیشتمانی پێشکەش بکات. مەسەلەکە ئاسانە پەیوەستە بە بوون و نەبوونی قەزیەوە.
لەبیرکردنی سەرەتاکانە لە کوێوە ھاتین لەناو ئەو ھەموو ژان و ئازار و خوێنەوە ھاتین و گەیشتین بە کوێ. بە دونیایەکی پڕ لە نادادی و گەندەڵی و جیاکاری و خێڵایەتی ئەمە بۆ؟ بۆیە ئەو خەڵاتەی دەمیرتاش بۆ بەخۆداچوونەوە و بۆ بەشداریکردن لەو ڕێڕەوە کاریگەرە گرنگ بوو.
گەر بگەڕێینەوە سەرەتای دەرکەوتنی دەمیرتاش لە بەردەم دادگا بە زمانی کوردی بەرگری لە ناسنامەی خۆی و نەتەوە بن دەستەکەی کرد. ئەمە وێنەی ئەو پەرلەمانتارانەی پیشانداینەوە کە لەناو پەرلەمانی تورکیا بە کوردی ڕووبەڕووی گوتاری ئینکاری نەتەوەیەکی دەیان ملیۆنی بوونەوە. وەڵامی نەفەس تەسک و کورت بین و کەوتووە ژێر کاریگەری گوتاری داگیرکەرانی دایەوە، بەڵێ ھێشتا و ئەوساش ھەبوون و ھەن دوای تەپڵی داگیرکەران کەوتوون و کورد وتەنی بە بانگی پێغەمبەر باوەڕ ناکەن و بۆ تانەدان لەو جوامێرە باسی ئەوەیان دەکرد دەمیرتاش زمانی کوردی نازانێ، بێ خەبەر لەو کوڕە زازاییەی کە زۆربەمان ئەو دایەلێکتە نازانین، کە کوردیەکی پەتیە، بەڵام ئەو لە بەردەم دادگا بە شێوەزاری کرمانجی بە زمانێکی پاراو بە ڕۆحی (سەحەر) بەرپەرچی تۆمەتە ناڕەواکانی دادگای تورکیای دایەوە.
ئەو سوربوو لەسەر وتەکانی کە لە پەرلەمان کردوویەتی و داکۆکیکردن بووە لە مافخوراوانی گەلەکەی.
ئەم سەردەمە زیندان یەکێکە لە سەنگەرە پڕ لە ژن و پیاوی نەبەز لە تورکیادا، پشتیوانی ئاشتی و کۆتایھاتنی کێشەکان بە دیالۆگ باشترین چەکی دەستی کوردە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. دۆست بۆ دۆزەکە زیاتر دەکات و ڕووی داگیرکەرانی کوردستان ئاشکراتر دەکات. دیالۆگ و کۆتایی ھێنان بە شەڕ و کوشتار لەو ڕێگایەوە بژاردە دروستەکەیە و دەمیرتاش لەسەر ئەو نەھجەیە. سەدان ساڵە کوشتن و بڕین و سیاسەتی ئینکار نەیتوانیەوە ڕێگا دروستەکەی ژیان بێ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە. پەیامی کورد پەیامێکی پێکەوەیی و داد بووە. سوربوون لەسەر ئەم ھێڵە نزیکترمان دەکاتەوە یان دەمانگەیەنێتە ئامانجەکانمان.
پەیامی دەمیرتاش سوربوون و بەردەوامیە لەسەر ئەو شێوازە مۆدێرن و نەرم و سۆز ڕاکێشەی کە گرتویەتیە بەر. گرنگە بە وردی چاودێری ئەو جوڵە و ڕووداوانە بکرێت چونکە لەگەڵ دۆخی کورد بە گشتی پێکەوە گرێدراون و ھەرگیز بێ کارلێک نەبون و نین. پشتیوانی گوتاری خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنی و بەرگری لە دۆزە ڕەواکەی گەل مەسەلەیەکی ژیانیە. ئەم سەردەمە زیندان ھێشتا سەنگەرێکی قوڵ و فراوانی ئەو کاروانەیە و دەمیرتاش لەوێوە سەرنجی دونیای بەلای مەزڵومیەتی کورد و ڕەوایی دۆزەکەی ڕاکێشاوە. ڕۆژێ دێ بەرژەوەندی دونیا وەردەچەرخێتە سەر ئەم ڕاستە ڕێیە. لەناو ئەم ھەموو ئاڵۆزی و قەیرانانەی دونیا،
ڕۆژگار دەڕوا و خەباتی زیندان و خەباتی مەدەنی کورد، بەردەوامە و دەرکەوتووتر دەبێت. بەڵکو ڕۆژێک زووتر بێدەنگەکانیش لە دەرەوەی زیندان ویژدانیان بجوڵێت و سەروەت و سامانی زەبەلاحی گەل و خەڵک، تۆزێک لە کاتی تەوەزەلی خۆیان بۆ ئەو پرسە بدەنە خەرج. یا لە قۆزاخەی بەرژەوەندیە بچوک و کەوڵی شەرمنی بێنە دەر و لە دەمکەلی سەرکەوتن ھاوبەشی بکەن. بە ھەموو ئەو سەختیانەی ڕوو دەدەن بەم ھەموو قەیرانانەی ڕووی کردووەتە ھەموو لایەک، دەرفەتی گەورە لە بەردەم کورددا ھەیە. لەناو تەلار و کۆشکەکانەوە ھیوا بڕاویی زۆر ھەبێ. لەناو زیندان و لەناو ڕەوەندی کوردستانی ئاوارەوە ھیوای گەورە بەدی دەکرێت.
|